رۆژنامەی ھەولێر

لە کەرکووک ٤٠٠ هەزار دۆنم زەوی جووتیارانی کەرکووک کێشەی لەسەرە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لەبڕی وەرگرتنەوەی ماف و ھێنانەدی دادپەروەری دادگەی کەرکووک سزای دوو ملیۆن دیناری بەسەر نوێنەری جووتیارانی کورد لە سەرگەڕان سەپاند، لە کەرکووک کێشەی ٤٠٠ ھەزار دۆنم زەوی جووتیاران یەکلایی نەکراوەتەوە. ئەنجوومەنی پارێزگاش ھۆشداری دەدات لە دروستبوونی کێشەی زیاتر و بێبەشکردنی جووتیاران لە زەوی و زارەکانیان.

کێشەی زەوی و زاری کورد لە کەرکووک کێشەیەکی دێرینی کشتوکاڵییە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕژێمی بەعس و تەعریب، لەو سەردەمەدا زەویی جووتیارانی کورد و تورکمان لە چەندین ناوچە لێسەندرا و درایە جووتیارانی عەرەبی ھاوردە، ئێستاش لیژنە فەرمییەکان ھەوڵی ھەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە کشتوکاڵییەکان و گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان دەدەن.
سوپای عێراق ھەر وەکو ئەوەی ھیچ ئەرکێکی دیکەی نەبێت شەو و ڕۆژ بە ھەمەڕی سەربازییەوە بەدوای جووتیارانی کوردەوەیە و ناھێڵن تەنانەت بچنە ناو زەوییەکانیش، کێشەکانی زەوی و زار لە سنووری پارێزگای کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق چارە کراوە و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش ھەڵوەشاوەتەوە، بەڵام تا ئێستا لە کەرکووک بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە، سەرەڕای قەدەغەکردن و ڕێگری کردن لە بەکارھێنانی زەوییەکانیان زۆرجار عەرەبە ھاوردەکان بە پاڵپشتی سوپا سکاڵا لە دژی جووتیارانی کورد تۆمار دەکەن و تۆمەتی بێبنەماش دەخرێتە پاڵیان و زۆرجاریش زیندانی دەکرێن، ھەموو ئەمانە لە چوارچێوەی پیلانی تەعریبە، کە لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە لە بەرانبەر جووتیارانی کورد پەیڕەو دەکرێت، پابەند نەبوونی حکوومەتی عێراق بە یاسا و ڕێککەوتنەکان لە ڕابردوو ئەوە یەکێکە لە کێشە گەورەکان، ھەتا گەیشتە پێشێلکاری دەستوور، ٥٥ ماددەی دەستووری بەرانبەر بە ھەرێمی کوردستان پێشێل کراون.
بە ئومێدی بەدەستھێنانی ماف و بەدیھاتنی دادپەروەری چووە دادگە بە سزای غەڕامەکردنی دوو ملیۆن دینار گەڕایەوە، بەپێی بڕیارەکانیش ئەگەر پێبژاردنەکە نەدات، ڕووبەڕووی زیندانیکردن دەبێتەوە. محەممەدەمین، نوێنەری جووتیارانی کورد لە سەرگەڕان لەسەر دوو کەیسی جیاواز لەلایەن فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنەکانی کەرکووک و سەربازێکەوە سزا درا. جووتیارەکە، دەڵێت: ئەو بڕیارەم پێ بڕیارێکی دادپەروەر نییە، بۆیە لە دادگەی تەمیز تانەی لێ دەدەم و دەمەوێت لە ئاستێکی باڵاتر مافەکانی خۆم وەربگرمەوە.
محەممەدئەمین، نوێنەری جووتیارانی کورد لە سەرگەڕان، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: دادگە لەسەر سکاڵای سەربازەکە و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان سزای دام، ئەمەش لە کاتێکدایە کە من وەک لایەنی مەزڵووم دوو سکاڵای یاساییم لە دژیان تۆمار کردبوو، بەڵام دادگە سکاڵاکانی منی سڕ کردووە، بەبێ ئەوەی لایەنی دووەم جارێک لەبەردەم دادگە ئامادە بن، ئەمەش وای کردبوو دادوەر چەندین جار دانیشتنەکان دوا بخات.
