بەبۆنەی دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی خوێندن و لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی ژینگەیی و پاراستنی سیمای شارستانیی شارەکەمان، بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی شەش بە هاوکاریی ڕێکخراوی (مایپڵ تری)، هەڵمەتێکی فراوانی پەروەردەیی و ژینگەیی ئەنجام دا.
لەم هەنگاوە سەرەتاییەدا، تیمەکانی شارەوانیی شەش لەگەڵ ڕێکخراوی ناوبراو، هەڵدەستن بە سڕینەوە و پاککردنەوەی سەرجەم ئەو نووسراو و دروشمە نەشیاوانەی لەسەر دەرگا و دیواری قوتابخانەکاندا هەن، کە سیمایەکی ناشیرینیان بە ناوەندەکانی خوێندن بەخشیوە. لە بەرامبەردا، لە قوتابخانەی ئامەدی بنەڕەتیی تێکەڵاو لە گەڕەکی نەورۆز، چەندین وێنە و دروشمی نەتەوەیی و ئاڵای پیرۆزی کوردستان نەخشێنران، کە ئەمەش کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر دەروون و هۆشیاریی قوتابیان و جوانترکردنی ڕووکاری قوتابخانەکە.
هاوکات سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە لە ئێستادا پلانەکان چڕتر کراونەتەوە تاوەکو لەم ساڵی خوێندندا، زۆرترین قوتابخانە لە سنوری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لەم هەڵمەتە هۆشیاری و ژینگەیییانە سوودمەند ببن.
ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر

