موزەفەر فەیلی
ئەو سیستەمەی خوێندن كە ئێستا لە عێراق و كوردستان بەكار دێت، لەراستیدا سیستەمێكی کۆن و جۆرێك دۆگماتیزمە. ئێستا كە لە سەردەمی پێشكەوتن و نوێخوازیین دەبێت ئێمەش هاوكات و سەردەمیانە هەنگاو بنێن بۆ مەبەستی پێشخستنی سیستەم و شێوەی خوێندن لە قوتابخانە و زانكۆكان. هەر لە سەرەتای وەرگرتنی قوتابییان بۆ ناو زانكۆكان كە بە پشت بەستن تەنها لەسەر تێكرای نمرەكان (معدل)، ئەمە لە راستیدا زۆر هەڵەیە. پێش بەدەست هێنانی (معدل)ی بەرز و باش، گرنگتر ئەوەیە كە دەبێت بایەخ و گرنگی بە هەندێك لایەنی تایبەتی قوتابیان بدرێت لە رووی ئاستی هۆشیاری و زانستی گشتی، هەروەها دۆزینەوە و كۆكردنەوەی قوتابیانی بەرهەم هێنەر و لەراستیدا بەهرەمەند كە زۆر پێویست و گرنگە! هەر وەكوو روون ئاشكرایە لای هەمووان كە زۆربەی زانا و داهێنەر و ناودارانی جیهان هەر لە تەمەنی منداڵی و هەرزەكاری ئەو هێز و توانایەیان تێدا بەدیار كەوت و هەندێكێشیان هەر دەرسیان نەخوێند و خۆیان چوونە دوای ئەو زانستەی كە خوولیا و حەزیان بوو و لە كۆتاییش لێی سەركەوتوو بوون و بوونە ناودارانی جیهان و خزمەتی گەورەیان بۆ مرۆڤایەتی بەدی هێنا. بۆیە نابێت تەنها جەخت لەسەر تێكرای نمرە (معدل) بكرێت و ئەوەی تر هەموو پەراوێز و پشتگوێ بخرێت. گرنگیدان بە قوتابیانی بەهرەمەند و زیرەك تەنها پەیوەندی بە سەركەوتنیان لەناو ئەزموونەكان نییە، بەڵكو پەیوەندی بە بوونی ئەو هزر و بیرۆكە نوێیانە هەیە كە قوتابییانی بەهرەمەند هەیانە. لە هەمانكاتدا زۆربەی زۆری قوتابییانی ئاسایی بە ئەوانەی كە نمرەی بەرز و باڵایان هەیە و لە زانكۆ و كۆلێژەكانی بەرز وەردەگیردرین، دوای دەرچوونیان لە زانكۆ زۆربەیان هیچ یان شتێكی زۆر ئاسایی لەسەر ئەو تایبەتمەندییە دەزانن كە چوار تا پێنج ساڵی تەمەنیان تێدا بە خوێندن بەسەر بردووە! و دەبێت عەمەلایەتی ئەو پێشەیە بۆ چەند ساڵ بكەن دواتر ئینجا دەزانن كە چیان خوێندووە و دوای فێری تایبەتمەندیان دەبن! هەروەها لە هەمان كاتدا هەندێك قوتابی بەهرەمەند بەهۆی ئەو بەهرەیەی كە هەیە زیاتر دەكەوێتە ناو ئەو خوولیا و بیرۆكەیەی كە لە ناخیدا هەیە، و لە ئەنجامیدا ناتوانێت لە دەرسەكانی بەباشی سەركەوتوو بێت و لەوانەشە كە بكەوێت و دواتر وەكوو قوتابییەكی تەمبەل و نەزان هەر دوور بخرێت لە پرۆسەی خوێندن! ئەمەیە كە دەڵێن سیستمەكە هەڵە و دواكەوتووە و دەبێت ئەم سیستەمە هەموار و چارەسەر بكرێت. دوور نییە كە یەكێك لەو قوتابییە بەهرەمەندانە ئەگەر گرنگی و پاڵپشتی راست و دروست و پێویستی لێی بكارابایە، لەوانەیە كە خزمەتێكی زۆر گرنگ و بەسوود بۆ وڵاتەكەی و تەنانەت بۆ مرۆڤایەتیش بەدەست بهێنایەكایە و هەروەها ناوی وڵاتەكەی بەرز و درەوشاوە بكردبایە! بەڵام زۆر بەداخەوە كە زۆر و زۆر لەو قوتابیە بەهرەمەندانەمان