رۆژنامەی ھەولێر

تاكتیك لەپێناو ستراتیژیدا

مزەفەر فەیلی
هەموو كەس بیر و باوەڕ و ئارەزووی تایبەت بە خۆی هەیە لە ژیاندا، بەڵام هەندێكیان دەبێت و ئەوانەی تر نابێت. دەبێت مرۆڤ بەرنامە و پلانی تایبەتی و نەخشەڕێگەی هەبێت لە ژیانیدا بۆ ئەمڕۆ و داهاتوو بۆ هێنانەدیی بەرژەوەندی و پرۆژەكانی لەسەر ئاستی تاكەكەسی، لە بەرامبەردا لەسەر ئاستی رێكخراو یان حیزب و لە هەموو گرنگتر وڵاتێك، دەبێت چۆن بەرنامەڕێژی هەبێت.
دەوڵەتداری و حكومەتكردن پێویستی بە پلان و بەرنامەڕێژی تۆكمە و بەهێز هەیە بۆ دەیان ساڵی داهاتوو. دەبێت سیاسەتی بەرژەوەندیمان هەبێت تاكو نەكەوینە ئەمری واقیع و هەروەها سیاسەتی خاتری خاتران! سیاسەتی بەرژەوەندییەكانی باڵا زۆر گرنگ و پێویستن بۆ هەر دەسەڵات و قەوارەیەكی فەرمی و دەستوری. ئێستا سەردەم سەردەمی بەرژەوەندییەكانە و جیهان هەموو لەسەر سیاسەتی بەرژەوەندییەكان بەڕێوە دەچێت. دەبێت هەندێ بەرژەوەندی وەكو سەروەری خاك و نیشتمان، بە بەرژەوەندیی باڵا هەژمار بكرێت بۆ هەر وڵاتێكی خاوەن سەروەری. هەروەها لە خاڵە سەرەكییەكانی هەر وڵاتێكی خاوەن سەروەری دوو باڵی ئابووری و سەربازی وەكو دوو مەرجی بنچینەیی كە دەبێت لە هەر وڵاتێكدا هەبێت.
دەبێت تاكتیك لەپێناو ستراتیژی بكەن بۆ مانەوە و سەركەوتن. دەبێت سیاسەتی كورتمەوداوامان هەبێت لە پێناو سیاسەتی درێژخایەندا؛ دەبێت فێر بین كە سیاسەتی تاكتیك كردن بۆ مەبەستی سیاسەتی ستراتیژی دوور مەودا بۆ گەشەپێدان و سەركەوتن لە داهاتوودا، هەروەها سیاسەتكردن تەنها بە قسە نییە بەڵكو بە كردەوەیە لە ئاستی تێگەیشتنی زانستیدا.
دەبێت خۆمان دوور بخەین لە سیاسەتی خۆڕسكانی تاكو تووشی شكست و تێكشكاندن نەبین! سیاسەتی خۆڕسك و كورتبینانە زۆر هەڵە و نادروستە و هەموو وڵاتێك بەرەو تاریكی و ناروونی دەبات و، بەپێچەوانەوە سیاسەتی دووربینانە و ستراتیژی، هەموو مافێک دەستەبەر دەكات.
پێش هەر شتێك دەبێت دەوڵەت و حكومەت لە خزمەتی خەڵكدا بێت و بە راستی و كرداری خزمەتكاری راستەقینەی هاووڵاتی خۆی بێت تاكو خەڵك و جەماوەریش هەست بە بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر بكات و خاك و نشتمانی خۆش بوێت و لە پێناویدا قوربانی بدات، ئەمە خاڵی بەهێزی هەموو دەوڵەت و حكومەتێكی سەركەوتووە و زۆر گرنگە! دەبێت بزانین كە گەورەترین هێزی هەر وڵاتێك لە راستیدا هەر خەڵك و جەماوەری ئەو وڵاتەیە! خەڵك و جەماوەر گەورەترین سەرمایە و گەنجینەیە و، دەسەڵات واتا جەماوەر و جەماوەریش واتا دەسەڵات و بەتایبەت لەو وڵاتانە كە باس و خواست لەسەر دیموكراسی و ئازادی دەكرێت.
