رۆژنامەی ھەولێر

پەرداخی تەمەنم پڕ دەکەن لە ژیان

بورهان به‌رزنجی
بەخۆشەویستیت
دەم و چاوم دەشۆم،
بەهەناسەکانت
قژم شانە دەکەم
لە سەر سفرەی چاوەکانت
نانی بەیانیم دەخۆم و
ئاوی ژیانێکی تازە دەخۆمەوە.
لە بەردەم
ئاوێنەی جوانیتدا دەوەستم و
تەماشای خۆم دەکەم،
سافترین و
بۆن خۆشترین ئاوێنەی منی.
کراس و پانتۆڵێکی ئەوینت لەبەر دەکەم و
دەبم بە شاسواری خۆشەویستی،
بەناو باخاتی عیشقتدا
دەگەڕێم و
چاو بۆ دڵت دەگێڕم،
بزانم منت چۆن
هەڵگرتووە؟
چۆن
لەم نان و ئاوەی خۆشەویستییەت
تێرم دەکەیت؟
چۆن
لە خەمی ژیان پاکم دەکەیتەوە؟
چۆن ژیانم دەشۆی؟
چاو بۆ هەناسەکانت دەگێڕم،
بزانم چۆن
دەست لە گەردنی خۆشەویستیم دەکەن؟
چۆن
پەرداخی تەمەنم پڕ دەکەن لە ژیان؟
چۆن
دەستی ژیانم دەگری و
پیاسەیە
ئێوارانی ناو دڵتم دەکەی؟.