رۆژنامەی ھەولێر

کابینەی نۆیەم کۆتایی بە هەموو ئەو قەیران و گلەیی و گازندانە هێنا

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

لە هاوینی ساڵانی ڕابردوو یەکێک لە گەورەترین ئەو کێشانەی لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام باس دەکرا و سەردێڕی هەوالەکان بوو، پرسی کەمیی ئاوی خواردنەوە یان، پچڕانی ئاو و گرانبوونی تانکەری ئاوی خواردنەوە بوو. خەڵکی هەندێک گەڕەکی هەولێر بیرەکانیان وشکی کردبوو یان ئەو ئاوەش کە لە بیرەکان هەڵدەهێنجرا بەشی پێداویستییەکانی گەڕەکەکەی نەدەکرد، پەرەسەندنی ژمارەی دانیشتووان و فراوانتربوونی گەڕەکەکانی هەولێر هۆکار بووە لەوەی ئاوەکە بەشی دانیشتووان نەکا و ئاوی بەردەوام ببووە خەونی ئەو خەڵکە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی ستراتیژی لە هەولێری پایتەخت کۆتایی بە هەموو ئەو قەیران و گلەیی و گازندانە هێنا، ئێستا وەک دەبینرێت وەرزی هاوینە و هیچ کەسێک باسی ئاو ناکات و لە لاپەڕەی هیچ ڕۆژنامەیەکیش باسی قەیرانی ئاوی خواردنەوە ناکرێت، خەڵک ٢٤ کاتژمێر ئاوی پاک و سازگاریان هەیە و دۆسیەی ئەو پرسە تا چارەگە سەدەیەکی دیکە داخراوە.
لە هەشتی ئابی ٢٠٢٤ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی ستراتیجیی دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی هەولێری دانا پڕۆژەکە، پێداویستیی ئاوی یەک ملیۆن و پێنجسەد هەزار کەس دابین دەکرد و جێبەجێکردنەکەی بەسەر سێ قۆناغدا دابەش کرا قۆناغی یەکەم وەرگرتنی ئاو بە توانای بیست هەزار مەتر سێجا لە هەر سەعاتێکدا لە ڕووباری زێی گەورەیە و ئاوەکە بۆ پڕۆژە سەرەکییەکە دەگوازرێتەوە، دووەم بریتی بوو لە پاککردنەوە و پاڵاوتنی ئاو بە چەند قۆناغێکی جیاواز بە پشتبەستن بە نوێترین و پێشکەوتووترین ستانداردەکانی جیهان و لە بیست کۆگاوە ئەو ئاوە پاڵاوتنی بۆ دەکرێت و لە قۆناغی سێیەمدا ئاوەکە دەگوازرێتەوە بۆ کۆگای سەرەکی کە توانای گلدانەوەی سەد هەزار مەترسێجا ئاوی هەیە و دواتر بۆ کۆمەڵێک کۆگای تر دەگوازرێتەوە و بە درێژیی پێنجسەد کیلۆمەتر هێڵی ئاو ڕادەکێشرێت و ڕووماڵی پێداویستی ئاوی هەولێر دەکات.
بەشێکی پڕۆژەکە لە هاوینی ڕابردوو ژمارەیەک لە گەڕەکەکانی هەولێری لە کێشەی ئاو ڕزگار کرد و لە کۆتایی ساڵەکەش پڕۆژکە بە تەواوی جێبەجێ کرا و ئێستا خزمەتی دانیشتووانی هەولێری پایتەخت دەکات.
پڕۆژەکە زۆرئاڵۆز و پڕ زەحمەت بوو بەڵام دەستی بەهێزی کۆمپانیای ناوخۆیی توانی بەسەریدا زاڵ ببێت، لە هەندێک شوێن تیمەکان ناچار بوون بە ژێر پرد و بەربەستەکاندا تونێل لێ بدەن بۆ ئەوەی بتوانن لوولەکان بە یەکتری گرێ بدەن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لەم کابینەیەدا گرنگییەکی زۆر تایبەتی بە پڕۆژەکانی پەیوەندیدار بە ئاوی خواردنەوە و گلدانەوەی ئاو داوە و دەیان پڕۆژەی گرنگی لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان جێبەجێ کردووە کە ژمارەیەک لەو پڕۆژانە ستراتیژین.
