رۆژنامەی ھەولێر

لە خولی ئەستێرەکانی عێراق دۆخی یانە کوردستانییەکان ناجێگیرە

ئەسعەد ئیسماعیل – هە‌ولێر

 

گەڕی دوازدەیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق بۆ بەشێک لە یانە کوردستانییەکان خەمناک بوو، یانەی هەولێر بە هۆی یەکسانبوونەکەی لە نێو یاریگەی خۆی بەرامبەر گازی باکوور فشارێکی زۆر کەوتە سەر لوئەی سەڵاح و یاریزانانی قەڵای زەرد، یانەی دهۆکیش لەگەڵ سلێمان رەمەزان تووشی یەکەمین شکست بوو.

نوێنەرەکەی کەرکووک هەولێری شۆک
لە شاری هەولێر و لەسەر یاریگای فرانسۆ هەریری هەولێر پێشوازی لە یانەی گازی باکوور کرد.
ئیبراهیم بایش لە خولەکی27 گۆڵی پێشکەوتنی بە لێدانی سزا بۆ هەولێر تۆمارکرد و لەسەر شێوازی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاهەنگی گێڕا، بەڵام خۆشیی زەردپۆشەکان زۆری نەخایاند و لە خولەکی 32 یوسف محەممەد بەرگریکاری گازی باکوور گۆڵی یەکسانبوونی تۆمار کرد ئەمەش دووەمین گۆڵی ئەو یاریزانە سوورییە بوو لەم وەرزە، دواجار یارییەکە بە گۆڵێک بۆ هەرلایەکیان کۆتایی هات، ئەنجامەکە بۆ گازی باکوور تامی سەرکەوتنی دەدا، بۆ هەولێریش وەکو نۆشینی تاڵاوی شکست بە ئازار بوو.

لە گەڕی دوانزەیەمی خولی ئەستێرەکانی
عێراقدا، یانەیگەرەمە لە دوایین خولەکدا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە یانەیدهۆکی بردەوە و پێگەی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندیبەهێزترکرد، یانەی هەولێریش لەنێو یاریگای خۆیدا بە گۆڵێکلەگەڵ گازی باکوور یەکسانبوو.
گازی باکوور نوێنەری شاری کەرکووک کەمترین پارەی لەسەر ئاستی زۆربەی یانەکان خەرج کردووە تەنیا بە 2.2 ملیار دینار تیپەکەی درووست کردووە لە ریزبەندی خولەکە لە پێشەوەی زۆربەی یانە ملیاردێر و گەورەکانی عێراقە. یانەی هەولێر پێنج یارییە لەسەریەک کلیلی سەرکەوتنی ون کردووە و بە 19 خاڵ لە پلەی شەشەم جێگیر بوو، گازی باکووریش بە 15 خاڵ لە پلەی دەیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەبینرێت.

لوئەی سەڵاح هۆکاری ئەنجامە خراپەکانی هەولێر ئاشکرا دەکات
لوئەی سەڵاح راهێنەری یانەی هەولێر دوای یارییەکەی گازی باکوور هۆکاری یەکسانبوونەکەی خستە ئەستۆی یاریزانەکانی.
لەمبارەیەوە لوئەی سەڵاح گوتی: ئێمە لە یارییەکە باڵادەستتر بووین، جگە لە یارییەکەی زاخۆ ئێمە لە یارییەکانی دیکە لە تیپی بەرامبەر باشتر بووین، بەڵام یاریزانەکان دەرفەتەکان دەفەوتێنن، پێنج بۆ شەش دەرفەتمان لەناو ناوچەی سزا هەبوو بەڵام نازانین مامەڵەی لەگەڵ بکەین.
لوئەی سەڵاح گوتیشی: دەستەی کارگێڕی و دەستەی راهێنەران و هاندەران هیچ کەمتەرخەمییەکمان نییە، پێویستە یاریزانەکان جیاوازی دروست بکەن و لەبیریان بێت لە یانەیەکی گەورەی وەکو هەولێر یاریی دەکەن، دەبێت یاریزان جیاوازی دروست بکات، پێویستە تێبگەن پۆشینی درێسی هەولێر مانای چییە.
لوئەی سەڵاح جەختیشی لەوە کردەوە دەبێت لە گواستنەوەی زستانە گۆڕانکاری بکەین و تیپەکە هەندێک کەموکورتی هەیە و چارەسەری دەکەین.

