نوح چارنی
وەرگێڕانی: شۆڕش غەفووری
(مایا ئەنجێلۆو ـ Maya Angelou)، شاعیر لەو یادداشتنامەی کە بە ناوی (دایکم و من و دایکم – Mom & Me & Mom) بۆ دایکی نووسیوە، باس لەوە دەکات بۆچی لە کاتی نووسیندا سەرپێچ دەبەستێت و بۆچی بەردەوام کارتی پیرۆزبایی دەکات. لەم گفتوگۆیەشدا باسی ئەوە دەکات کە چن دەنووسێت.
ـ باسی ئەو ئاهەنگی نانی ئێوارەیەم بۆ بکە کە تێیدا (جەیمس باڵدوین – James Baldwin)ـی نووسەر و (جوڵز فایفێر – Jules Feiffer)ـی کاریکاتێریست هانیان دایت یەکەم یادداشتنامەی خۆت بە ناوی (دەزانم بۆچی باڵندەی ناو قەفەس دەخوێنێت – I Know Why the Caged Bird Sings) بنووسەت؟
مایا ئەنجێلو: باشە، دڵنیا نیم ئایا ئاهەنگی نانی ئێوارە بوو یان نا! (مارتن لۆسەر کینگ – Martin Luther King) لە ڕۆژی لەدایکبوونمدا کوژرا، منیش پلانی ئاهەنگێکی لەدایکبوونم دانابوو. مردنی لۆسەر ئەوەندە شۆکی کردم کە وازم لە نانخواردن هێنا و وەڵامی تەلەفۆنم نەدەدایەوە. سەرەنجام جەیمس باڵدوین هاتە بەردەم دەرگای شوقەکەم و دەستی کرد بە دەنگەدەنگ، وتی تا پۆلیس نەیەت ناڕوات. جوێنی دەدا و هاواری دەکرد: ئەو دەرگایە بکەرەوە!. دەرگاکەم کردەوە و هاتە ژوورەوە و گوتی: بڕۆ خۆت بشۆ، من لێرە دەبم و هەندێک جلت بۆ ئامادە دەکەم. چوو بۆ لای کانتۆرەکەم و هەندێک جلی هێنا و گوتی: دەتبەم بۆ شوێنێک. نەمدەزانی بۆ کوێم دەبات. چووین بۆ ماڵێکی تر، کاتێک چووینە ژوورەوە منی بە جوڵز فایفێر و جوودی هاوسەر و کچەکەیانی ناساند. جوڵز وتی: تۆ پێویستت بە پێکەنینە، پێویستت بەوەیە کەسێک تەماشات بکات کاتێک پێدەکەنیت و ئەویش لەگەڵت پێبکەنێت. لەو کۆڕە پڕشنگدارەدا، من لەو حاڵەتەی خۆم هاتمە دەرەوە. زۆر سەرسام بووم بەو هاوڕێیەتییەی نێوانیان. جەیمس باڵدوین بۆ من وەک برا وابوو، و ئەو کەسایەتییە سپیپێستە بەناوبانگانەش ئەوەندە میهرەبان و باش بوون هەر باسی مەکە.
ـ تۆ ژیانێکی زۆر جیاوازت بەسەر بردووە لە ڕووی پیشەوە، لە میوزیسیان و گۆرانیبێژ و نووسەوە بگرە تا سەماکار. ئایا هیچ پیشەیەک هەیە تاقیت نەکردبێتەوە بەڵام مەراقت زۆرە بۆی؟
مایا ئەنجێلو: نا، هەر شتێک بە مێشکمدا هاتبێت، کەمێک تاقیم کردووەتەوە.
ـ هەندێک خووی نووسینی سەیرم دەربارەی تۆ خوێندووەتەوە، وەک گرتنی ژووری هۆتێل کە هیچ وێنەیەکی پێوە نەبێت، خواردنەوەی شێری (Sherry) و لەسەرکردنی سەرپێچ. چۆن گەیشتییە ئەو تێکەڵەیە بۆ ئەوەی لە نووسین سەرکەویت؟
مایا ئەنجێلو: سەرپێچ! ها! ئەوە پەڕۆیەک بوو بۆ بەستنی سەر نەک هاوشێوەی کڵاو! من چەند جارێک هاوسەرگیریم کردووە، و یەکێک لە هاوسەرەکانم ئیرەیی بە نووسینەکانم دەبرد. کە دەنووسم، حەز دەکەم قژم بادەم و یارییان پێ بکەم. کە هاوسەرەکەشم دەهاتە ژوورەوە، تۆمەتباری دەکردم و دەیگوت: خەریکی نووسین بوویت! وەک ئەوەی شتێکی خراپم کردبێت و ئەو تۆمەتبارکردنەشی لە قژمەوە دەیزانی، بۆیە فێر بووم قژم بە جۆرە توربانێک یا پەڕۆیەک بشارمەوە. ئێستاش لە هۆتێلێکی شارەکەی خۆم ژوورێکم هەیە و مانگانە کرێی دەدەم. سەعات ٦:٣٠ی بەیانی دەچم بۆ ئەوێ. مێزێک و فەرهەنگێکی (تێسۆرس – Thesaurus) و ئینجیلێکی لێیە.