لە دەستداوە و هەر لەدەست دەدەین. زۆر گرنگە كە وەرگرتنی قوتابیان پەیوەندی بە بەهرە و توانای هەبێت و بەپێی ئەو بەهرەیەی كە هەیە لە زانكۆكان وەربگیردرێت تاكوو سەد لە سەد سەركەوتوو و پر بایەخ دەربچیت بۆ خۆی و وڵاتەكەی نەك تەنها بەپێی (معدل) سەركەوتوو و دوای بروانامەیەك وەربگریت و دواتر چاوەرێ دامەزراندن و كار كردن بێت لە یەكی لە دەزگاكانی حكوومی! و ئەگەر نە دەبێت لە ماڵ دانیشیت و چاوەرێ بةزەیی كەس وكاری بكات تا لە هەر شوێنێك دابمەزرێت تەنانەت ئەگەر ئەو دامەزراندنەش هیچ پەیوەندییەك بە بروانامە و تایبەتمەندییەكەی نەبێت!؟ ئەمە هەمووی لەوە سەرچاوە دەگرێت كە لە سەرەتاوە باسمان لێی كرد كە نابێت چیتر لە دوای ئەم سیستەمە كەون و دواكەوتووە بین و هەوڵ بدەین و كار بكەین لەپێناو نوێگەرایی و نوێخوازی. زۆر جار هەبووە و بینیوم كە قوتابی بەهرەدار لە بەشێكی زانستی وەكوو زانستی كۆمپیۆتەر یان پزیشكی یان هەر بەشێكی تر، كە بەهرەیەكی باشی هەبوو و دەبوایە حكوومەت پاڵپشتی و پشتگیری مادی و مەعنەوی ئەو كەسەیان بكردبایە بۆ گەیشتن بە ئەنجامێكی باش و گرنگ، بەڵام لەبەر ئەوەی كە ئەو قوتابییە لەو بەشە زانستییە نمرەی باشی بەدەست نەهێناوە رێگەیان نەداوە كە لەو بەشە بخوێنێت!؟ یان لە بنەرەت هەر لە بەشی زانستی نییە و بۆ نموونە لە بەشی پیشەییە یان هونەری یان هەر بەشێكی ترە، یان لەبەر تەمەن، یان نەبوونی پسپۆری و یان نەبوونی بروانامە و یان لەبەر دەیان هۆكاری نازانستی، لە زانست و داهێنان و بەرهەم دوور خراوەتەوە؟! ئەمە هەمووی نیشانەی نادروستی و نازانستی ئەم كەرت و بەشە گرنگەی حكوومەتە كە بەراستی زۆر پێویستە بە شێوەی زانستیانەی مۆدێرن و دروست چارەسەری بۆ بدۆزرێت. لەراستیدا لە بەردەم پرۆسەی خوێندن نابێت هیچ جۆر بەربەستێك هەبێت وەكوو تەمەن یان ئایین و نەتەوە و نەژاد و ئاستی مادی یان كات و شوێن، هەروەكو هاتووە كە: (اطلبوا العلم من المهد الی اللحد)، واتا (لەدوای زانست و فێربوون بن هەر لە منداڵییەوە تاكوو پیربوون). نابێت ئاستی زانست و ئەبستمۆلۆژیا نزم و كەم بكرێت تەنها بۆ بەدەست هێنانی بروانامە، ئێستا كە بەداخەوە لە ((سەردەمی پێشبركی بەدەست هێنانی بروانامە))داین! كوالێتی و سەنگی بروانامەكان رۆژ لە دوای رۆژ كەمتر و بێ نرخ تر دەبێت و لە ئەنجامدا ئاستی رۆشنبیری و تێگەیشتن كەم و نزم دەبێت! دەبێت گرنگی بە ناوەرۆك بدرێت تاكو رووی دەرەكی و ناو و نازناوی زانستی! هەروەها ئێستا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان چەندەها جۆری سیستەمی خوێندن هەیە كە فەرمی و بە نرخن و قوتابییان لە هەموو شوێنێك سوودی لێ وەردەگرن بۆ خوێندن و هیوادارین كە لە عێراق و كوردستانیش ئەم جۆر سیستەمانە كارا بكرێن. بۆ نموونە سیستەمی نوێ خوێندنی لە دوورەوە.