«یاریزانەکان تاوانبارن»
سەرهەنگ موحسین کاپتن و گۆڵپارێزی یانەی هەولێر دوای یارییەکەی گازی باکوور رایگەیاند پێش یارییەکە دەستەی راهێنەران هەڵە و کەموکوڕییەکانی تیپی بەرامبەریان بۆ یاریزانەکان دەستنیشان کردبوو، بەڵام بەداخەوە یاریزانەکان لەناو یاریگا سەرکەوتوو نەبوون.
سەرهەنگ موحسین لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا گوتیشی: متمانەمان بە دەستەی راهێنەران و یاریزانان هەیە تیپەکە بگەڕێننەوە ئاستی راستەقینەی خۆی.

یارییەکانی داهاتوویان
لە گەڕی سێزدەیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق رۆژی یەکشەممەی داهاتوو یانەی هەولێر لە نێو یاریگەی فرەنسۆ هەریری میوانداریی یانەی غەراف دەکات یارییەکەش لە کاتژمێر 4:30ـی ئێوارە دەکرێت.
لە لایەکی دیکەیشەوە رۆژی هەینی داهاتوو گازی باکوور بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی تەڵەبە گەشتی شاری بەغدا دەکات.

هەولێر دەیەوێت زامەکانی بە کازمە سارێژ بکات
هەولێر پێش یاری داهاتووی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق لە چامپیۆنزلیگی کەنداو لە نێو یاریگەی فرەنسۆ هەریری میوانداریی کازمەی کوێتی دەکات.
دوای ئەوەی یانەی ئیتیفاق بڕیاری دا بە هۆی نائارامی وڵاتەکەی بۆ یارییەکەی هەولێر گەشتی هەرێمی کوردستان نەکات، یانە سعوودیەکە داوای دواخرانی یارییەکەی کرد بوو، بەڵام داوا کارییەکەی رەتکرایەوە و هەولێر بۆ یارییەکە هاتە نێو یاریگە و بە براوە هەژمار کرا.
هەولێر لە گەڕی سێیەمی چامپیۆنزلیگی کەنداو رۆژی سێشەممە لە کاتژمێر 7:00ـی ئێوارە میوانداریی کازمەی کوێتی دەکات، هەولێر بە بردنەوە لەم یارییە تاڕادەیەک لە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە نزیک دەبێتەوە.
خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداوی ئەم وەرزە بۆ یەکەمجارە بە بەشداریی 12 یانەی کەنداو بەڕێوە دەچێت و دابەشکراون بەسەر 3 کۆمەڵەدا، یانەکانی هەولێر و ئیتیفاق هاوشانی عەجمانی ئیماراتی و کازمیەی کوێتی لە کۆمەڵەی سێیەم یاری دەکەن.

دهۆک شۆک کرا
لە گەڕی دوانزەیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی دهۆک لە نێو یاریگای جۆلان بووە میوانی یانەی گەرەمە، یارییەکە تاوەکو ساتەکانی کۆتایی بەبێ گۆڵ مایەوە، بەڵام لە خولەکی 90 مەروان حەمدی توانی گۆڵی بردنەوە بۆ گەرەمە تۆمار بکات و سێ خاڵی بەنرخ بەیانەکەی ببەخشێت، بەمەش دهۆک بە گۆڵێکی بێوەڵام بەرامبەر گەرمە دۆڕا، بە ئەنجامە یانەی گەرەمە کۆی خاڵەکانی گەیاندە 27 خاڵ و لەپێشەنگی ریزبەندی خولەکەدا مایەوە، یانەی دهۆکیش لە ریزبەندی دەیەمی خولەکە جێگیر بوو.
لە گەڕی سێزدەیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو یانەی دهۆک لە نێو یاریگەی زاخۆ دەبێتە میوانی یانەی مووسڵ، یارییەکەش کاتژمێر 6:30ـی ئێوارە بەڕێوە دەچێت.
لە لایەکی دیکەشەوە لە هەمان رۆژ یانەی زاخۆ لە نێو جەرگەی بەغدا رووبەڕووی یانەی کارەبا دەبێتەوە، یارییەکەش لە کاتژمێر 4:30ـی ئێوارە دەکرێت.

نەورۆز باشترین یانەی کوردستانییە
یانەی نەورۆز بە راهێنەرایەتی وەلی کەریم بە بەراوردی یانە کوردستانییەکان ئاست و ئەنجامەکانی باشترە و شەڕی گەیشتن بە پێشەنگی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکات.
نەورۆز لە گەڕی سێزدەیەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق رۆژی هەینی داهاتوو لە نێو یاریگەی خۆی لە شاری سلێمانی میوانداریی یانەی کەربەلا دەکات، یارییەکەش لە کاتژمێر 4:00ـی ئێوارە دەکرێت.