ـ کام چاپی ئینجیل؟
مایا ئەنجێلو: ئەوە پرسیارێکی باشە، لەبیرم چووە… ناوی چاپێکی بەناوبانگی بڵێ!
ـ چاپی (کینگ جەیمس – The King James)؟
مایا ئەنجێلو: ڕێک ئەوەیە!
ـ هیچ شتێکی تر لە ژووری هۆتێلەکەت هەیە؟
مایا ئەنجێلو: بە گشتی دەستەیەک وەرەقی یاری و هەندێک گۆڤاری (وشەی یەکتربڕ – Crossword)، چەندی شتێکی ئاوا تا مێشکە بچووکەکەم سەرقاڵ بکەن، وابزانم داپیرەم ئەوەی فێر کردم. ئەو هەمیشە باسی مێشکە بچووکەکەی دەکرد. بۆیە کاتێک گەنج بووم، لە تەمەنی نزیکەی ٣ ساڵی تا ١٣ ساڵی، بڕیارم دا کە مێشکێکی گەورە و مێشکێکی بچووکم هەبێت. مێشکە گەورەکە ڕێگەت پێدەدات بیر لە شتە قووڵەکان بکەیتەوە، بەڵام مێشکە بچووکەکە دەبێت سەرقاڵ بکرێت تاوەکو تەرکیز و سەرەنجت تێکنەچێت. ئەم ئەقڵە بچووکە وشەی یەکتربڕ شیکار دەکات یان یاری (سۆلیتێر – Solitaire) دەکات، لە کاتێکدا ئەقڵە گەورەکە قووڵ دەبێتەوە ناو ئەو بابەتانەی کە دەمەوێت لەسەریان بنووسم. داواش لە کارمەندانی هۆتێلەکە دەکەم نەیەنە ژوورەوە، نەکا پارچە کاغەزێکم فڕێدابێتە سەر زەوی و ئەوان وەک خاشاک تەماشای بکەن و فڕێی بدەن. دوو مانگ جارێک نامەیەکم لەژێر دەرگاکەوە بۆ دادەنێن کە لەسەرت نووسراوە: خاتوون ئەنجێلۆو، تکایە ڕێگە بدە نوێنەکانت بۆ بگۆڕین، هەست دەکەین کەڕووی هێنابێت! بەڵام من هەرگیز لەوێ ناخەوم، سەعات ٢ی پاشنیوەڕۆ لەوێ دێمە دەرەوە. پاشان دەچمەوە ماڵەوە و ئەوەی نووسیومە دەیخوێنمەوە و پێداچوونەوەی بۆ دەکەم. بەم شێوەیە من کتێب دەنووسم!
ـ کاتێک دەنووسیت، هێشتا (شێری – Sherry) دەخۆیتەوە؟
مایا ئەنجێلو: ئێستا زۆر نا. نزیکەی دوو ساڵە وازم لێهێناوە.
ـ جیاوازی نێوان ژیاننامەی ڕاستەقینە و چیرۆکی ژیاننامەیی لای تۆ چییە؟
مایا ئەنجێلو: پێم وانییە شتێک هەبێت بە ناوی چیرۆکی ژیاننامەیی. ئەگەر بڵێم ڕوویداوە، واتە ڕوویداوە، تەنانەت ئەگەر تەنها لە مێشکیشمدا بووبێت. بەڵێنم بە خۆم داوە تا دەتوانم باش بنووسم، ڕاستییەکان بڵێم، نەک هەموو ئەو شتە بڵێم کە دەیزانم، بەڵام دڵنیا ببمەوە هەرچی دەیڵێم ڕاستە. ئینگلیزی زمانێکی جوانە، وانییە؟ من بە چەند زمانێک قسە دەکەم، بەڵام هیچیان لای من لە ئینگلیزی جوانتر نین.
ـ لەو زمانانەی قسەیان پێ دەکەیت، زمانی دووەمی دڵخوازت کامەیە؟
مایا ئەنجێلو: ئیسپانی، چونکە پێموایە لە هەموویان باشتر دەیزانم. جاران دەموت فەڕەنسی، بەڵام ئێستا کاتێک لە فەڕەنسام و بەدوای وشەیەکدا دەگەڕێم، ئەگەر دەستبەجێ نەیەتە سەر زارم، بە ئیسپانی بۆی دەگەڕێم.
ـ تۆ گوتووتە هیچ شتێک هێندەی نووسین ناتترسێنێت، بەڵام هیچ شتێکیش هێندەی ئەو تێر و ڕازیت ناکات. لە نووسین چی دەتترسێت؟
مایا ئەنجێلو: ئایا ڕستەیەک دەنووسم کە لە لاپەڕەکەدا بفڕێت؟ خوێندنەوەی ئاسان، نووسینێکی زۆر قورسی لەپشتە. بەڵام ئەگەر ڕستەکە ڕاست بێت، ئاسانە. ئەگەر نووسینەکە شێوابێت، خوێندنەوەی قورس دەبێت.