ڕۆژی ١٧ی شوباتی ٢٠٢٥، لە گوندی شەناخە، محەممەدئەمین لەسەر تراکتۆرەکەی سەرقاڵی کاری کشتوکاڵی بوو، لەو کاتەدا ھێزێکی سوپای عێراق ڕێگرییان لێ کرد و سەربازێک بەشێوەیەکی نەشیاو بە ملپێچەکەی ڕایکێشا و سووکایەتی پێ کرد. پارێزەری کەیسەکە، ئاشکرای کرد: دوای ئەوەی ڤیدیۆیەکەمان پیشانی دادوەردا زۆر بەوردی سەیری کرد دواتر دادوەری گشتییش تەماشای ڤیدیۆیەکەی کرد، کە ھەندێک وەزارەت ھەیە سکاڵا دەکات ناتوانی ڕەت بکەیتەوە ئەوە ھۆکاری سزادانی جووتیارەکە بوو، بەڵام ئێمە لە بەدواداچوون و وەرگرتنی مافی جووتیارەکە بەردەوام دەبین.
کێشەی زەوی و زاری کەرکووک تا ئێستا بە ھەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش ھۆشداری دەدات ئەگەر ئەم پرسە چارە نەکرێت، مەترسی بۆ سەر جووتیارانی دیکەش دروست دەکات. ئەم کێشانە ئەنجامی چەند ساڵێکە، زیاتر لە ٥٠ ساڵە دەست بەسەر زەوی و زاری جووتیارانی کورددا گیراوە، ئێستاش فەوجێکی پۆلیس دانراوە بۆ ئەوەی ئیدارەدانی ئەو مەلەفە بکرێت و سەربازی لێ دوور بخرێتەوە.
کێشەی زیاتر لە ٤٠٠ ھەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە سنووری پارێزگای کەرکووک تا ئێستا بە چارەنەکراوی ماوەتەوە تا ئەو کاتەی کە ماددەی ١٤٠ و پرسی خاوەنداریەتی ئەم سەدان ھەزار دۆنم زەوییە بە یەکجاری چارە نەکرێت، دادگەکان ناتوانن خاڵی کۆتایی بۆ ئەم ململانێیە مێژوویە دابنێن.
ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی قیادەی سەورە یەکێک بوو لە داخوازییەکانی جووتیاران، پێداگری جووتیارانی کورد لە مانەوەیان لەسەر زەوییەکانیان لە سنووری ماددەی ١٤٠ خاڵی بەھێزی پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی تەعریبە، ماددەکە سێ قۆناغە یەکەم قەرەبووکردنەوە، پاشان ئاساییکردنەوە و دواتر سەرژمێری، بریار بوو تا کۆتایی ساڵی٢٠٠٧ ھەرسێ قۆناغەکە جێبەجێ کرابانە، بەڵام تا ئێستا ٢٠%ـی قۆناغی یەکەمی ماددەکە جێبەجێ نەکراوە. حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: ماددەی ١٤٠ ماددەیەکی دەستوورییە، چۆن لە ڕابردوو ھەوڵمان داوە ئەو ماددەیە جێبەجێ بکرێت، لە داھاتووشدا داکۆکی تەواو لە جێبەجێکردنی ئەو ماددە زیندووە دەکەینەوە بۆ چارەکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، چونکە تاکو ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکرێت، ئەمن و ئەمان لەو ناوچانە پەیدا نابێت، بۆیە کلیلی دروستبوونی ئەمن و ئەمان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان تەنیا جێبەجێ کردنی ماددەی ١٤٠ـە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، گوتیشی: وەکو فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پشتگیری لە مافی جووتیاران دەکەین، بەردەوام لەسەر خەتین بۆ ئەوەی کێشەی زەوی و زاری جووتیاران چارە بێت، چونکە خۆیان خاوەن ماڵن، ھەر دەبێت بە مافەکانی خۆیان بگەنەوە، بۆیە پشتگیری لە جووتیارەکانی خۆمان دەکەین جا لە ھەر شوێنێک بن، بۆ ئەوەی چی دیکە زوڵم و زۆریان بەرانبەر نەکرێت.