دوای ئەوەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی مزگەوتی گەورەی بارزانی دانا، کاركردن لە پرۆژەی مزگهوتهكه دەستی پێکرد .
بەیانی ئەمڕۆ 26.8.2026، دكتۆر پشتیوان سادق وهزیری ئهوقاف و كاروباری ئاینی بەیاوەری ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەردانی شوێنی پرۆژەکەیان کرد و قۆناغەکانی جێبەجێکردنی کارەکانیان بەسەرکردەوە. هەروەها لەگەڵ ئەندازیار گۆران رهشید گفتوگۆیان لەسەر ڕەوتی بەڕێوەچوونی کارەکانی پرۆژەکە کرد.
بیرۆکەی نەخشە و دیزاینی مزگەوتی گەورەی بارزانی لەسەر بنەمای ڕەشماڵی کوردی داڕێژراوە؛ بە شێوەیەک کە نەخش و نیگاری کوردی زیندوو دەکاتەوە و لەگەڵ شێوازی تەلارسازی کوردی بە شێوەیەکی ئەندازەیی و سەردەمیانە تێکەڵ دەکرێت.
پرۆژەکە تەنها بە مزگەوتەکە سنووردار نابێت، بەڵکو کۆمەڵێک بەشی خزمەتگوزاری و شوێنی پەیوەندیدار بە بۆنە ئایینییەکان، خوێندن و فێربوون، چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان و خزمەتکردنی هاووڵاتیان لەخۆ دەگرێت. لە تەنیشت مزگەوتەکەش پارکێکی گەورە، شوێنی سەوز و دەریاچەیەکی دەستکرد دروست دەکرێت.
یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرنجڕاکێشەکانی پرۆژەکە، ئەوەیە کە مێژووی پڕ لە خەباتی بارزانی نەمر بە شێوەیەکی ورد لە دیزاین و تەلارسازیی مزگەوتەکەدا ڕەنگ دەداتەوە. بۆ نموونە، بەرزی منارەکانی مزگەوت لە ژمارەی ٧٦ ساڵی تەمەنی بارزانی نەمر وەرگیراوە و بەرزییان بە ٧٦ مەتر دیاریکراوە.
هەروەها بوونی چوار منارە، بە ئاماژەیەک بۆ ناساندنی مێژوو و تەلارسازیی کوردی بە هەر چوار ئاراستەی جیهان، بەشێکە لە واتا و ڕەمزەکانی دیزاینی پرۆژەکە؛ هەر وەک بارزانی نەمر کە ناسنامە و مێژووی گەلی کوردی بە جیهان ناساند.
دیزاینی مزگەوتەکە بە دەستی دیزاینەر و ئەندازیارانی کورد ئەنجام دراوە و جێبەجێکردنی پرۆژەکەش بە توانای خۆماڵی بەڕێوە دەچێت.
بەپێی زانیارییەکانی پرۆژەکە، مزگەوتی گەورەی بارزانی بە ڕووبەرێکی زیاتر لە ٢ ملیۆن مەتر دووجا دادەنرێت و لە تەنیشتیدا پارکێک دروست دەکرێت کە زیاتر لە ١ ملیۆن دار، درەخت، گوڵ و گوڵزار لەخۆ دەگرێت. هەروەها دروستکردنی گەورەترین تاڤگەی دەستکرد لەگەڵ دەریاچەیەکی دەستکرد، ئەم شوێنە دەکاتە ناوچەیەکی سروشتی و گەشتیاریی تایبەت، کە دەتوانێت بەشێک لە پێکهاتەی ژینگەیی و کەشوهەوای شاری هەولێر بگۆڕێت.
مزگەوتەکە لە یەکێک لە شوێنە گرنگ و گونجاوەکانی شاری هەولێر دروست دەکرێت و چاوەڕوان دەکرێت ببێتە شوێنێکی ئایینی، کەلتووری، کۆمەڵایەتی و گەشتیاریی دیار لە شارەکە.
پێشتر، ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە وتارێکی خۆیدا لە کاتی دانانی بەردی بناغەی مزگەوتەکە، جەختی لەوە کردبووەوە کە بیرۆکەی دروستکردنی ئەم مزگەوتە لە هەستکردن بە پێویستی هەولێر و کوردستان بە هێمایەکی ئایینی و نیشتیمانییەوە سەرچاوەی گرتووە؛ هێمایەک کە خوداناسی، مرۆڤدۆستی، دادپەروەری و مێژووی خەبات و بەرخۆدانی گەلەکەمان بنوێنێت.

