شاخەوان عەلی حەمەد مامۆكی
لەو ماوانە و لە بڵاوكراوەكانی ماڵی (وەفایی)، نووسەری بەسەلیقە و خودان ئەزمون، مامۆستا و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی (زرار قادر كەریم) دوایین كتێبی خۆی لەژێر ناونیشانی (شیرینی و تاڵییەكانی ژیان لەنێو لاپەڕەكانی بیرەوەری) لە چاپخانەی ڕۆژهەڵات و لە دووتوێی ٣٥٠ لاپەڕە و بە تیراژی ٥٠٠ دانە چاپ و بڵاو كردەوە.
خاتوو (ئەسرین زرار) لەژێر ناونیشانی (سەرەقەڵەمێك لە جیاتی نووسەر)دا ئاماژە دەدات بە گرنگیی ئەو كتێبە و ڕۆڵی نووسەر لە بەسەرهات و بیرەوەریەكاندا و، دەڵێت: ((ئەم كتێبە تەنها گێڕانەوەیەكی پەتی و سادەی بیرەوەریەكانی ژیانی مامۆستا زرار نییە، بەڵكو یەكێكە لەو بەرهەمە كوردییە بەپێزانەی كە لەگەڵ گێڕانەوە و باسكردنی هەر یادەوەری و ڕووداوێك، كۆمەڵێك پەندو نموونەی ئەخلاقیكلتووریی كۆمەڵگای كوردەواری و ئامۆژگاری و ڕێنمایی پەروەردەیی لەخۆ دەگرێت و دەكرێ شەرەفی ناوی (بەرگی نۆیەمی ڕشتەی مرواری)ـەکەی نووسەری گەورەی كورد، ڕەوانشاد مامۆستا (عەلائەددینی سەجادی)ـی پێ ببەخشرێت.))
مامۆستا زرار قادر لەو كتێبە پڕ بەها و بایەخەیدا، بیرەوەری و ئەو بەسەرهاتانەی تێدا تۆمار كردووە كە بە چاوی خۆی بینیویەتی یان بەسەریدا هاتووە یا بیستوویەتی، لە گێڕانەوەدا بە زمانێكی ئەوەندە جوان و سادە و ساكاری پڕاوپڕ لە پەند و ئامۆژگاری و وشەی ڕەسەنی كوردی سەرگوزشتەكانمان بۆ باس دەكات، سەرنجمان بەلای خۆی ڕادەكێشێ كە بەتامەزرۆییەكی زۆرەوە تا دوا لاپەڕە دەستی لێ هەڵنەگرێ و لەسەر خوێندنەوەی بەردەوام بین. نووسەر وەكو بابایەكی دنیادیتە و پەروەردەكار لە ژیانی خۆی وەك مامۆستا لەو گوند و شارانەی وانەی تێدا وتۆتەوە، چووبێتە هەر شوێنێك جێپەنجەی بیرەوەریەكی لێ جێ هێشتووە.
قسەكردن لەسەر ناوەڕێكی ئەم كتێبە زۆر هەڵدەگرێ لەسەری بوەستین، وەلێ لە چەند دیدگایەكەوە تیشك دەخەینە سەر هەندێ لە وتەو بەسەرهاتەكانی، لەو ڕوانگەوە كاتێك باس لە پەروەردە دەكات ڕاشكاوانە هەقیقەتەكان دەخاتە ڕوو و ڕەخنە لە ئەدای سەرەتایی خۆی دەگرێ و، دەڵێت: ((پرۆسەی پەروەردە و فێركردن، یان تێگەیاندن كارێكی پڕ لە هونەر و تەكنیكە كە هەموو مامۆستایەك تەواو لێی سەركەوتوو نابێت! نەك هەرچی ڕاست بێتەوە و لێمان ببێت بە واعیز و فێركار! ساڵانی زوو مامۆستا بووم، گەر قوتابیەك زوو لە وانەكە نەگەیشتبایە، زللەیەكی سەختم لە بنگوێی ڕادەكێشا! بەری چاویم تاریك دەكرد! ئەوەی دەشیزانی، لەبیرم دەبردەوە! جا توخوا ئەوە سووچی من بوو؟! كە نەمتوانی یان سووچی منداڵەكە بوو كە زوو تێناگەیشت؟ خۆ منداڵەكە لە منی پێ خۆشتر بوو تێبگات. بەڵام تێناگەیشت، چونكە من شێوازی فێركردنم پڕ لە عەیب و، عار و هەڵە بوو! بۆیە بە ئاسانی فێر نابوو.))
