رۆژنامەی ھەولێر

گرنگیی هۆشیاریی ژینگەیی و پاکوخاوێنی لە ناوەندەکانی خوێندندا

م. سیروان شێخ حاجی
مامۆستاو چالاک وانی پەروەردەیی وژینگەیی ناوەندەکانی خوێندن ((باخچەی ساوایان، قوتابخانە و پەیمانگاوزانکۆ)) تەنها شوێنی فێربوونی زانست و زانیاری نین، بەڵکو یەکەم و گرنگترین وێستگەن بۆ پەروەردەکردنی تاک و دروستکردنی کەسایەتییەکی بەرپرسیار بەرامبەر بە خۆی و دەوروبەرەکەی. هۆشیاریی ژینگەیی و ڕاگرتنی پاکوخاوێنی لەم ناوەندانەدا، بەردی بناغەی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و پێشکەوتووە.

١. پاراستنی تەندروستیی گشتی و ڕێگریکردن لە نەخۆشی.
ناوەندەکانی خوێندن شوێنی کۆبوونەوەی ڕۆژانەی سەدان و هەزاران قوتابی و مامۆستان، بۆیە پاکوخاوێنیی پۆلەکان، گۆڕەپان، و بەتایبەتی دەستشۆر و شوێنی خواردن، ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە تەندروستیی هەمووانەوە. ژینگەیەکی پاک ڕێگری دەکات لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان و هەستیاری، ئەمەش وادەکات قوتابیان بە تەندروستییەکی باشەوە بەردەوام بن لە خوێندن، چەلەمالەوەبن لەگەڵ دایک و باوک و خۆشک و برا چەلە دەرەوەیاخۆت لە قوتابخانە.

٢. کاریگەریی ئەرێنی لەسەر دەروون و ئاستی تێگەیشتن.
ژینگەیەکی پاک، تەندروست و سەوز، ئارامیی دەروونی بە قوتابی و مامۆستا دەبەخشێت. لێکۆڵینەوە پەروەردەییەکان دەریانخستووە کە خوێندن لە پۆلێکی پاک و خاوێن و حەوشەیەکی پڕ لە درەخت و سەوزاییدا، توانای تەرکیزکردن و داهێنانی قوتابیان زیاد دەکات و دڵەڕاوکێ و ماندووبوونیان کەمدەکاتەوە.

٣. چاندنی کولتووری بەرپرسیارێتی لە منداڵییەوە.
کاتێک قوتابی لە تەمەنێکی بچووکەوە چەلەمالەوە چەلەناوەندەکانی خوێندن فێر دەکرێت کە پاشماوە فڕێ نەداتە سەر زەوی، ئاو و کارەبا بەفیڕۆ نەدات، و گرنگی بە سەوزایی بدات، ئەم ڕەفتارانە دەبنە بەشێک لە کەسایەتی و خووی ڕۆژانەی. ئەم هۆشیارییە تەنها لەناو سنووری قوتابخانەدا نامێنێتەوە، بەڵکو قوتابی دەیگوازێتەوە بۆ ناو ماڵ، خێزان، کۆڵان و تەواوی کۆمەڵگە.

٤. پاراستنی سامانی گشتی و جوانکردنی سیمای شار.
فێرکردنی قوتابیان بۆ پاراستنی پاکوخاوێنیی دیوار، مێز، کورسی و کەلوپەلەکانی خوێندنگە، هەستی خاوەندارێتی و پاراستنی موڵکی گشتییان لا دروست دەکات. ئەمەش نەوەیەک پەروەردە دەکات کە لە داهاتوودا ڕێز لە سروشت، پارکەکان و ژینگەی وڵاتەکەی دەگرێت…