فەزیلە شۆرش
توندوتیژی بە هەموو شێوەکانی، یان کوشتنی ئافرەت بە هەر پاساوێک بێت، لە ڕاستیدا هیچ پاساوێک هەڵناگرێت؛ دیاردەیەکی نەخوازراو، سەرکۆنەکراو و قێزەونە. لە دیاردە کۆمەڵایەتییە مەترسیدارەکانە کە زیانێکی زۆر بە ئاسایشی خێزان، کۆمەڵگا و مافەکانی مرۆڤ دەگەیەنێت. بێشک لە هەموو کۆمەڵگەیەک لە سەرانسەری جیهان ئەم دیاردە قێزەونە دێتە پێش؛ هەر بۆیەش چەندین ڕێکخراو، یاسا و ڕێسا لە وڵاتانی جیهان و کوردستانیش هاتوونەتە کایەوە بۆ بەرەنگاربوونەوە و بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە. بەڵام هەروەک دیاردەیەکی ناڕێک، زۆرتر بووە و کەمتر نەبووە. هەر بۆیەش وڵاتانی ئەنجومەنی ئەوروپا بۆ ئەم مەبەستە هەستان بە ڕێککەوتنێک کە بە «ڕێککەوتننامەی ئەستەنبوڵ» (Istanbul-Conventie) دەناسرێت. بەم ڕێککەوتننامەیە، وڵاتانی ئەندام پابەند دەبن کە چالاکانە ڕێگری بکەن لە بەکارهێنانی توندوتیژی، قوربانیانی توندوتیژی بپارێزن، و کۆتایی بهێنن بە سزانەدانی تاوانبارانی ئەم کارە قێزەونە. لە ١١ی ئایاری ٢٠١١ لە ئەستەنبوڵ دەرگای واژۆکردن بۆ ئەم ڕێککەوتنە واڵا بوو؛ تورکیا یەکەم وڵات بوو لە ١٢ی ئاداری ٢٠١٢دا ڕێککەوتننامەکەی پەسەند کرد، و لە ١ی ئابی ٢٠١٤یشدا ئەم ڕێککەوتننامەیە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەڵام لە مانگی تەمموزی ٢٠٢١، تورکیا یەکەم وڵات بوو کە لە ڕێککەوتننامەکە کشایەوە بە بیانۆی جیاجیا. وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بە فەرمی پەیوەست بوون بەم ڕێککەوتننامەیە. ساڵانێکە هەڵمەتێکی ١٦ ڕۆژی لە زۆربەی وڵاتانی جیهان و لە کوردستانیش بەڕێوەدەچێت. لە ڕاستیدا پێویستە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان ڕۆژانە بێت و نەک تەنها ١٦ ڕۆژ ساڵێک جارێک؛ چونکە بە ئاماژەی پەیجی (N Nieuwsblad) لە ٢٥ی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠٢٥، هەر (١٠) خولەکێک لەسەر ئاستی جیهان ئافرەتێک دەکوژرێت لە لایەن هاوسەر، ئەندامێکی خێزان، یان کەسێکی نزیکی. بۆیە، کەمپینەکانی «جیهانێکی پرتەقاڵی» لە ٢٥ی تشرینی دووەم (ڕۆژی نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان) تا ١٠ی کانوونی یەکەم (ڕۆژی مافی مرۆڤ) بەردەوام دەبێت. ڕەنگی پرتەقاڵی هێمای داهاتوویەکی گەش و بێ توندوتیژی بۆ ئافرەتان و کچانە؛ ئامانجی سەرەکیی ئەم کەمپینە هۆشیاری و ڕێگریکردنە لە توندوتیژی و بەرگریکردنە لە مافەکانی ئافرەتان و کچان لە سەرانسەری جیهاندا، تا ئافرەت بتوانێت لە جیهانێکی پرتەقاڵی، جیهانێکی بێ توندوتیژیدا بژی.
