رۆژنامەی ھەولێر

لەوەتەی گەرووی هورمز داخراوە عێراق زیاتر لە ٨٠ ٪ی داهاتی نەوتی لەدەستداوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئەو پڕۆژانەی ئێستا بەغدا دەستی بۆیان بردووە و لە پلانیدایە جێبەجێیان بکات ئەگەر لە ساڵانی ڕابردوودا کە بودجەیەکی زۆری لەبەردەستدابوو جێبەجێی کردبا ئەوا ئەمڕۆ بەرهەمەکەی بە دوو هێندە دەچنیەوە، لە لایەک حەوجێی داخرانی هورمز نەدەبوو و لە لایەکی دیکە بە نرخێکی زۆر گرانتر نەوتەکەی ساغ دەکردەوە و داهاتی عێراق بەرز دەبووەوە و دەبووە هۆی بەهێزکردنی ژێرخانی ئاوەدانکردنەوە و باشترکردنی بژێویی خەڵک.

لەوەتەی گەرووی هورمز داخراوە عێراق زیاتر لە ٨٠ لەسەدی داهاتی نەوتی لەدەست داوە و ئەوڕێڕەوانەش کە نەوتی عێراق دەگەیەننە بازاڕەکانی جیهان زۆربەیان تێکچوون، تەنیا هێڵی نەوتی کوردستان- جەیهان چالاکە کە نەوتەکەی لێیەوە هەناردە دەکرێت و بەشێک لەو زیانانە قەرەبوو دەکاتەوە، بەڵام کێشە لەوەدایە زۆربەی نەوتی عێراق لە باشوور بەرهەم دەهێنرێت و هیچ ژێرخانێکی گواستنەوەی نەوتەکە بۆ سنوورەکانی دیکەی عێراق نییە تا تەواوی نەوتەکەی لێیەوە هەناردە بکرێت.
لە ماوەی چەند هەفتەیڕابردوودا حکوومەتی عێراق بە تانکەر هەوڵی داوە نەوت لە بەسرە بۆ کەرکووک بگوازێتەوە و لەوێوە تێکەڵ بە نەوتی کوردستانی بکات و بەرەو جەیهانڕەوانەی بکات، لەگەڵ ئەمەداڕۆژانە ژمارەیەک تانکەریش نەوتی عێراق لەڕێی وشکانی دەگەیەننە بەندەری بانیاس لە سووریا.
لە ماوەی بیست و سێ ساڵیڕابردوودا پارەیەکی زۆر کەوتووەتە دەستی حکوومەتی عێراق بەڵام هیچ کاتێک بیری لە پڕۆژەی ستراتیجی و دۆزینەوەی ئەلترناتیڤی گواستنەوەی نەوت نەکردووەتەوە و هیچ کاتێکیش مەترسیی داخرانی هورمزی بە هەند وەرنەگرتووە.
وەزارەتی نەوتی عێراق تازە بەتازە ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەی بۆری نەوتی بەسرە ـ حەدیسە جێبەجێ دەکات کە درێژییەکەی حەوتسەد کیلۆمەترە. پڕۆژەکە لە بەسرەوە درێژ دەبێتەوە بۆ حەدیسە لە پارێزگای ئەنبار و پاشان بە سەر سێ ئاراستەی جەیهان لە تورکیا، بانیاس لە سووریا و عەقبە لە ئوردن دابەش دەبێت.وەزارەتی نەوتڕوونیکردەوە، بڕی یەک ملیار و پێنجسەد ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەکە تەرخان کراوە و کارکردن تێیدا دەستی پێکردووە.
ئەم بودجەیە لە کاتێکدا تەرخان دەکرێت کە هەر خۆی عێراق بەدەستی کەمیی بودجەوە دەناڵێنێت و بەگوێرەی پێشبینییەکان لە مانگی داهاتووەوە کاریگەرییەکانی داخرانی گەرووی هورمز زیاتر لەڕابردوو لەسەر عێراق دەردەکەوێت، چونکە تا ئەم ساتەش عێراق داهاتی ئەو نەوتەی بەدەست دەگات کە لە مانگەکانی بەر لە جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا هەناردەی کردبوو.
سعوودیە یەکێک لە گرنگترین وڵاتانی کەنداوە کە پلان و پڕۆژەکانیڕابردووی، ئەمڕۆ بە فریای کەوتوون. سعوودیەش هاوشێوەی عێراق نەوتەکەی لە هورمزەوە هەناردە دەکرد کە مانگانە دەگەیشتە نزیکەی هەشت ملیۆن بەرمیل بەڵام بە داخرانی هورمز سوود لە ئەلترناتیڤی هێڵی نەوتیڕۆژهەڵات بەرەوڕۆژئاوا وەردەگرێت کە نەوتی سعوودیە دەگەیەنێتە دەریای سوور و لەوێوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهانی دەکات.
وڵاتەکە بەهۆی ئەم هێڵە زیاتر لە پێنج ملیۆن بەرمیل هەناردە دەکات وڕاستە قەبارەی هەناردە کەمی کردووە بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئەو پارەیەی ئێستا لە فرۆشتنی نەوت دەستی دەکەوێت لە هیی پێش جەنگ زیاترە.

بەگشتی عێراق بە دەست چەند کێشەی جیاواز دەناڵێنێت سەرەکیترین کێشەی ئەوەیە زۆربەی سەرچاوەکانی داهاتەکەی نەوتە و هەر کێشەیەک بۆ هەناردەی نەوت بێتە کایەوە یان نرخەکەی نزم بێتەوە وەک ئەوەی لە سەردەمی کۆرۆناڕوویدا، داهاتەکەی سفر دەبێتەوە. لەگەڵ ئەوەدا کە عێراق سەرچاوە سەرەکییەکەی نەوتە دیسان کێشەی هەیە و زۆربەی نەوتەکەی لە یەک شوێنەوە هەناردە دەکرێت کە داخراوە و ئەگەر سەرچاوەی زیاتری بۆ هەناردەکردن هەبوایە تووشی ئەو دۆخە نەدەبوو کە ئێستا تێیکەوتووە و باجی بێپلانیی دەیان ساڵیڕابردووی دەدات.