مامۆستا زرار قادر پێی وایە بۆ ناسینی قوتابی تا خوێندنەوەت بۆی هەبێ و بزانی تا چەند پەرۆشە و چۆن لەگەڵت هەڵدەكات، پەیامێكمان بەگوێدا دەدات و دەڵێت: ((كاتێك كە مامۆستای كارامە وانە بۆ قوتابیانی پۆلە وردیلە (الصفوف الاولیە) شی دەكاتەوە، گەر ببینێت منداڵەكان بۆ ماوەیەكی دیاریكراو نەك تەنها هەر بەپەرۆشەوە سەیری مامۆستا دەكەن، بەڵكو دەمیشیان نەختێك بە نەزاكەت كردۆتەوە! بە تاسەوە سەیری دەمی مامۆستا دەكەن! دیارە ئەمەش گوزارشتكردنێكە لەوەی كە دەیانەوێت زیاتر لە مامۆستا فێر ببن! هەڵبەتە بەمەش پەیامی پەروەردە زیاتر ئاسوودە و ئارام دەبێت.))
هەروەها ئامۆژگاری دایبابان دەكات لەبری زەبر و زەنگ و كوتان و لێدان، پەنا ببەنە بەر زمانی قەناعەت، نموونەیەكی جوانمان بۆ دەگێڕێتەوە دەڵێت: ((دراوسێیەكمان هەبوو كوڕێكی هەشت نۆ ساڵانیان هەبوو، نوێژی ناكرد، ڕۆژێكیان دایكەكەی هاتە لام، گوتی: (حەمەی كوڕم نوێژی ناكرد، بەڵام باوكی دوو سێ جار بەیانیان بەزەبری لێدان و تێهەڵدان ناچاری كرد نوێژ بكات! ئێستاش ئەلحەملای نوێژ و تاعەتێكی جوان دەكات)، منیش گوتم: ماشەڵڵا حەز دەكەم فێری نوێژ بووە! بەڵام زۆرم پێ ناخۆشە كە بە لێدان و كوتان ناچارتان كردووە، چونكە هەر كاتێك لێدان نەمێنێ، خوا موعین بێت، تۆڵەی ئەو ماوەیەش دەكاتەوە كە بەخورتی ئەركەكەتان پێی کردووە، ئیتر چەند ساڵێكی پێ چوو، ڕۆژێكیان دایكی كوڕەكە بە گلەیی و گازاندەوە هاتە لام و گوتی: (لە خۆم قەلەندەرێ منداری ئەو زەمانە چەند بێدین و بێشەرمن؟!) گوتم: بۆ براژن؟! گوتی: (باوكی منداران هەروەك ڕاهاتییە بەیانیان زوو هەڵدەستێ نوێژ بكات، دوعا دەكات و لە خوا دەپاڕێتەوە، كەچی حەمەی كوڕم دەنەڕێنێتە سەری و پێی دەڵێ: كابرای لابەلا ئەتوو شەیتان بە نەعلەت دەكەی. باشە دەنگت لۆ هێندە بەرز دەكەی؟! نازانی من خەوتووم؟! لۆ بەئاگام دەهێنی؟ هەی خوا قبووڵی نەكا.)) گوتم: براژن، دە دوازدە ساڵ پێش ئێستا پێم گوتی: كاری چاكتان كردووە كە حەمەتان فێری نوێژ كردووە، بەڵام دەبوایە قەناعەتتان پێ هێنابوایە، نەك بە شەق و شوللاق و بەرچیغ! گوتم: كابرایەكی بڵباس مەڕداری بە زەرەر قرسیش، ئاغای گوند داوای لێ دەكات كە یان دەبێ نوێژ بكات یان دەبێ جزیە و پارە بدات؟! ئیتر كابراش لە ترسی پارە و جزیە، دەستی بە نوێژكردن كرد، بەڵام كە نوێژی دادەبەست، ئاوا نیەتی دەهێنا و دەیگوت:
نەماس دەكەم، نەماس دەكەم
لەسەر پێستی بەراز دەكەم
لە ترسی ئاغای بڵباس دەكەم
دەخوایە من دەیكەم و تۆش قەبووڵی نەكەیت!
