رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ بەڵگە فیلمی ٥٢ ڕۆژ نمایش دەکرێت

شیڤان شێرزاد – هەولێر

بڕیارە کاتژمێر ٦ـی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٦ی ئابی ٢٠٢٦، لەلایەن تۆڕی میدیایی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەریوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێربەڵگە فیلمی “٥٢ ڕۆژ” لە ئیمپایەر سینەمای هەولێر نمایش بکرێت.

چیرۆکی ئەو بەرهەمە باس لە ڕووداوە ڕاستەقینەکانی داستانی مێژوویی خواکورک دەکات و کرمانج مستەفا ڕەئووف کاری دەرهێنانی بە هاوکاری نینۆس نەمرود، کە خاوەنی بیرۆکەکەیە کردووە.
ئەو فیلمە تیشک دەخاتە سەر یەکێک لە قۆناغە هەرە سەخت و پڕ بایەخەکانی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، کە تێیدا هەوڵ دراوە لایەنە جیاوازەکانی ئەو ململانێیە بە شێوازێکی سینەمایی نوێ بەرجەستە بکرێن.
کرمانج مستەفا ڕەئوف دەرهێنەری ئەو بەڵگە فیلمە لە ئاخاوتنێکی بۆ “هەولێر” گوتێ: سیناریۆی فیلمەکەم لەلایەن کامل فەخرەدینەوە ئامادە کراوە و مستەفا حەمەد ئەمین کاری نووسەری فیلمەکەیە و یوسف عوسمانیش وەک ئەکتەری سەرەکی ڕۆڵ دەگێڕێت.
گوتیشی: لەم فیلمەدا تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد (AI) لەلایەن وەرین نەجات جێبەجێکراوە، ئەمەش هەنگاوێکی نوێیە لە سینەمای کوردیدا بۆ بازسازی کردنی ڕووداوە مێژووییەکان.
نمایشکردنی ئەم فیلمە لەلایەن تۆڕی میدیایی کوردستان (KMN)، هەوڵێکە بۆ زیندووکردنەوەی ئەو مێژووە و گواستنەوەی قارەمانییەتییەکانی ڕابردوو بۆ نەوەی نوێ لە ڕێگەی هونەرەوە، کە تێیدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام هانی پەرەپێدانی کەرتی سینەما دەدات بۆ دۆکۆمێنتکردنی مێژووی نیشتمانی.