ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر
ئازاری بەردەوام و دووبارەی سك یەكێكە لە كێشە تەندروستییە باوەكان لەنێو كەسانی پێگەیشتوودا كە زۆرجار دەبێتە هۆی بێزاری و تێكچوونی شێوازی ژیانی ڕۆژانە. پسپۆڕان هۆكاری ئەم ئازارە دەبەستنەوە بە تێكچوونی ئەندامەكانی ناوپۆشی سك وەك (ڕیخۆڵەكان، كیسی زراو، جگەر و پەنكریاس)، یاخود كێشە لە بەشی خوارەوەی سك و ناوچەی حەوز وەك (میزڵدان، منداڵدان، هێلكەدانەكان و ڕژێنی پرۆستات).
نیشانە هاوپێچەكان:
• هێڵنجدان، ڕشانەوە و نەمانی ئارەزووی خواردن
• سەرئێشە و ئازاری جومگەكان
• باوبژ (غازات) و ئاوسانی سك
• دڵەڕاوكێ، خەمۆكی و بێزاریی دەروونی بەهۆی درێژخایەنیی ئازارەكە
هۆكارە سەرەكییەكان:
پزیشكان هۆكارەكانی سكئێشەی جاربەجار بۆ دوو بەشی سەرەكی دابەش دەكەن:
• ئازاری فرمانی (وەزیفی): ئەو ئازارەیە كە بۆ ماوەی زیاتر لە شەش مانگ بەردەوام دەبێت بێ ئەوەی هۆكارێكی ئەندامیی دیاریكراوی هەبێت، كە تێیدا خەمۆكی، ترس، دڵەڕاوكێ و جۆری خواردن كاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر دروستبوونی هەیە.
• ئازاری ئەندامی و جەستەیی: لە ئەنجامی نەخۆشی و كێشەی فیزیۆلۆجی دروست دەبێت، لەوانە:
• كۆئەندامی هەرس: هەستیاری بە گلوتین (گەنم) و لاكتۆز، برین و میكرۆبی گەدە، هەوكردنی ڕیخۆڵەكوێرە، هەوكردنی جگەر، نەخۆشیی كرۆن، فتق، قەبزیی درێژخایەن، هەوكردنی كۆڵۆن، كۆڵۆنی دەماری و لە هەندێك حاڵەتیشدا شێرپەنجەی گەدە و پەنكریاس.
• كۆئەندامی میزەڕۆ و زاوزێ: بەردی میزەڕۆ و گورچیلە، كیسی هێلكەدان و هەوكردنی توندی ناوچەی حەوز، لەگەڵ هۆكاری دیكەی وەك كەمخوێنی و ژەهراویبوون.
ڕێنماییە سەرەكییەكان بۆ كەمكردنەوە و چارەسەری ئازاری سك:
• دەستنیشانكردنی هۆكار: سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بۆ دیاریكردنی سەرچاوەی ئازارەكە و وەرگرتنی دەرمانی گونجاو بەپێی دەستنیشانكردنەكان.
• ڕێكخستنی ژەمەكان: دووركەوتنەوە لە خواردنی قورس و گۆڕینی سیستمی خۆراك بۆ (٥) ژەمی سووك و فرەژەم لە ڕۆژێكدا، لەگەڵ گرنگیدان بە خۆراكە شلەكان.
• كەمكردنەوەی چەوری و ترشی: كەمكردنەوەی خۆراكە چەور و سوورەوەكراوەكان، هاوكات كۆنترۆڵكردنی میوە مزرەكان ئەگەر هۆكاری تێكچوونی گەدە بن.
• كەمكردنەوەی كافایین: سنوورداركردنی خواردنەوەی چا، قاوە و خواردنەوە گازییەكان كە دەبنە هۆی هاندانی ترشەڵۆكی گەدە.
• شێوازی ژیانی تەندروست: دووركەوتنەوە لە جگەرەكێشان و كحوول، لەگەڵ خواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو ڕۆژانە بۆ پاراستنی شێداری و تەندروستیی كۆئەندامی هەرس.