پڕۆژەکانی ئاو کە بەشێکیان تەواو بوون و بەشێکی دیکە بە ڕێژەی جیاواز جێبەجێ کراون ئەگەر تەواو بکرێن ڕۆژانە بەیەکەوە دەتوانن ملیۆنێک و سەد و نەوەد و حەوت هەزار مەتر سێجا ئاو بپاڵێون.
جێبەجێکردنی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر لە گرنگترین ئەو پڕۆژانە بوو کە بە گوژمەی حەوتسەد و بیست ملیار دینار جێبەجێ کرا، بەهۆی پڕۆژەکە چوارسەد و هەشتا هەزار مەتر سێجا ڕۆژانە ئاوی پاک بەرهەم دەهێنرێت و بەسەر گەڕەکەکانی هەولێر و دەوروبەریدا دابەش دەکرێت.
دووەم گەورەترین پڕۆژەی پەیوەست بە ئاو بریتییە لە پڕۆژەی ئاوی دووکان-سلێمانی کە لە جێبەجێکردندایە و ئەگەر تەواو بێت توانای گلدانەوەی دووسەد و چل هەزار مەتر سێجا ئاوی دەبێت. ئەم پڕۆژەیە بە گوژمەی پێنجسەد و پەنجا و یەک ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت.
پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە بە توانای ڕۆژانە پاڵاوتنی حەفتا و دوو هەزار مەتر سێجا پڕۆژەیەکی دیکەیە کە جێبەجێ کراوە و دووسەد و بیست و دوو ملیار دینار بودجەی پێویست بووە . یەکێکی دیکە لەو پڕۆژانە بریتییە لە پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە- چەمچەماڵ کە توانای بەرهەمهێنانی شەست هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە و بە گوژمەی سەد و یەک ملیار دینار لە جێبەجێکردندایە و تا ئێستا لەسەدا سی و حەوتی پڕۆژەکە جێبەجێ کراوە.
پڕۆژەی ئاوی فایدە-دهۆک بە توانای بەرهەمهینانی ڕۆژانە حەفتا و دوو هەزار مەتر سێجا پڕۆژەیەکی دیکەی حکوومەتە کە بە گوژمەی پەنجا ملیار دینار دینار جێبەجێ کراوە.
پڕۆژەی ئاوی ئاکرێ بە توانای حەفتا و دوو هەزار مەتر سێجا بە گوژمەی چل و یەک ملیار دینار نزیکەی لەسەدا شەست و حەوتی جێبەجێ کراوە، پڕۆژەی ئاوی ڕانیە-چوارقورنە-حاجیاوا بە هەمان توانای بەرهەمهێنانی ئاو و گوژمەی نزیکەی سی و حەوت ملیار دینار لەسەدا حەفتای لێ جێبەجێ کراوە. هەروەها پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخانیش بە توانای ڕۆژانە بەرهەمهێنانی بیست و چوار هەزار مەتر سێجا و بودجەی بیست و پێنج ملیار دینار سەدا حەفتا و پێنجی جێبەجێ کراوە و هەوڵ دەدرێت ئەمساڵ بەشەکەی دیکەی تەواو بکرێت.
پڕۆژەیەکی دیکە بریتییە لە پڕۆژەی ئاوی بەردەڕەش کە گوژمەکەی چوارسەد و بیست و هەشت ملیار دینارە و تەنیا لەسەدا دەی جێبەجێ کراوە و ئەگەر تەواوی بکرێت توانای پاڵاوتنی ڕۆژانە حەفتا و دوو هەزار مەتر سێجا ئاوی دەبێت.
گرنگترین جێگرەوە بۆ ئاوی ژێر زەوی بەکاربردنی ئاوی سەرزەوییە بۆ مەبەستی خواردنەوە و کشتوکاڵ و بوارەکانی تری وەک پیشەسازی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوی هەستی بەو مەترسییە کردووە کە بۆ سەر کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی دروست بووە و بۆیەش ئەو هەنگاوانەی ناوە و بەهۆیەوە سەدان بیر دادەخرێن و ئاوی ژێر زەوی وەک سامانێکی نیشتمانی بۆ نەوەکانی داهاتوو پاشەکەوت دەکرێت.