رۆژنامەی ھەولێر

لە خۆت پــــــرسیوە؟

ئازا حەسیب قەرەداخی
دڵم پێی وتم تەنیا هەر خۆت بووی
لە ناکاو ئەمڕۆ سەرت لێ داوە
هەواڵی منت لە ئەو پرسیوە
خۆ دەکرا کە چوویت ڕەشەبا نەبەیت
مەگەر نەتبینی لەبەر دەرگای دڵ
بیست گەڵای کەسکم لەوێ وەریوە؟!
بۆ لە هەواڵم دەپرسی لە دڵ
مەگەر خۆت نەبووی سەرچۆپیکێشی
چەمەری وەرزی گەشانەوەی من؟!
پشتت ئەکردە چیرۆکی ئەوین
نەبادا ببێ بە ڕێگەی یاد و
سەرەداوێ بۆ گەڕانەوەی من
چ هەواڵێکم بدات بە تۆ دڵ
کە تۆ هەواڵمت هەمووی پێچاوە
ئەمڕۆ و سبەینێت کرد بە ڕابردوو؟!
چۆڵگەت ساز کرد و سەرابت ڕاخست
بەر لەوەی شەوم لێ بەسەر بچێ
ڕۆژت کردم بە تۆزی بابردوو
پرسیارە لای من، لە خۆت پرسیوە
بۆچی سەردانی ئەو دڵەم دەکەی
نە جێ ژوانتە نە ڕێی هاتوچۆت؟!
ویستت دڵنیابی دڵنیا بە
نە ڕەنگت ماوە، نە دەنگت لەوێ
نە شوێنەوار و نە بەرامە و بۆت