بەڵی هەر كارێك دەکەین، دەبێ پێشتر گەیشتبێتینە مەودای قەناعەت، دەنا لێی هەڵدەگەڕێینەوە و ڕەنجبەخەسار دەبین.))
منداڵ لە هزر و زەینی نووسەر پانتاییەكی فراوانی داگیر كردووە، كاتێك بەنێو ناخی منداڵ شۆڕ دەبێتەوە دەزانێ چۆن هانیان بدات و دەستیان بگرێ و گەشە بە كەسایەتییان بدات، ئەوەتا پێمان دەڵێ: ((كاتێك كە میوان دەگاتە جێ، دایك چەند پەرداخ ئاوێك بە منداڵەكەی بۆ میوانان دەنێرێ. جا كاتێك میوان ئاوەكە دەخواتەوە، منداڵەكە زۆر كەیفخۆش دەبێت، چونكە لەلایەكەوە دڵی دایكیی ڕازی كردووە، لەو لایشەوە میوان ئافەرینی دەكەن و هانی دەدەن كە بێگومان هاندانیش مووچڕكی سەركەوتن و گەشەكردنی كەسایەتی منداڵە، دەبێت ئەوەش بزانین كە منداڵ ئاو دەهێنێ كەچی كەس نەیخواتەوە، زۆر تەریق دەبێتەوە چونكە نازانێت میوانەكە تینووی نییە، ئاگاداری ئەوەش نییە كە دایك وەك ڕێزلێنانێك ئاو بەپیر میوانەوە دەبات، هەڵبەتە ئەمە لە ڕوخساردا كەمە، بەڵام لە ناوەڕۆكدا بۆ منداڵ زۆر سەختە!))
لەم ڕۆژگارە لە سۆشیالمیدیا و تەواوی ناوەندەكان، ڕێكلام بووەتە بەشێك بۆ ئەو هەنگاوانەی دەنرێن تا لەورێیەوە خەڵكێكی زۆر لەخۆیان كۆ بكەنەوە، لەم سۆنگەوە ڕێكلام بە میوە و كتێب دەچوێنێ، دەڵێ: ((میوەی باش وپوختە ڕێكلامی ناوێت، چونكە ڕەنگ، تامو بۆیەكەی ڕێكلامە! گەر نا بە ڕێكلام لەوانەیە تەنها یەك جار ئەو بابەتە میوەیە بكڕم! خۆ گەر وەك پێویست دەرنەچێ، ئەوە دوور نییە چیتر بە نزیك ئەو دووكانەدا نەڕۆم كە ئەو بابەتە میوە بێتامەم لێ كڕیبێت! كتێبیش گەر تەنها بە ڕێكلام ناوی بڕوا، خۆ تەنها پەڕی یەكەمی دەخوێنمەوە گەرنا بە نزیك ئەو كتێبخانەیەشدا تێناپەڕم كە كتێبەكەم لێ كڕیوە! بەمە ئەم شەكراوەم بەبیر دێتەوە كە بەهەنگوین دەفرۆشرێت!))
