رۆژنامەی ھەولێر

تێچووی مانگانە لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان ١٧ ملیۆن و ٤١٥ هەزار و ٩٠ دۆلارە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەپێی دوایین ئامار ھێشتا ٨٥٦٨٣١ ئاوارە و پەنابەر لە ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن، کە دەکاتە ١٩٨٩٦٠ خێزان. ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێم، بڵاوی کردەوە، تەنیا لە مانگی سێ ١٦٤٤ پەنابەر لەبەر دۆخی ئەمنی و نەبوونی خزمەتگوزاری لە شوێنەکانیان گەڕاونەتەوە ھەرێمی کوردستان.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم شەو و ڕۆژی کردووەتە یەک و بەردەوام ھاوکاری پەنابەر و ئاوارەکان دەکات، بەگوتەی بەرپرسانی ئەو دەزگایە، ئەرکی دەزگای خێرخوازیی بارزانییە کە ھاوکاری لێقەوماوان بکات و ڕۆڵێکی بەرچاوی بینیوە و خۆی بە خاوەنی ئەو خەڵکەی زانیوە و بەردەوام ھاوکاری ئەو خەڵکەی کردووە کە پێویستیان پێ بووە.

ئاماری گشتی و ناسنامەی ئاوارە و پەنابەران
بەپێی ئامارەکانی ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ٥٧٣٤١٣ ئاوارە لە ھەرێمی کوردستان ماون، کە دەکاتە ١١٥٥٠٣ خێزان، ئەوەی تایبەت بێت بە پەنابەرانیش ٢٨٣٤١٨ پەنابەر، کە دەکاتە ٨٣٤٥٧ خێزان، زۆرینەی پەنابەرانی بیانی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریان کە ژمارەیان ٢٦٥١٢ کەسە، دوای ئەوان پەنابەری خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران دێن کە ژمارەیان ٨٨٩٧ کەس دەبن، ئینجا پەنابەری خەڵکی باکووری کوردستان و تورکیا کە ژمارەیان ٧٢٥٨ کەس، ھەروەھا ١٠١٨ پەنابەری فەڵەستینی و ١٢٣٣ پەنابەری وڵاتانی دیکە لە ھەرێمی کوردستان ھەن.

دابەشبوون بە گوێرەی پارێزگاکان
ئەو ئاوارە و پەنابەرانە دابەشبوونە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، پارێزگای دھۆک لە میوانداریکردنی ئاوارە و پەنابەران پلەی یەکەمی گرتووە، دواتر ھەولێر و سلێمانی، لە دھۆک ٣٨١٩٩ کەس، کە دەکاتە ٤٥%ـی کۆی گشتی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی کە لە ھەرێمی کوردستان دەژین، پارێزگاری ھەولێر بە پلەی دووەم دێت کە ٣٤٠١٦٥ کەس کە دەکاتە ٣٩%، لە پارێزگای سلێمانی ١٣٥٥٦٧ کەس کە دەکاتە ١٦%ـی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی کە لە ھەرێمی کوردستان دەژین.

ئاماری کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکان
ڕاپۆرتەکە بە وردی چۆنیەتیی نیشتەجێبوونی ئاوارە و پەنابەرانی لەنێو ٢٧ کەمپی ھەرێمی کوردستان دیاریکردووە، ١٠١٥٣٣ ئاوارە کە دەکاتە ٢١١٢٧ خێزان لە کەمپەکان دەژین، ٤٧١٨٨٠ کەس دەکاتە ٩٤٣٧٦ خێزان لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین، ئەوەی تایبەت بێت بە پەنابەرانی ڕۆژئاوای کوردستان ٩١٩٦٨ کەس کە دەکاتە ٢٠٣٩١ خێزان لەناو کەمپەکان دەژین، ١٧٣٤٤ کەس کە دەکاتە ٣٤٦٠٨ خێزان لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین.

ھەرێمی کوردستان ٢٧ کەمپی چالاکی ھەیە
لە ھەرێمی کوردستان ٢٧ کەمپ ھەن کە ئاوارە و پەنابەر تێدا دەژین، لە پارێزگای دھۆک ١٧ کەمپ ھەیە کە ١٣ کەمپی ئاوارە و ٤ کەمپی پەنابەران، گرنگترین کەمپەکان بریتین لە “بەرەسف، دەرکار، چەم شکو، کەبەرتوو، باجێت کەنداڵ، خانکێ، روانگە قەندیل، شاریا، مەمیلان،دادوییە، ئیسیان، مام رەشان، شێخان، دۆمیز ١ و ٢، گەویلان”، لە پارێزگای ھەولێر ٩ کەمپ ھەیە ٥ کەمپی ئاوارە “حەسەن شام U٢ و U٣، خازر M١، دیبەگە، بەحرکە و ٤ کەمپی پەنابەران “قوشتەپە، کەورگۆسک، دارە شەکران، باسرمە”، ئەوەی تایبەتیش بێت بە پارێزگاری سلێمانی تەنیا کەمپی “عەربەت” ھەیە کە ئەویش تایبەتە بە پەنابەران.

١٦٤٤ پەنابەری نوێ گەڕاونەتەوە ھەرێمی کوردستان
بەشێکی زۆری ئەو ئاوارانەی عێراق لە ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان و کەمپەکانیدا دەژین و ھێشتا متمانەیان نییە بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ببووە مەیدانی جەنگ و حکوومەتی عێراقیش ھێشتا نەیتوانیووە ناوچەکانیان ئاوەدان بکاتەوە و مەترسییەکانیان بڕەوێنێتەوە، ئەوەی تایبەت بێت بە ھاتنی پەنابەری نوێ بۆ ھەرێمی کوردستان، تەنیا لە مانگی ئاداری ئەمساڵ ١٦٤٤ پەنابەری نوێ ھاتوونەتە کوردستان و لە بەرامبەردا ٦٨٢ کەس گەڕاونەتەوە، ئەوەی تایبەت بێت بە ئاوارەکان، ھیچ ئاوارەیەکی نوێ نەھاتووە، بەڵام ٢٤٢ کەس گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

تێچووی دارایی و پێداویستییەکان
لەڕووی داراییەوە حکوومەتی عێراق ھیچ ھاوکاری ئاوارە و پەنابەران ناکات کە لە ھەرێمی کوردستان نیشتەجێن، بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی سەرەتایی بۆ ئاوارە و پەنابەران، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تێچوونی ڕۆژانەی ٥٨٠٥٠٣ دۆلارە، تێچووی مانگانە ١٧ ملیۆن و ٤١٥ ھەزار و ٩٠ دۆلارە، تێچووی ساڵانە، ٢٠٨ ملیۆن و ٩٨١ ھەزار و ٨٠ دۆلار دەکات.

لیستی وردی داتاکان بەگوێرەی پارێزگاکان
کۆی گشتیی ئاوارە و پەنابەران، ٨٥٦٨٣١ کەس دەبن، ١٨٣١ کەس، ژمارەی ئاوارە لە دھۆک ٢٨٨٨٧٣ کەس، ژمارەی ئاوارە لە ھەولێر ١٨٨٩٧٠ کەس، ژمارەی ئاوارە لە سلێمانی ٩٥٥٧٠ کەس، ژمارەی پەنابەرانی سووری لە ھەولێر ١٤٢٨٣٧ کەس، ژمارەی پەنابەرانی سووری لە دھۆک ٨٦٤٩٢ کەس، ژمارەی پەنابەرانی سووری لە سلێمانی ٣٥٦٨٣ کەس دەبن.