رۆژنامەی ھەولێر

قومری و قومری لە ژیانێکی قوربانییەوە، بۆ ونبوون لەنێو مۆدێرنێتەدا

ئارام کۆشکی

تێکستە گرنگەکان ئەو تێکستانەن خوێنەر بۆ هەمیشەیی بە تامەزرۆییەوە دەهێڵنەوە، یان بۆ هەمیشەیی توانای ژیانیان هەیە لەنێو هزری خوێنەردا. گەلێک تێکست هەن ساڵانێکی زۆرە خوێندوومەتەوە، بەڵام تا هەنووکەش هەر لەلام ماوەتەوە و نەمریی خۆیان لەدەست نەداوە. ئەمەش پەیوەندی بەو جیهانەوە هەیە، کە نووسەر هەڵی بژاردووە، جیهانێک بێت هەمیشە و لە هەموو کولتوور و شوێنێکدا توانای ژیانکردنی هەبێت. دەکرێت بە کەمێک پێداگرانەترەوە بڵێم تێکستە نەمرەکان ئەوانەن کە توانای ئەوەیان هەیە لەنێو هەموو زمان و کولتوور و شوێنێکدا بژین، لەبەرئەوەی هەڵگری خەمێکی هیومانیستی هەمیشەیین، ئەگەرچی چیرۆکەکانیشان لۆکاڵی بن، بەڵام بە خەمی هیومانیستیانە چنراون.
شەش مانگ زیاترە کە ڕۆمانی “قومری و قومری”ی تەحسین یوجەلم خوێندووتەوە، بەڵام ئەم تێکستە لەو ماوە درێژەدا، کە چەندین تێکستی دیکەی بەسەردا هاتووە و چەندین ڕۆمانی دیکەم خوێندووەتەوە، بەڵام هەمیشە هەر لە خەیاڵمدا بووە و قومری و ژیانە سەیرەکەیم هەر لەبیر نەچووەتەوە، وەک چۆن زۆربا و ڕاسکۆنیکۆف و گریگۆر سامسا و زۆر کاراکتەری دیکەشم بۆ هەمیشەیی لەبیر ناچێتەوە. “قومری” ئەو کچەی لە ژیانێکی بچووکەوە و لەنێو ڕووبەری گوندێکی بچووکدا دەکەوێتە نێو ژیانێکی فراوان و جەنجاڵی وەکو ئیستانبۆڵ و دەیەوێت لەگەڵ ئەم ژیانە نوێیەدا بژی و بە هەرجۆرێک بێت خۆی بگونجێنێت. لەو ماوە درێژەدا من ژیانەکەی قومریم هەر لە خەیاڵدا بوو، ئەو ئاڵەنگارییانەی هاتنە ڕێگای، ئەو سادەییەی نەیتوانی بیپارێزێت و سەر بۆ شتی دیکە نەکێشێت. قومری-یش چووە ڕیزی ئەو کاراکتەرە گرنگ و هەمیشەییانەی کە بۆ هەمیشەیی لە هزرمدا بمێنێتەوە.
سێ ساڵ لەمەوبەر و پێش ڕۆمانی “قومری و قومری”، ڕۆمانی “دوایین پێنج ڕۆژی پێغەمبەر”ی هەمان نووسەرم خوێندەوە. ئەویش لەو ڕۆمانانەیە کە خوێنەر بۆ هەمیشەیی لە هزریدا دەمێنێتەوە و “ڕەحمی سۆڵمەز” ئەو کاراکتەرە کلاسیکیەیە کە بڕوای بە شۆڕش هەیە لەڕێی وشەوە و پێیوایە شۆڕشی ڕاستەقینە دەبێت لە ڕێگەی شیعرەوە بکرێت (چونکە خۆی شاعیرە و کار بۆ ئەوە دەکات)، ڕۆمانەکە چیرۆکی ئەم چەپە کلاسیکییە دەگێڕێتەوە بە کۆمەڵێک قۆناغدا دەڕوات و لەنێوان چەندین خەوندا ون مەلە دەکات تا بگات بە خەونە ڕاستەقینەکەی کە دواجار لەبری بەدیهاتنی دەبێتە سەراب. ڕەحمی نموونەی ئەو مرۆڤانەیە کە بڕوایەکی چەقبەستووەوە لەنێو ژیانێکی گۆڕاودا دەجوڵێن. قومریش نموونەیەکی پێچەوانەی ئەم کاراکتەرەیە، کە دواتر دەگەڕێمەوە سەری. ڕەحمیش وەکو قومری کاراکتەرێکە لە هزردا دەمێنێتەوە، ئەگەر خوێنەر ناوەکەشی لە یاد بکات، کردەکانی، خەونەکانی، ئەو ژیانە سەمەرەیەی لە یاد ناکات، کە تایبەتمەندییەکی سەرەکی بوونی خۆیەتی.