ـ تۆ وتاربێژێکی بەناوبانگیت. چی وا دەکات وتارێک یان وتاربێژێک گەورە بێت؟
مایا ئەنجێلو: هەمان ئەو شتەی کە گۆرانیبێژێکی باش دروست دەکات. دەبێت وتاربێژەکە گوێیەکی باشی هەبێت و زمانەکەی خۆش بوێت. خۆشەویستی و ڕێز. هەروەها دەبێت قەناعەتی تەواوی هەبێت کە ئەوەی دەیڵێت گرنگە. نابێت زۆر لەسەر ستەیج بمێنێتەوە.
ـ باشترین وتاربێژ لای تۆ کێ بووە کە وتارەکەیت گوێ لێبووە؟
مایا ئەنجێلو: دکتۆر مارتن لۆسەر کینگ. کەس ناتوانێت شان لە شانی ئەو بدات.
ـ تۆ هەموو شتێکت نووسیوە، هەر لە شیعرەوە بگرە تاوەکو کارتی پیرۆزبایی. پڕۆسەی نووسینی ئەو کارتە کورتانە چۆن بوو؟
مایا ئەنجێلو: ئەوە شتێکی سەرنجڕاکێشە. کەسێک لە ڕۆژنامەی (تایمز – Times) پرسیاری لە شاعیرێکی گەورەی ئەو کاتە پرسی: ڕات چییە لەسەر ئەوەی مایا ئەنجێلۆو بۆ هاڵمارک دەنووسێت؟ ئەویش گوتبووی: داخەکەم کە خانمی ئەنجێلۆو هونەرەکەی خۆی هێندە نزم کردووەتەوە بۆ نووسینی دروشمی تاکڕستەیی سەر کارتەکانی پیرۆزبایی. هەر ئەو ڕۆژە لە ڕۆژنامەکەدا ئەوەم خوێندەوە، و هەمان پاشنیوەڕۆ لە کتێبخانەیەک بووم لە (مەیامی – Miami) بە ناوی (Books on Books) و کتێبخانەیەکی ناوازەیە، زۆرت حەز لێ دەبێت، ئاخنراوە بە کتێب. ئارەزوو دەکەیت لەوێ بژیت. بە ڕێڕەوێکدا تێپەڕیم و ڕووبەڕووی ژنێک بوومەوە کە ڕێک لە خۆم دەچوو: بە باڵا و بە تەمەنیش، بەڵام ئەو سپیپێست بوو. گوتی: تۆ ڕێک لە مایا ئەنجێلۆو دەچیت! منیش گوتم: سوێند بە خوا هەر خۆیم! ژنەکە خۆی بە ڕەفەی کتێبەکانەوە ڕاگرت و دەستی کرد بە گریان. پێی گوتم: خانمی ئەنجێلۆو، من ماوەی پێنج ساڵ بوو لە کچەکەم دابڕابووم. بەڵام کریسمسی ڕابردوو کارتێکی بۆ ناردبووم کە لەسەری نووسرابوو “خۆشەویستیی دایک، سارێژکەرە” و فرمێسکی زیاتر لە چاوەکانی ڕژانە خوار. منیش لەگەڵی گریام. گوتی: «ئێستا پەیوەندیی من و کچەکەم ئاسایی بووەتەوە» و گوتیشی: «شەوانە ئەو کارتە لەگەڵ خۆم دەبەمە سەر جێگە، لەسەر مێزی تەنیشت سەرم دایدەنێم. بەیانیان کە قاوە دروست دەکەم دەبیبەم بۆ چێشتخانەکە. پارێزگاری لەو کارتە دەکەم. من و کچەکەم دووبارە بەیەک گەیشتینەوە. سوپاست دەکەم».
ـ جلوبەرگی دڵخوازت چییە؟
مایا ئەنجێلو: پێموایە پێڵاوی (Uggs)ـەکەم.
ـ چی دەتخاتە پێکەنین؟
مایا ئەنجێلو: کاتێک کەسێکی ڕاستگۆیانە بە خۆی پێدەکەنێت. ئاخر من هەرگیز پێنەکەنیم بە کەسێک کاتێک گاڵتە بە کەسێکی تر دەکات.
ـ چی دەتخاتە گریان؟
مایا ئەنجێلو: منداڵی تەنیا.
ـ چ شتێک هەیە کە هەردەم لەگەڵ خۆت هەڵی دەگریت؟
مایا ئەنجێلو: من منداڵێکی خودام. ئەو باوەڕە لەگەڵ خۆم هەڵدەگرم.
ـ حەز دەکەیت چی لەسەر کێلی قەبرەکەت بنووسرێت؟
مایا ئەنجێلو: (پێدەکەنێت) من ئەوەی لە توانامدا بوو کردم، هیوادارم تۆش هەمان شت بکەیت.
تێبینی:
ئەم چاوپێکەوتنە کورت و دەستکاری کراوە.

