رۆژنامەی ھەولێر

کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان (COP31) دەرفەتێک کە دەبێت هەرێمی کوردستان سوودی لێ وەربگرێت

سیپان عەبدولسەلام بەرواری

لە مانگی نۆڤەمبەری ئەمساڵدا نوێنەرانی وڵاتانی جیهان لە ئەنتالیا کۆدەبنەوە بۆ سی‌ویەکەمین کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان – COP31). لەوێ باس لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو، دەردانی گازە گەرمخانەییەکان، دارایی کەشوهەوا و ڕێگاکانی خۆگونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانی ئەم گۆڕانکارییە دەکرێت.

ڕەنگە لە دەرەوە ئەمە وەک کۆبوونەوەیەکی نێودەوڵەتیی دیکە سەیر بکرێت؛ پڕ لە وتار، بەڵگەنامە و بەڵێن. بەڵام بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بابەتەکە پێویستیەکی هەنووکی یە، گۆڕانی کەشوهەوا لێرە ڕووداوێکی داهاتوو نییە، بەڵکو بەشێکە لە ژیانی ئێستامان.
هاوینەکان درێژتر و گەرمتر بوون، باران چیتر ئەو ڕێک و پێکییەی جارانی نییە و وشکەساڵی بە ماوەی کورتتر دووبارە دەبێتەوە. کەمی ئاو لە زۆر ناوچە بووەتە نیگەرانییەکی ڕاستەوخۆ، زریانەکانی تۆز و خۆڵ زیاتر هەستیان پێ دەکرێت و کشتوکاڵیش، کە ژیانی بە ئاو و کەشوهەواوە بەستراوەتەوە، لە ژێر فشارێکی گەورەدایە.
ئەمە تەنها کێشەی ژینگە نییە. کەمبوونەوەی ئاو بەرهەمی کشتوکاڵی کەم دەکاتەوە و کاریگەرییەکەی دەگاتە نرخی خۆراک، داهاتی خێزان و کۆچکردن لە گوند بۆ شار. گەرمای توند تەندروستیی خەڵک و تۆڕی کارەبا دەخاتە ژێر فشار، لە کاتێکدا بارانی ناڕێک و لافاو دەتوانن زیانی گەورە بە شار و ژێرخانە بگەیەنن. کەواتە، کاتێک باس لە گۆڕانی کەشوهەوا دەکەین، لە ڕاستیدا باس لە داهاتووی ئابووری و کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان دەکەین.

لە دانانی پلانەوە بۆ جێبەجێ کردن
لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان هەندێک بناغەی دامەزراوەیی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆخە داناوە. دامەزراندنی یەکەی گۆڕانی کەشوهەوا، کە پەیوەستە بە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانەوە، هەنگاوێکی گرنگ بوو. بوونی ئەم یەکەیە پیشان دەدات کە گۆڕانی کەشوهەوا چیتر نابێت تەنها وەک کارێکی دەستەی ژینگە سەیر بکرێت؛ ئەمە بابەتێکی حکومییە و بە کار و بەرپرسیارێتیی چەندین وەزارەت و دامەزراوەوە پەیوەستە.
لە هەمان کاتدا، دەستەی پاراستن و چاکسازیی ژینگەی هەرێم لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کاری کردووە. لە نێو ئەو هەوڵانەدا، هاوکاری لەگەڵ بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان، UNDP، بۆ ئامادەکردنی پلانەکانی خۆگونجاندن و کەمکردنەوەی هۆکارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا جێگای بایەخە.
بوونی پلان پێویستە، بەڵام بە تەنها کافی نییە. بەڵگەنامەیەک، هەرچەند باشیش نووسرابێت، تا نەبێتە بەشێک لە بودجە و بڕیاری حکومەت و نەگوازرێتەوە بۆ پڕۆژەی دیاریکراو، گۆڕانکاری لەسەر زەوی دروست ناکات. پلانی کارا دەبێت ناوچە و کەرتە مەترسیدارەکان دیاری بکات، ئەولەویەتەکان ڕوون بخاتەڕوو و بەرپرسیارێتیی هەر دامەزراوەیەک بناسێنێت. هەروەها دەبێت هەرێم لە گفتوگۆ لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکاندا خاوەنی داواکاری و پڕۆژەی ڕوون بێت.ئەگەر ئەم بەرچاو ڕوونییە نەبێت، هەوڵەکان بەسەر کۆمەڵێک پڕۆژەی جیاوازدا بڵاو دەبنەوە؛ پڕۆژەگەلێک کە ڕەنگە هەر یەکەیان بەسوود بن، بەڵام لە کۆتاییدا سیاسەتێکی یەکگرتوویان لێ دروست نابێت.