مامۆستا زراری بیرڕۆشن بە نموونە و بەسەرهاتی جوان جوان باس لە زۆر دیاردەی ناقۆڵا و نابەجێی كۆمەڵی كوردەواری دەكات وەك ئیرەیی و ڕق و كینە و خۆبەزلزان و هتد، ئەوەتا لە ڕووی خۆدەرخستنەوە بەسەرهاتی دوو قوتابیمان بۆ دەگێڕێتەوە: ((ئەوانەی خولیای خۆدەرخستن بەسەختی لە كەللەی داون وەك (شەحن فەوری) دەیانەوێ لە پڕێك ببن بەكوڕێك، بەسەرهاتی ئەو قوتابییە سەرەتاییەم بەبیر دێتەوە كە دەچێت قەڵەمێك لە برادەرەكەی دەدزێت، لە ژووری پۆل لەكاتی وانە خوێندن پەنجە بڵند دەكات و دەڵێت: مامۆستا قەڵەمێكم دیتەوە! مامۆستاش دەڵێت: ئافەرین چەپڵەیەكی بۆ لێ دەن. ئیتر هەر لە خوت و خۆڕایی بە ناوی دەستپاكی ڕێژنەچەپڵەیەكی گەرمی بۆ لێ دەدرێت! قوتابیەكەش سنگی دەردەپەڕێنێت و كەوڵی پڕ با دەبێت، چونكە لەپێش چاوی برادەرەكانی (مەجانەن) ڕێژنەچەپڵەیەكی (حەڕام)ی بۆ لێ دراوە! ئینجا پاش ڕێژنەچەپڵەكە، قوتابیەكی تر دەست بڵند دەكات و دەڵێت: مامۆستا خۆ فلان كەس’ ئەو قەڵەمەی لە برادەرەكەی دزیبوو! نەیدیتبۆوە! ئێوە ناتانزانی بۆیە چەپڵەتان بۆی لێ دا! مامۆستاش ڕوو لە قوتابیەكان دەكات و دەڵێت: دە چەپڵەیەكیش بۆ ئەم لێ دەن.))
نووسەر ئەو جارەیان لە جیاتی بابەتی خۆدەرخستن، بابەتی خۆ دەوڵەمەندكردن لە زمانی ئەوەوە بۆمان دەگێڕێتەوە، دەڵێت: ((مامۆستایەكی برادەرم بۆی گێڕامەوە گوتی: پوورزایەكی زەغەلم هەبوو، زۆر حەزی لە نانی حەڵاڵ ناكرد…! بەڵكو دەیویست بە شەحنی فەوری زوو دەوڵەمەند ببێ. ڕێستۆرانتێكی هەبوو، هەر لەناو پێنج شەش مانگان دەچوو ناوەكەی دەگۆڕی؛ وا حاڵیببوو كە ناوەكەی بگۆڕێ خەڵك بەلێشاو دێنە چێشتخانەكەی و نان دەخۆن! نایزانی بەمە سەر لەخۆی و خەڵكەكەش دەشێوێنێ، چونكە لەجیاتی ناوەڕۆك و فەلسەفەی كار و خزمەتگوزارییەكان بگۆڕێ، كابرا دەچوو ناوەكەی دەگۆڕی!))
لەوەتەی دنیا دنیایە، درۆ هەیە، درۆ دژمنی خوایە، مامۆستا بەراوردی سەردەمی زوو بەئێستا دەكات و ژیربێژانە هەردوو سەردەم بەیەك دەبەستێتەوە: ((لە مەجلیسی جاران، گەر یەكێك درۆی بكردایە! پاش ئاشكرابوونی درۆكە ئۆوە كاكە! خەڵك هەر بەپەندیان دەبرد! بۆیە چ حەددی هەبوو جارێكی تر درۆ بكات! بەڵام ئەمڕۆ گەر یەكێك درۆ بكات لە فەیسبوك، نەك هەر دەیان دەستخۆشیی لێ دەكرێت، بەڵكو زۆر بەپەرۆشەوە پاكانە بۆ درۆكانیشی دەكەن دەگوترێ: چ قەیدییە؟! ئەوە ڕای خۆیەتی! بیروڕا ئازادە.
