سلێمان تاشان – هەولێر
لە ساڵی ٢٠١٤ەوە کە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش هێرشی کردە سەر شنگال دۆخی ئەو ناوچەیە تا ئەم ساتە ئاسایی نەبووەتەوە و سەرەڕای ئەوەی کە دەمێکە شنگال ئازاد کراوە و تەنانەت حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال ڕێککەوتنی سیاسییان بە ناوبژیوانی نێودەوڵەتی هەیە کەچی نەک ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە بەڵکوو هەندێک بڕیاری نوێ و یەکلایەنە جێبەجێ کراون کە دژی ڕێککەوتنەکە و لە هەمان کاتدا بەرژەوەندیی پێکهاتەی ئێزدییانە.
ئێزدییەکان و ناوچەکانیان جگە لەو کێشە نوێیانەی لەم ساڵانەی ڕابردوودا بەرۆکیانی گرتبوو کێشەیەکی دیکەی مێژووییان هەیە ئەویش بریتییە لە جێبەجێکردنی مادەی سەد و چلی دەستووری هەمیشەیی عێراق، چونکە تەواوی ئەو ناوچانە بەشێکن لە ناوچەی جێناکۆک و ڕاستتر بڵێن بەشێکن لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کە دەبووایە زۆر زوو چارەنووسیان یەکلایی کرابایەوە.
دوای تاوانی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان بە دەستی داعش و پاشان هەڵمەتەکانی ڕزگارکردنی شنگال لەسەر دەستی پیشمەرگە و ڕووداوەکانی دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ دۆخێکی نوێ لە شنگال هاتە کایەوە و باشترین چارەسەر کە بۆ دۆخی سنوورەکە دانرا ڕێککەوتنێکی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بوو. ڕێککەوتنەکە لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ واژۆکرا بەڵام تا ئەم ساتە زۆربەی بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنە لەلایەن بەغداوە بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ نەکراوە.
یەکێک لە گرنگترین بڕگەکانی ڕێککەوتننامەکە پەیوەست بوو بە پرسی ئەمنیی ئەو ناوچەیە و بە پێی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەر دوو حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دۆسیەی ئەمنیی شنگال دەبێت لە دەستی پۆلیسی ناوخۆییدا بێت، و پیداگیریش کرابوو لەسەر دوورخستنەوەی سەرجەم گرووپە چەکدارەکانی تر بۆ دەرەوەی سنووری شنگال.
هەر لە ڕێککەوتننامەکە کە بە ڕەزامەندیی یۆنامی و هاوپەیمانان کرا باس لەوە کرابوو دەبێت دوو هەزار و پێنج سەد کەس لە خەڵکی خۆجێیی دابمەزرێن بۆ ئەوەی پاراستنی ئاسایشی شارەکە بە ئەستۆ بگرن و سەرجەم هێزە نایاساییەکان لە ناوچەکە دوور بخرێنەوە. دبوایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای نەینەوا دەست بە ئاوەدانکردنەوەی شنگال بکەن، بەڵام لە هیچ کام لەو بڕگانەی ڕێککەوتن جێبەجێ نەکراون و هەر ئەوەش وای کردووە دۆخی شنگال و بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی پارێزگای نەینەوا ناسەقامگیر بێت.
لە ١٣ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٥ شنگال لەسەر دەستی هێزەکانی پێشمەرگە بە فەرماندەیی سەرۆک بارزانی لە دەستی تیرۆریستانی داعش ئازاد کرا، بەڵام دواتر خەڵکی تر خۆیان لەسەر شارەکە کردە خاوەن و چەندین گرووپی سەربازیی حەشدی شەعبی و میلیشیای جیاواز بە ناوچەکەدا بڵاو بوونەوە و ڕێیان لە دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە گرت.
دوای ئەو ماوە درێژە لە جیاتی چاککردنی دۆخی شنگال حکوومەتی عێراق یەکلایەنە خەریکە خراپتری دەکات و دەیەویت دۆخێک بسەپێنێت کە بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندیی خەڵکی ناوچەکە نییە.
پێنجشەممەی ڕابردوو مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای نەینەوای پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی دۆخی شنگال و مافی بڕیاردانی ئێزدییەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا پێداگری لەوە کرد کە هیچ لایەنێک بۆی نییە لەبری ئێزدییەکان بڕیار لە چارەنووسیان بدات.
بەپێی راگەیەندراوەکە کۆمەڵێک کەس و لایەن دەرکەوتوون کە ڕێگە بە خۆیان دەدەن لێدوانی نابەرپرسیارانە و بۆچوونی نابەجێ بە ئاراستەی دژایەتیکردنی پارتی بخەنەڕوو لە کاتێکدا پارتی بەرگریکاری سەرەکیی شنگال و بەرژەوەندیی خوشک و برایانی ئێزدی بووە، ئەمەشی بە ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆی زانیوە و لەو بەرگریکردنەش بەردەوام دەبێت. هەروەها پێداگری لەوە کردبوو کە تەنیا دانیشتووانی شنگال و ئێزدییەکان خۆیان ئەو مافەیان هەیە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان و داهاتوویان بدەن.
هاوکات داوای کردبوو ئەگەر ئەو لایەنانە زۆر خۆیان بەپەرۆشی دۆخی شنگال و ئێزدییەکان دەزانن، با ڕاپرسییەک لەنێو خوشک و برایانی ئێزدی بکرێت و ئێزدییەکان چ بڕیارێکیان دا، دەبێت هەموو لایەک بەڵێنی ئەوە بدەن پابەندی خواست و بڕیاری ئێزدییەکان بن و ڕێز لە ئیرادەیان بگرن.
پێشتریش وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر دۆخی ئێستای شنگال هاتبووە دەنگ و ڕایگەیاندبوو، حكوومەتی عێراق پێچەوانەی ڕێككەوتنی شنگال هەنگاو دەنێ، كە بەسەرپەرشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان واژۆ كراوە.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی دابوو کە بە نیگەرانییەوە چاودێریی ئەو لێکتێگەیشتنانە دەکات کە حکوومەتی فیدراڵ سەبارەت بە دۆخی شنگال، بە شێوەیەکی تاکلایەنە و بەبێ ڕاوێژ لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامیان دەدات. هەر هەنگاوێکی لەم شێوەیە، پێچەوانەی ڕێککەوتننامەی شنگالە کە لە تشرینی یەکەمی٢٠٢٠دا بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کراوە.
بە بۆچوونی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەپاندنی واقیعێکی ئەمنی و کارگێڕیی نەخوازراو لە دەرەوەی دامەزراوە شەرعییەکان، دۆخی دەڤەرەکە ئاڵۆزتر دەکات و پڕۆسەی ئاساییکردنەوە لەبار دەبات. تاکە ڕێگەچارەی دروست، جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتننامەی شنگالە، چونکە تاکە زامنی پێکهێنانی ئیدارەیەکی شەرعی لەلایەن نوێنەرانی ڕاستەقینەی ناوچەکە، دەستپێکردنەوەی ئاوەدانکردنەوە و سەقامگیرکردنی ئاسایشە، کە ئەمانەش مەرجی سەرەکین بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و شکۆمەندانەی سەدان هەزار خوشک و برای ئێزدی بۆ سەر زێدی خۆیان.

