لە ناحیەی خانکێ، بە درێژایی ٣ کیلۆمەتر شۆستە و ڕێگەوبانەکانی ناوخۆ چاککراون، سەرۆکی شارەوانی سنوورەکەش، دەڵێت: بەردەوام دەبن لەسەر گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بە خەڵکی ناوچەکە، کە لە چوار ساڵی ڕابردوودا بەگوژمەی ١٤ ملیار دینار پڕۆژە جێبەجێ کراون.
خانکێ پاش ئەوەی بووە ناحیە سیمایەکی جوانتری بەخۆیەوە بینیوە و ڕۆژبەڕۆژیش پێشکەوتن لەو ناحیە بەدی دەکرێت، لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا حکوومەتی ھەرێم بە گوژمەی زیاتر لە ١٤ ملیار دینار پڕۆژەی لەو سنوورە جێبەجێ کردووە، پڕۆژەکان ھەموو کەرتەکان لە خۆ دەگرێت، ئەوەش بۆتە جێگەی دڵخۆشی ھاووڵاتییانی سنوورەکە.
حەسەن محەممەد، سەرۆکی شارەوانی خانکێ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: سێ کیلۆمەتر ڕێگەی گشتی و ناوخۆیەکانی خانکێ چاککراون، ئەوەش پڕۆژەیەکی زۆر گرنگ بوو، لە ھەمان کاتدا سیمایەکی زۆر جوان بە شارەکە دەبەخشێت.
سەرۆکی شارەوانی خانکێ، دەشڵێ: لە ڕابردوودا ١٤ ڕێگەی ناوخۆیی چاککراون، لە داھاتوویەکی نزیکدا چەند پڕۆژەیەکی دیکەش جێبەجێ دەکرێن، ھەموو ئەو پڕۆژانەش لە خزمەت ھاووڵاتییاندا دەبن.