ئەگەر ڕۆمانی “قومری قومری” ئاوێتەی کۆمەڵگەی کوردی بکەین و کاتێک سەیری کۆمەڵگەی خۆمانم دەکەین هەست بە چەندین قومری دیکە دەکەین، کاتێکیش وێنەکەم گەورەتر کرد قومرییەکان لە هەموو شوێنێکی جیهانن. قومری لەم ڕۆمانەدا هەم ڕەمزی قوربانییە هەم هەم ڕەمزی گیانفیداییە، هەم هێمایە بۆ جۆرێک لە مرۆڤ کە توانای ئەوەی نییە کەسێتی خۆی بونیاد بنێت و کەسێتییەکی جیوەیی و ناجێگیریی هەیە، کە شێوەی ئەو دەفرە وەردەگرێت کە تێی دەکرێت، نەک خۆی خاوەنی شێوەیەک بێت (ئیدی گرنگ نییە شێوەکە چۆنە؟). هاوکات قومری هێمایە بۆ مرۆڤێک کە لەبەرئەوەی بە ژیانی شار ڕانەهاتووە، کاتێک دەکەوێتە نێو ژیانی شارەوە لەبری ئەوەی خۆی بدۆزێتەوە، ون دەبێت، ونبوونێک کە بە تراژیدیا کۆتایی بێت.
ئەگەر وردتر بچینە نێو ناوەرۆکی ڕۆمانەکە دەبینین ئەم ڕۆمانە چیرۆکی ململانێی بوون و گۆڕانی قومرییە، کە لە گوندەوە کۆچ بۆ شار دەکات و لەناو کۆمەڵگایەکی بەرخۆردا دەست بە ژیان دەکات. قومری ژنێکی گەنجی گوندییە، بە پارەی شیربایی هاوسەرگیری پێکراوە و بۆ شارێکی گەورەی مەترسیدار گوازراوەتەوە، ناچار دەبێت، بەگوێرەی ئەو بەها نوێیانەی بەتەواوەتی نامۆیە پێیان، سەرلەنوێ هەم ژیان و هەم شوناسی پێکبهێنێت. کاتێک شارەزایانە پەیڕەوی ئەو ژیانە هاوچەرخە دەکات، لەناو ئەو ماڵانەدا بەری دەکەوێت، کە ڕۆژانە بۆ کاری پاککردنەوە سەردانییان دەکات، بەخۆی نامۆ دەبێت. ئەم نامۆییە درێژ دەبێتەوە و دەبێتە چیرۆکی ململانێی سەرەکی ڕۆمانەکە…
ئەگەر سەرنج لە دۆخی کاراکتەرێکی وەکو قومری بدەین دەبینین قومری نموونەی ئەو مرۆڤانەیە لەنێو ژیانێکی هەمیشە گۆڕاو و جوڵاودا ئەویش دەیەوێت لەگەڵ ئەو جوڵاو و هەمیشە گۆڕانەدا هەڵ بکات، بەڵام بێئاگایە لەوەی ون دەبێت. هەر چۆن “ڕەحمی” نێو “دوایین پێنج ڕۆژی پێغەمبەر” لەنێو چەقبەستن لە ڕابردوودا ون بوو، هاوکات قومریش لەگەڵ ڕێکردنی خێرای ژیانی مۆدێرندا ون بوو. دەشێ لێرەدا بپرسین ئایا خۆدۆزینەوەیەک لە ئارایە؟ مرۆڤ لەنێوان ئەم دوو جیهانەدا چۆن خۆی بدۆزێتەوە؟ ئایا ڕێگەی سێیەم هەیە؟
بێگومان نەک ڕێگەی سێیەم بەڵکو دەشێ دەیان ڕێگەش هەبێت، بەڵام دەشێ ڕێگەی سێیەم ئەوە بێت کە مرۆڤ نە پێویستە لەنێو ژیانێکی چەقبەستوودا بێت، نەک پێویستە لەنێو ژیانێکی هەمیشەگۆڕاودا بێت، بەڵکو پێویستە لەنێو ژیانی خۆیدا بێت. مرۆڤ تا خاوەنی ژیان و کات و خەونی خۆی نەبێت مرۆڤێکی ونبووە.
رۆمانەکانی ئەم نووسەرە چەندین پرسیار و چیرۆکی سەیر لە ژیانی کاراکتەری جیاواز و ئاوارتەی نێو کۆمەڵگەی تورکی دەگێڕنەوە، بەڵام چەشنی جۆرێک لە بنکۆڵکاریی گێڕانەوەییە لەسەر مرۆڤی ئەم چەرخە، کە هەر بەشێک لەم ڕۆمانانە وانەیەکی نوێیە بۆ خوێنەران لە هەر شونێکی دونیا بن.
من نامەوێت چیرۆکەکەی قومری بگێڕمەوە، بەڵام لەم نووسینە کورتەدا تەنها خوێنەر داوەتی خوانێکی گێڕانەوەیی دەکەم، کە شایستەی کاتپێدانە، شایستەی ئەوەیە نەک جارێک چەندجارێک بخوێنرێتەوە، بۆ ئەوەی لەو ونبوونە بێینە دەرەوە کە چەشنی پەتایەک هەموانی گرتووەتەوە؟ دوای خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە خوێنەر لە خۆی دەپرسێت ئایا ونبووە یان نا؟ ئەگەر ونبووە دەرچەی خۆدۆزینەوە کامەیە؟ پێموایە هەر ئەمەشە ئەرکە ڕاستەقینەکەی ئەدەب، کە پرسیارێکی جەوهەری بخاتە هزرمانەوە.
دەستخۆشی بۆ موزیسیان و وەرگێڕ سامان کەریم، کە وەکو هەمیشە بە بەرهەمی ناوازە کتێبخانەی کوردی ئاوەدانتر دەکات و هزری ئێمەش پاراو دەکاتەوە.