خۆگونجاندن و کەمکردنەوەی هۆکارەکان
لە سیاسەتی کەشوهەوادا دوو ئاراستە پێکەوە دەڕۆن: خۆگونجاندن و کەمکردنەوەی هۆکارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
خۆگونجاندن واتە ئامادەکردنی خۆمان بۆ ئەو کاریگەرییانەی هەر ئێستا دەستیان پێکردووە. کاتێک ئاو کەمتر دەبێت، دەبێت بە شێوەیەکی کاراتر بەڕێوە ببرێت. کاتێک وشکەساڵی دووبارە دەبێتەوە، جوتیار پێویستی بە ڕێگای نوێی ئاودێری، تۆوی گونجاو و پشتگیریی دارایی و تەکنیکی هەیە. شارەکانیش دەبێت لە پلاندانان، بیناسازی، کەناڵی ئاوی باران و زیادکردنی ناوچە سەوزەکاندا گەرما و لافاوی داهاتوو لەبەرچاو بگرن.
کەمکردنەوەی هۆکارەکان پەیوەندی بە کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمخانەییەکان، فراوانکردنی بەکارهێنانی وزەی پاک و کارامەترکردنی بەکارهێنانی وزەوە هەیە. هەرێمی کوردستان پێویستی بە هەردوو ئاراستەکە هەیە؛ چونکە ناتوانرێت ئاو، کشتوکاڵ و شارەکان بۆ کاریگەرییەکانی ئەمڕۆ ئامادە بکرێن، بەڵام هۆکارەکانی کێشەکە بەردەوام زیاد بکرێن.
جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتانە بەبێ هاوکاریی نێوان دامەزراوەکان ناکرێت. بڕیارێک لە وەزارەتی کشتوکاڵ یان سامانەکانی ئاو، کارەبا، شارەوانی، تەندروستی، گواستنەوە و پەروەردە دەتوانێت کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر توانای هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا هەبێت. فراوانکردنی شارێک، شێوازی بەکارهێنانی ئاو یان دروستکردنی پڕۆژەیەکی نوێ ڕەنگە وەک بڕیارێکی ڕۆژانە دیار بێت، بەڵام ئەنجامەکەی تا دەیان ساڵ دەمێنێتەوە.
سیاسەتی کەشوهەوا بە یەک یان دوو ساڵ ئەنجام نادرێت. پێویستی بە بەردەوامی هەیە و نابێت لەگەڵ هەر گۆڕانکارییەکی حکومی یان گۆڕینی بەرپرسیارێک لە نوێوە دەست پێ بکرێتەوە. ئەگەر ئەزموون و پڕۆژەکان بە دامەزراوەیی نەکرێن، هەر جار بەشێک لەوەی پێشتر کراوە لەدەست دەچێت.
لە هەمان کاتدا، کارەکە نابێت لە ناو حکومەتدا سنووردار بمێنێتەوە. زانکۆ، قوتابخانە، شارەوانی، کۆمپانیا و کەرتی تایبەت، جوتیار، توێژەر و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەموویان بەشێکن لەم پرۆسەیە. لە بابەتێکی پێشوومدا لەسەر قوتابخانە سەوزەکان، باسم لەوە کردووە کە قوتابخانە چۆن دەتوانێت هەست و هەڵسوکەوتی نەوەی نوێ بەرامبەر ژینگە بگۆڕێت. ئەمە نموونەیەکی بچووکە لە ڕۆڵێک کە دامەزراوەکانی کۆمەڵگا دەتوانن بیبینن.