مەجلیسی كوردەواری جاران لەگەڵ مەجلیسی فەیسبوكی ئەمڕۆمان ڕەنگە لەهەندێك ڕوو نەختێك لەیەكتر بچن، بەڵام لەهەندێك ڕوویترەوە تەواو لەیەكتر جودان و بەینیان ئاسمان و ڕێسمانە. جاران خەڵك بەكۆمەڵ لەگەڵ یەكتر دادەنیشتن، هەر یەكە باس و خواسێكیان دەگێڕایەوە، خۆ گەر كابرایەك زۆر مەدحی خۆی بكردایە، یەكسەر پیرە پیاوێك ڕووبەڕوو پێیدەگوت: (بەسە زۆری ڕامەكێشە دەزانین تۆ كوڕی كام پیرە چێری؟!) ئیتر كابراش چەنەی تێكدەناو چیتر نادوا.! بەڵام ئەمڕۆ دەبینین یەكێك دێت لەفەیسبوك هێندە مەدحی خۆی دەكات، تەنانەت لەسروشتی ڕاستەقینەی خۆی تەواو دەترازێت! كەچی نەك هەر كەس پێی ناڵێ ستۆپ، بەڵكوبەپێچەوانەوە كۆمەڵێك كەسی لە ئاستی خۆی نەزان و نزمتر بەپەرۆشەوە دەستخۆشی لێ دەكەن، بۆی دەنووسن: گەر چوار كەسی وەك جەنابت لەكوردستان هەبووایە؟! بێ شك كوردستان دەبووە وڵاتێكی تر و ئێمەی كورد دەبووین بە كوڕێكی تر! ئیتر كابرا بەم پێداهەڵگوتنە، لانس وەردەگرێت! كەوڵی پڕ با دەبێت، لە دڵی خۆیدا دەڵێت: (بەخوا ڕەنگە من بە گوللەیەك نەكەوم؟!) ئیتر دەعیەی تەواو گەورە دەبێت، پێی لەبەر خۆی دەچێتە دەرێ! خۆی بەزل دێتە بەرچاو، زیاتر دەست دەكات بە فشەفش! بەڵام ئەو كەسانەی كە دەیناسن بایی چەندە؟! خۆ هەر بەهیچی تێدەگەن، بەشان و باڵیدا هەڵناڵێن، لەئاكامدا ئەوانیش لە یەكتر لالووت دەبن، ئەو شڕە پەیوەندیەی هەشە، ئەویش نامێنێت و هەر یەكەو ڕوو لە لایەك دەكەن!))
كەواتە متمانە هۆكارە تا پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكانمانی پێ پتەو و تۆكمە بكەین، بەگیانی لێك تێگەیشتنەوە بڕوانینە داهاتوودا. نووسەر لە وەسفی متمانە پێمان دەڵێ: ((ئەو كاتەی خەڵك باوەڕ و متمانەیان پێتە، پێویستە بەردەوام هیمەت بكەیت و كاری باشیان بۆ بكەیت، چونكە متمانە وەك بەنج وایە، بەرامبەرەكەت سڕ دەكات. لە قسەت دەرناچن، باوەڕیان پێتە، خۆیان بۆت شل دەكەن؛ خۆ كاتێك دكتۆریش نەخۆش بەنج دەكات، پاش ساردبوونەوەی بەنج، كەسی بەنجكراو هەست لەخۆی ڕادەگرێت تا بزانێت واقیعی دوای بەنج بۆنی خێری لێ دێت، یان چڕەدووكەڵی بەدبەختی! پاش ماوەیەك بۆی دەردەكەوێت كە دكتۆرەكە چ بابەتە فریادڕەسێكە.))
(شیرینی و تاڵییەكانی ژیان) نەك تەنها خوێندنەوەیەك و بەس، بەڵكو دەیەها خوێندنەوەی تر لەخۆ دەگرێ، چونكە بە دەیان قسەی نەستەق و پەندی پێشینانی خزاندۆتە نێو بەسەرهاتەكان و ئەوەندە وشەی ڕەسەنی كوردیی تێدا بەكار هێناوە، دەكرێ وەك سەرچاوەیەكی زانستی سوودی لێ وەربگیرێ، هیوای سەركەوتن بۆ مامۆستای سەرپەرشتیار و هەوڵەكانی دەخوازم، بە ئومێدی كاری جوانجوان و بەرهەمی دیكە.

