بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال، دەڵێت: ٥٢ قوتابخانەی زمانی کوردی لە شنگال ھەن، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە حکوومەتی عێراق و ئیدارەی مووسڵ ھاوکاری خوێندنی کوردی لە ناوچەکە ناکەن. دەشڵێ: لەبەر ڕەوشی ئەمنی ناتوانین تاقیکردنەوەکان لە شنگال بکەین، بەڵام حکوومەتی ھەرێم ئەوەی پێویست بێت بۆ کەرتی پەروەردەی سنوورەکە کردووە، بۆ ئەوەی قوتابییان لە خوێندن دانەبڕێن.
قوتابخانەکانی شنگال لە ٢٠١٤ لەلایەن داعش وێرانکران و زۆرینەیان تەقێنرانەوە، تەواوی مامۆستا و قوتابییەکان ئاوارەبوون، بەڵام لەگەڵ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکە لەلایەن ھێزی پێشمەرگە و گەڕانەوەی بەشێک لە خێزانەکان جارێکی تر لە سنووری ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو قوتابییانە دەستیان بە پرۆسەی خوێندن کردەوە.
مەیسەر حەجی، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: قوتابییانی پۆلی ١٢ کە لە شنگال و لە کەمپەکان دەژین ژمارەیان ١٨٧٤ قوتابی دەبن، ساڵانە توشی کێشەیەکی زۆر دەبن، کێشەکەش ئەوەیە دەبێت بۆ تاقیکردنەوەکان ڕوو لە دھۆک بکەن کە سێ ڕۆژە تاقیکردنەوەکان دەستیان پێکردووە، بە سوپاسەوە بەشی ناوخۆی زانکۆی دھۆک تەرخان کراوە بۆ قوتابییانی کچ کە ژمارەیان ٣٤٥ قوتابی دەبن، قوتابییانی کوڕیش لەناو قوتابخانەکان دەمێنەوە و دەزگای خێرخوازیی بارزانی ھەر شتێک پێویست بێت بۆ ئەوان دابین دەکات، ھیوادارین ڕەوشی ئەمنی چاک بێت و بارودۆخەکە ئاسایی ببێتەوە و قوتابییانی ئێمە لە شنگال تاقیکردنەوەکانی خۆیان بکەن.
بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال، گوتیشی: ئیدارەی مووسڵ بە ھیچ شێوەیەک ھاوکاری ئێمە ناکات، بە دەیان جار بودجەی بۆ قوتابخانەکانی خوێندنی عەرەبی دابین کردووە، بەڵام بەداخەوە بۆ قوتابخانە کوردییەکان ھەتا ئێستا یەک دیناری دابین نەکرووە، ئەو قوتابخانانەی کە لە شنگال ھەن لەڕێگەی حکوومەتی ھەرێم و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دروست کراون، حکوومەتی ھەرێم لە ماوەی ڕابردوو ٣٥ قوتابخانەی بۆ خوێندنی کوردی دروست کردبوون، قوتابخانەکانیش ١٢ پۆلی و ١٨ پۆلی بوون، بەڵام بەداخەوە لە کاتی ھاتنی داعش زۆربەیان تەقێنرانەوە، ئەوەش وای کردووە خوێندنی کوردی لە شنگال بەرەو نەمان بچێت و ناتوانین وەکو پێویست بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکان بکەین، بەتایبەتی دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئەمە لە کاتێکدایە بەشێکی زۆری قوتابییان داوا دەکەن لە خوێندنی عەرەبییەوە بگەڕێنەوە بەر خوێندنی کوردی، بەڵام لەبەر ئەم ھۆکارانە کێشەمان بۆ دروست دەبێت.
مەیسەر حەجی، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال، زیاتر دەڵێ: لە شنگال ٥٢ قوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەیی ھەن، لەگەڵ ١٢٠٠ مامۆستا و نزیکەی ١٠ ھەزار قوتابی، سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەین کە بەردەوام بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی کەرتی پەروەردە لە سنووری شنگال دەکات و ئەوەی لە دەست بێت و پێویست بێت بۆ قوتابییانی ئێمە دەکات، بۆ ئەوەی لە خوێندن دانەبڕێن.
ڕائیب جادر – هەولێر