چۆن هەرێم خۆی بۆ COP31 ئامادە بکات؟
بەپێی ئەوەی ڕاگەیەنراوە، هەرێمی کوردستان بە شاندێکی تایبەت بەشداریی COP31 دەکات. ناردنی شاند بە خۆی کارێکی باشە بەڵام بە تەنیا دەستکەوت نییە؛ گرنگ ئەوەیە هەرێم چی لەگەڵ خۆی دەبات و بە چییەوە لە ئەنتالیا دەگەڕێتەوە.
ئەگەر بەشداری لە سنووری کۆبوونەوە، وێنەگرتن و چالاکیی ڕاگەیاندندا بمێنێتەوە، ئەنجامێکی ئەوتۆی نابێت. بەڵام ئەگەر ببێتە دەرفەتێک بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ سندوق و دامەزراوە داراییەکانی کەشوهەوا، بەدەستهێنانی هاوکاریی تەکنیکی، دەستپێکردنی پڕۆژەی هاوبەش و گواستنەوەی زانیاری و تەکنەلۆژیا، بەشدارییەکە مانایەکی ڕاستەقینەی دەبێت.
ئەمەش بەبێ ئامادەکاری ڕوونادات. پێش کۆنفرانس دەبێت بزانین کام لە پڕۆژەکان گەیشتوونەتە ئاستی پێشکەشکردن، لە کام بوارانەدا پێویستیمان بە هاوکاری هەیە و کام دامەزراوە نێودەوڵەتییانە دەتوانن ببنە هاوبەشمان. شاندێک کە تەنها بە گشتی باسی کێشەکان بکات، دەرفەتی زۆری بەدەست ناهێنێت. شاندێک کە داتا، ئەولەویەت و پڕۆژەی ئامادەی لەگەڵ بێت، دەتوانێت گفتوگۆکان بگۆڕێت بە هاوکارییەکی کرداری.
هەروەها COP31 دەرفەتێکە بۆ ناساندنی هەرێمی کوردستان؛ نەک تەنها وەک ناوچەیەک کە زیانی گۆڕانی کەشوهەوا دەبینێت، بەڵکو وەک ناوچەیەک کە خاوەنی هەنگاو، پڕۆژە و ئامادەییە بۆ بەشداربوون لە چارەسەرەکان.
هەرێم هەندێک بناغەی داناوە، بەڵام پێشکەوتن بە ژمارەی پلان و ستراتیژی ناپێورێت. خەڵک کاتێک هەست بە گۆڕانکاری دەکات کە ئاو باشتر بەڕێوە بچێت، جوتیار بتوانێت لەگەڵ وشکەساڵی بگونجێت، شارەکان بۆ گەرما و لافاو ئامادەتر بن و وزەی پاک بەرفراوانتر بێت.
لەبەر ئەوە، نابێت COP31 وەک کۆنفرانسێکی دیکە سەیر بکرێت. ئەم کۆنفرانسە دەتوانێت هەرێمی کوردستان لە دانانی پلانەوە بباتە قۆناغی جێبەجێکردن و پڕۆژە پەرتەوازەکان بخاتە ناو سیاسەتێکی یەکگرتوو. بناغەکان تا ڕادەیەک دانراون؛ ئێستا پێویستە ئەنجامی ئەو کارانە لەسەر زەوی ببینرێت، نەک تەنها لە ناو بەڵگەنامە و ڕاگەیاندندا.