رۆژنامەی ھەولێر

نەخشی بیرەوەرییەکانم..موحەڕەم محەمەد ئەمین ١٩٢١-١٩٨٠

یاسین قادر بەرزنجی
مامۆستا موحەڕەم لە گەڕەکی دەرگەزێنی شاری سلێمانی لەدایک بووە، دەرچووی دواناوەندییە، لە فەرمانگەکانی تەموین و مەعاریف و قەڵاچۆکردنی مەلاریا کارمەند بووە، هەروەها ئەمینداری کتێبخانەی گشتیی سلێمانی بووەو دواتر لە ١٩٥٧دا گوێزراوەتەوە بۆ شارەوانی و پاش ماوەیەک بووەتە سەرۆکی شارەوانی سلێمانی.
مامۆستا زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی زانیوە بێجگە لە زمانی دایک بە سەلیقەی تەواوەوە.
هەر لە گەنجێتییەوە تێکەڵ بە سیاسەت بووەو لە پێناوی ئازادیی کوردستاندا زیندان و ئازاری زۆری چەشتووە.
مامۆستا چیرۆکنووسێکی گەورەی کوردەو بەرهەمەکانی لە مێژووی چیرۆکی کوردیدا بە درەوشاوەیی ماونەتەوە.
بێ لەوەش چەندین وتارو نووسین و ڕەخنەی لە ڕۆژنامەو گۆڤارە کوردییەکاندا بڵاوکردووەتەوە.
ئەم نووسەرە خاوەن بەخششە لەبواری ڕۆژنامەنووسیشدا ڕۆڵی خۆی هەبووەو لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری (ڕۆژی نوێ) بووەو ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری(سلێمانی) بووە کە شارەوانیی سلێمانی دەریدەکردو هەروەها کاتێک لە ١٩٧٥دا چووەتە دەزگای هاوکاری بۆ چاپ و بڵاوکرنەوە کراوەتە سەرنووسەری گۆڤاری(بەیان).
وێڕای نووسینەکانی بەو کوردییە جوانە، وەرگێڕێکی بەتواناش بووەو لە عەرەبییەوە چەند چیرۆکێکی نووسەرانی گەورەی ڕووس گۆگۆڵ و گۆرکی و دیستۆیفسکی کردووە بە کوردی، هاوکات ساڵی ١٩٧١ شانۆنامەی (جنۆکە لە قەفەزی تاوانباریدا)ی نووسیوەو لە ڕۆژنامەی (ژین)دا بڵاویکردووەتەوە.
بەرهەمە چاپکراوەکانی بریتین لە:
*شۆڕشی بارزان، نووسینی هەمزە عەبدوڵلا، وەرگێڕان، ١٩٥٩.
*مەبدەئە بنەڕەتییەکانی فەلسەفە، وەرگێڕان، ١٩٦٠.
*مافی بڕینەوەی دواڕۆژ، وەرگێڕان، ١٩٧٢.
لەگەڵ کۆمەڵە چیرۆکەکانی :
*مام هۆمەر، ١٩٥٤.
*گۆمی شڵەقاو، ١٩٥٧.
*گردی شەهیدان، ١٩٥٨.
*ڕێگای ئازادی، ١٩٥٩.
*ئادەمیزاد، ١٩٦٩.
مامۆستا شێرکۆ بێکەس لە کتێبی (نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش)دا نووسیویە:
[مامۆستا موحەڕەم، لە ناوەڕاست و کۆتایی پەنجاکانەوە ناسیومە،
لە چیرۆکنووسە دیارەکانی ئەو سەردەمە بوو، ئەو وەختەی چیرۆکی (سەیرانێک لە ئەزمڕ)ی نووسی ئێمە تازە لە سەرەتای ڕێگەدا بووین، هەر بە یەکەم کۆمەڵە چیرۆکی دەرگایەکی ڕوناکی لەسەر خۆی کردووەتەوە، بە یەکێک لە پێشەنگە نوێخوازەکان لە قەڵەم ئەدرێت، کۆتایی ژیانی ئەم نووسەرە گەورەیەش تراژیدیا بوو، بەرگەی شاڵاوی ئەمنی سلێمانی ناگرێت و دڵە گەورەکەی لە لێدان ئەکەوێت].
دوای لێپێچینەوەو ئەشکەنجەدانی لە لایەن ئەمنی بەدناوی سلێمانی یەوە، بە ئازاری گرتنەکەیەوە لە ٢٣ی تەموزی ١٩٨٠دا چاوە پڕ لە هیواکانی لێکناون و چووەتە ڕیزی شەهیدانی کوردستانەوە.
یادی وشە گەوهەرینەکانت و چیرۆکە دەگمەنەکانت بەخێر، هەمیشە یادت بەخێر مامۆستای گەورەمان موحەڕەم محەمەد ئەمینی گەورە ئەدیب و مەزنە پیاوی کورد.