سیستەمی خوێندنی لە دوورەوە (Distance Education)، ئەم جۆر خوێندنە، بە مانای خوێندنی قوتابی دوور لە سەرچاوەی خوێندن وەكو كتێب و مامۆستا و هەروەها قوتابییانی تر. مەبەست لەم خوێندنە گواستنەوەی سیستەمی خوێندن لە شوێنی سەرەكی خوێندنگەیە بۆ شوێنەكانی تری جۆگرافیایی كە قوتابییان لە كات و شوێنی ئاسایی ناتوانن ئامادە بن. لە سەرەتا ئەم جۆر سیستەمە بەهۆی نامە گۆرینەوە ئەنجام دەدرا و ئیستا بەهۆی پیشكەوتنی تەكنۆلۆژیا بەهۆی ئینتەرنێت دەكرێت و بە خوێندنی (On line) بەناوبانگە و لەراستیدا خوێندنی (On line) یەكێك لە رێگاكانی سیستەمی خوێندنی لە دوورەوە و ئەمەش چەندەها شێوەی هەیە. بۆ یەكەم جار لە ساڵی (1728)، لە لایەن مامۆستا (كالیب فیلیبس)، كە ئاگاداری بڵاو كرد بۆ مەبەستی پێدانی وانەی خوێندن بە هاوكاری نامە گۆرینەوە (المراسلە). دوای لە ساڵی (1840)، لەلایەن (اسحاق بیتمان)، هەستا بە كردنەوەی كۆرسێكی خوێندن بە هاوكاری نامە گۆرینەوە لەگەل قوتابییان. لە ساڵی (1873)، یەكەمین قوتابخانەی خوێندن بە نامە گۆرینەوە لە بریتانیا هاتە دامەزراندن. هەروەها لە ساڵی (1894)، زانكۆی ئۆكسفۆرد وەكوو یەكەمین كۆلێژی سیستەمی خوێندنی لە دوورەوە لە بریتانیا هاتە دامەزراندن. هەروەها زانكۆی لەندەن، یەكەمین زانكۆ بۆ پێدانی بروانامەی فێربوون لە دوورەوەیە و بیرۆكەی دامەزراندنی دەگەرێتەوە بۆ ساڵی (1858)، و لەلایەن شاژن (ڤیكتوریا) پاڵپشتی دەكرا. هەروەها لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ساڵی (1892) و بەتایبەت لە (شیكاگو) دەستیان بەم سیستەمە كرد. شایانی باسكردنە كە خوێند و فێربوون لە دوورەوە سەرەتا بەهۆی نامەكاری دەستی پێكرا و دوای لە رێگای رادیۆ و تەلەفزیۆن و دواتر بە هۆی تەكنۆلۆژیای پێشكەوتووی ئینتەرنێت ئێستا بەردەوامە. هەروەها سیستەمی خوێندن لەسەر 100، كە قوتابی تەنها بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان لە قوتابخانە یان زانكۆ ئامادە بێت كە ئەمەش جۆرێك لە جۆرەكانی خوێندن لە دوورەوە. هەر وەكوو روون و ئاشكرایە كە سیستەمی خوێندن و فێربوون لە دوورەوە سوود و باشییەكانی زۆرە چ لە رووی مادی و چ لە رووی مەعنەوی و باسكردنی چەندەها بابەتی دەوێت، و دەبێت بزانین كە وڵاتانی مۆدێرن و پێشكەوتوو دامەزرێنەری ئەم جۆر سیستەمەن، ئەوەش دوای دەیان و سەدان ساڵ ئەزموون و تاقیكردنەوە. بۆیە و هیوادارین كە لە عێراق و كوردستانیش ئەم سیستەمە كارا بكرێت و ئیمەش وەكوو وڵاتانی پێشكەوتوو سوودی لێی وەربگرین. لەلایەكی ترەوە زۆر بوون و گرنگیدان بە قوتابخانە و زانكۆكانی ئەهلی-ناحكوومی، بەشێكی تری هەڵەی ستراتیژی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵایە. ئەم گرینگیدانە دەبێتە هۆی بە بروانامەدار كردنی نەوەیەكی دەوڵەمەندی تەمبەل و دابەزینی ئاستی خوێندن. لە هەموو وڵاتانی پێشكەوتوو و بەهێزی جیهان قوتابخانە و زانكۆكانی حكوومی زۆر پێشكەوتوو و رێكوپێكترن بە پێچەوانەی لای ئێمە لە عێراق و كوردستان!؟ گرنگیدان بە كەرتی تایبەت لەلایەن بازرگان و دەوڵەمەندان شتێكی باشە بەڵام نە تا ئەو رادەیە كە ركابەری دەزگاكانی حكوومی و تەنانەت پێش حكوومی بكەوێت لە هەموو روویكەوە چ لە رووی شوێنی وانە وتن و تاقیگە و پێداویستییەكانی تاكوو دەگاتە ستافی مامۆستا و توێژەر و راهێنەرانی. هەروەهاش لە كاتی كردنەوەی زانكۆكانی ناحكوومی دەبێت رەچاوی رێژەی ژمارەی دانیشتووانی ئەو شارە بكرێت دوای بیر لە كردنەوەی زانكۆی نوێ ناحكوومی بكرێت. لە كۆتایدا هیوادارین كە حكوومەتی هەرێی كوردستان شان بە شانی وڵاتانی پێشكەوتوو هەنگاو بنێت و سوود لەو تاقیكردنەوە و ئەزموونە سەدان ساڵەی وڵاتانی پێشكەوتوو وەربگرێت بۆ پێشخستن و بەرەوپێش بردنی ئاستی خوێندن لە كوردستان.