هەروەها زۆر گرنگە و لە راستیدا زۆر پێویستە كە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی پەیوەندییەكانمان راست و دروست بكەین چوونكە لە كۆتایی هەر لەگەڵ دراوسێیەكانماندا دەژیین و دەمینین و بێگومان بە سیاسەتی بەرژەوەندییەكانی بەرامبەر بە یەك. دروستە كە دەسەڵاتەكانی وڵاتانی دەوروبەر لەگەڵمان باش نەبوون، بەڵام ئەوە ئێستاش خۆمان لەناو خۆمان وەكو كورد لەگەڵ یەكتر راست و دروست نین و هەروەها بەرژەوەندی تایبەتی لەنێوانماندا هەیە. بۆیە دیسان دەگەرێنەوە بۆ سیاسەتی بەرژەوەندییەكان، ئەگەر سەیری كرۆنۆلۆژیای مرۆڤایەتی بكەین هەست و نیازی بەرژەوەندییەكان تەنانەت لەناو ناخی هەر تاكێكی مرۆڤدا هەیە و ئەمە وەكو خوو لەناو بوونی هەموو كەسێكدا هەیە و، هەر بۆیەش نەتەوەكانی تر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان سیاسەتی ستراتیژی بەرژەوەندییان بەكار هێناوە بەرامبەر بە كورد، دەبێت ئێمەش بەهەمان شێوە بیر لە ستراتیژیەتی بەرژەوەندییەكانمان بكەین. بەرای من بەهێز كردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی زۆر باشتر و گرنگتر و ستراتیژیترە لەوەی كە هەموو هێز و پەیوەندییەكانمان بخەینە پاڵ وڵاتانی بەهیز كە لە ئەوپەری جیهانن. لە هەمانكاتدا پەیوەندی خزمایەتی و دراوسێیەتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دەوروبەر مێژووییەكی دوور و درێژی هەیە كە دەبێت بە هەند وەربگیردرێت و سوودی لێی وەربگرین. دەبێت بە چاوی سەردەمیانە و بەرژەوەندیانە سەیری سبەی و داهاتوو بكەین نەك تەنها باسی رابردوو و نوێكردنی برینەكان بكەین، هەرچەندە نابێت ئەوەی بەسەرماندا هاتووە لە بیریان بكەین، بەڵام نابێت كار بکاتە سەر سیاسەت و لە راستیدا نابێت كە هیچ شتێك كاریگەری لەسەر داڕشتنی سیاسەتی ستراتیژی بەرژەوەندییەكان بكات بۆ سەركەوتن و پێشكەوتن!
بێگومان ئەم سیاسەتە دروستە بۆ هەموو ئەو سێكتەرە سەرەكییەكانی وڵات وەكو، ئابووری كە ئاسایشی خوراك و چۆنیەتی بەرز و پر ڕەها راگرتنی نرخی پارەی وڵات دەپارێزێت كە خاڵێكی گرنگ و سەرەكییە بۆ ژێرخانی ئابووری هەر وڵاتێك. لێرەش سیاسەتی ستراتیژی بەرژەوەندییەكان لەگەڵ دراوسێیەكاندا دێتە ئاراوە، بە شێوەی كرداری كە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دوسیە و كەرتە گرنگ و سەرەكییە بكرێت بۆ دەیان ساڵی رابردوو كە بێگومان لەگەڵ دراوسێیەكان دەكرێت نەك لەگەڵ وڵاتانی زلهێزی دوورەدەست. هەروەها ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاوردە كردن و هەناردە كردنی كاڵاكان و شتومەك هەمووی پەیوەندی بە دراوسێیەكان هەیە بەشێوەی راستەوخۆ، تاكو ناڕاستەوخۆی وڵاتانی زلهێزی دووردەست! هەروەها سیاسەتی ئوتاركیسم و سەربەخۆییی ئابووری بە پشتبەستن بە كشتوكاڵ و پیشەسازیی ناوخۆیی زۆر زۆر گرنگ و پێویستە بۆ عێراق و كوردستان كە بێگومان كاریگەریی لەسەر سیاسەتی دەرەوە و بەرژەوەندییەكانیش هەیە. هێڵی سنووری نێوان كوردستان و عێراق لەگەڵ دراوسێیەكانی بابەتێكی گرنگی راستەقینەی جیۆپۆلەتیك و جیۆستراتیژییە كە كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر هەموو بارودۆخێك كە لەوانە ئابوورییە. بۆ نموونە شەڕی دوایی كاریگەری توندی خستەر سەر ئابووری عێراق و كوردستان!
هەروەهاش ئەم سیاسەتە، سیاسەتی ستراتیژی بەرژەوەندییەكان كاریگەری و پەیوەندییەكی راستەوخۆ لەسەر ئاسایشی وڵات هەیە. بۆ نموونە هەڵگیرسانی شەری ئەمریكا و ئیسرائیل لەسەر ئێران كاریگەری راستەوخۆ و زۆری لەسەر ئاسایشی عێراق و كوردستان كردووە. بۆیە سەقامگیری و ئۆقرەی هەر وڵاتێکی دراوسێی كاریگەریەکی راستەوخۆی دەبێت لەسەر وڵاتی هاوسنووری و ئەمە ئەمری واقیعە نەك تەنها قسە و شیكردنەوە، بۆیە دبێت و پێویستە كە پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتانی هاوسنوور پتەو و لەسەر بنەماكانی دۆست و بەرژەوەندییەكان دابڕێژرێت. لە هەمانكاتدا بەهێز كردنی باری سەربازی و یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە لەراستیدا خاڵێكی پۆزەتیڤ و بەهێز بوو كە لەم دواییە هاتە جێبەجێكردن و دەبێت پێشمەرگە ببێتە هێمای بەرگری لە خاك و نیشتمان.
لە هەمانكاتدا دروستكردن و هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی بەهێز پێویستە بەڵام نە بە ئەندازەی وڵاتانی دراوسێی و، هەروەهاش دبێت لەبیرمان نەچێت كە هیچ شتێك بە خۆڕایی و بێبەرامبەر نییە لەم جیهانە و سەردەمە. دبێت یەكسانی و هاوسەنگی دروست بكرێت بۆ پەیوەندییكان و بەرژەوەندییەكان بەشێوەیەكی دوولایەنە و بەرامبەر یەك لەسەر بنەمای ستراتیژییەت. بەگشتی دەبێت ستراتیژیەت هەبێت لە سیاسەتی دەوڵەت و حكومەت بە پشتبەستن بە وزە و تواناكانی ناوخۆ بۆ بەدیهێنانی ئایندەیەكی روون و ئارام و سەركەوتوو.