شێرکۆ حەبیب
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە خێرایی بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاو دەنێت، ئەوەی لە سوریا ڕوودەدات، کێشە و ملمڵانێی نێوان ئێران و ئەمریکا، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق، هەموویان نیشانەی ئەوەن کە هاوسەنگییەکانی ناوچەکە لە گۆڕاندایە.
لە ناو ئەم بارودۆخە هەستیارەدا، کورد نابێت تەنها سەیری ڕووداوەکان بکات. بەڵکو ئەم قۆناغە دەتوانێت بۆ کورد دەرفەت بێت، بەڵام ئەگەر کورد بە یەک هەڵوێست مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکان نەکات، هەمان گۆڕانکارییەکان دەتوانن ببنە هۆی لەدەستدانی دەرفەتەکان و تەنانەت زیان بە دەستکەوتەکانیش بگەیەنن.
لە مێژووی ناوچەکەدا، کورد زۆرجار بەهۆی دابەشبوون و جیاوازیی هەڵوێستە سیاسییەکانەوە باجێکی قورسی داوە. بۆیە ئەمجارە پێویستە وانەکانی ڕابردوو لەبیر نەکرێن. یەکڕیزی بە مانای ئەوە نییە کە هەموو حیزب و لایەنە کوردییەکان هەمان بۆچوونیان هەبێت. جیاوازیی سیاسی شتێکی سروشتییە، بەڵام لە بابەتە نیشتیمانی و چارەنووسسازەکاندا، پێویستە یەک هەڵوێستی هاوبەش هەبێت.
ئەمڕۆ کورد دەبێت بە ڕوونی بزانێت چی دەوێت، لە کوێدا دانوستاندن دەکات و لە کوێدا نابێت سازش بکات. مافە نەتەوەییەکان، ناسنامە، ئەمنی و دەستکەوتە سیاسی و دەستوورییەکان نابێت ببنە بەشێک لە مامەڵەی کاتی هێزەکانی تر.
ئەوەی لە سوریا ڕوودەدات، گرنگییەکی تایبەتی بۆ کورد هەیە. گۆڕانکارییەکانی ئەم وڵاتە تەنها کێشەیەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو پەیوەندی بە داهاتووی هاوسەنگییەکانی ناوچەکەشەوە هەیە. کورد لە سوریا دەبێت بە هەڵوێستێکی سیاسیی هۆشیارانە مامەڵە بکات، نەک ببێتە ئامرازی هەر هێزێکی ناوچەیی یان نێودەوڵەتی. مافەکانی کورد دەبێت بە بنەمایەکی سیاسی و دەستووری جێگیر بکرێن، نەک ئەوەی بە گۆڕینی هاوسەنگییەکانی ناوچەکە جارێک پێش بخەن و جارێک دوا بخەن.
کێشە و ملمڵانێی نێوان ئێران و ئەمریکا دەتوانێت کاریگەرییەکی فراوانی لەسەر ناوچەکەدا هەبێت. بۆیە گرنگە کورد نەبێتە قوربانیی ئەم ملمڵانێیە. کورد دەبێت پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماتییەکانی خۆی بە ژیری بەکاربهێنێت، بەڵام نابێت بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانی خۆی بکاتە بەشێک لە حساباتی هەر هێزێکی دەرەکی.
پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام تا ئەو کاتەی ئەنجامی سیاسیی ڕوونی نەبێت، نابێت کورد تەنها بە وشە و بەڵێنەکان پشت ببەستێت. ئاشتی تەنها کۆتایی هێنان بە شەڕ نییە، ئاشتی دەبێت بگاتە یەکسانی، ماف، ناسنامە و بەشداریی سیاسی.
کورد دەبێت پشتگیری هەر هەنگاوێکی ڕاستەقینە بۆ ئاشتی بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا داواکارییە سیاسییەکانی خۆی بە ڕوونی بخاتە بەردەم هەموو لایەنەکان.
لە عێراقیش، کورد لە بەردەم قۆناغێکی هەستیاردايە. پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا نابێت تەنها لە چوارچێوەی کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکاندا بمێننەوە، بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمای دەستور و هاوبەشیی نیشتیمانی بەڕێوەببرێن. لەم قۆناغەدا، ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و ئەزموونی سیاسییەکەی لە نزیککردنەوەی دیدگاکان و پاراستنی بەرژەوەندییە کوردییەکان لە ناو عێراق گرنگە. و دەبێ سوودی لێوەربگیرێ، پێویستە کورد لە بەغدا بە یەک هەڵوێست مامەڵە بکات، چونکە هێزی کورد لە عێراق تەنها بە ژمارەی کورسییەکان نییە، بەڵکو بە یەکڕیزی و توانای دروستکردنی هاوسەنگیی سیاسییە.
لە سیاسەتدا، ئەوەی هێزی سیاسی هەیە، دەتوانێت لە مێزی دانوستاندن هەژموون و دەسەڵاتی هەبێت. بۆیە کورد نابێت ببێتە کارتێکی بەکارهاتوو لە دەستی لایەنەکانی دیکە.
ئەگەر کورد دابەش بێت، هەر لایەنێک دەتوانێت بەشی خۆی بەکاربهێنێت. بەڵام ئەگەر کورد یەک هەڵوێستی سیاسی هەبێت، ئەوا دەتوانێت ببێتە کارتێکی فشار لە دەستی خۆی بۆ چەسپاندنی مافەکانی.
ئەمە بە مانای پشتبەستن بە هێزی دەرەکی نییە، بەڵکو بە مانای دروستکردنی هێزێکی سیاسیی کوردییە کە هێزەکانی ناوچەکە ناچار بن حسابی لەگەڵ بکەن.
ئەمڕۆ کورد لە بەردەم قۆناغێکی گرنگدایە. نەخشەی سیاسیی ناوچەکە دەگۆڕێت و ئەو گۆڕانکارییە دەتوانێت دەرفەت یان هەڕەشە بێت. ئەوەی جیاوازییەکە دروست دەکات، شێوازی مامەڵەکردنی کوردە.
کورد نابێت چاوەڕێی ئەوە بێت کە کەسانی تر داهاتووی بۆ دیاری بکەن. دەبێت خۆی بەشدار بێت لە نووسینی داهاتووی خۆی.
بۆیە ئەمڕۆ پێویستە کورد لەسەر ماف و بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان یەک هەڵوێست بێت و یەک پەیامی هەبێت. چونکە لە قۆناغی نوێی ناوچەکەدا، ئەوەی تەنها سەیر بکات، بڕیاری لەسەر دەدرێت؛ بەڵام ئەوەی یەکگرتوو بێت، دەتوانێت خۆی بەشێک بێت لە بڕیاردان.

