رۆژنامەی ھەولێر

بەردی بناغەی گەشەی جەستەیی و دەروونی

ماكوان عيززه‌‌ت-هەولێر

 

خەو یەکێکە لە پێداویستییە سەرەکییەکانی مرۆڤ بۆ نوێبوونەوەی وزەی جەستەیی و توانای دەروونی، بەڵام بۆ منداڵان ئەم بابەتە تەنیا پشوودان نییە، بەڵکو پەیوەستە بە تەواوی پرۆسەی گەشەکردن و پاراستنی تەندروستییان. بەپێی وتەی پسپۆڕان، بەهای ڕێکخستنی خشتەیەکی دروستی خەو زۆر لەوە گەورەترە کە تەنیا دەرفەتێک بێت بۆ پشوودانی دایکان و باوکان.

د. عەبدولناسر محەمەد عەلی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان، تازەلەدایکبووان و ناکامڵ، تیشک دەخاتە سەر گرنگییەکانی خەوی دروست و هۆکارەکانی دەستەبەرکردنی:

کاریگەریی خەو لەسەر گەشەی دەروونی و جەستەیی
• گەشەی دەروونی و هۆشیاری: خەوی تەواو ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە کارکردنی مێشکدا. لە کاتی خەودا پەیوەندییەکانی نێوان دەمارەخانەکانی مێشک و جەستە پتەو دەبن، لە کاتێکدا کەمخەوی ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی سەرنج، تێکچوونی مەزاج و دروستبوونی کێشەی فێربوون.
• گەشەی جەستەیی و ڕێکخستنی کێش: هۆرمۆنی گەشە بە شێوەیەکی سەرەکی لە کاتی خەوی قووڵدا دەردەدرێت؛ بەم پێیە کەمخەوی کاریگەریی نەرێنی لەسەر باڵا و گەشەی ماسولکەکان دروست دەکات. هەروەها ناڕێکی لە خەودا دەبێتە هۆی تێکچوونی کێشی لەش و سیستمی میتابۆلیزم.

پێویستیی کاتژمێرەکانی خەو بە پێی تەمەن
پێداویستیی خەو بە پێی قۆناغەکانی تەمەن دەگۆڕێت؛ کۆرپەی تازەلەدایکبوو تا تەمەنی سێ مانگان، ڕۆژانە پێویستی بە (١١ تا ١٨) کاتژمێر خەو هەیە. دواتر بە تێپەڕینی تەمەن، ئەم ماوەیە بە ریز کەم دەبێتەوە.

ڕێنماییە سەرەکییەکان بۆ هاندانی خەوێکی خۆش و بێوەی لە منداڵاندا
• دیالۆگ و چارەسەری نیگەرانییەکان: لە تەمەنی سێ ساڵانەوە، تێگەیشتن لە ترس و دوودڵییەکانی منداڵ و گفتوگۆکردن لەگەڵیدا پێش خەوتن، یارمەتی ئارامبوونەوەی دەروونی دەدات.
• دوورکەوتنەوە لە شاشە ئەلیکترۆنییەکان: بەکارهێنانی مۆبایل، تابلێت و تەلەڤزیۆن پێش خەوتن هۆکارێکی سەرەکیی تێکچوونی خەون، بۆیە پێویستە پێش کاتی خەوتن بکوژێندرێنەوە.
• دەستنیشانکردنی کاتی دیاریکراو: دانانی کاتێکی جێگیر بۆ خەوتن و پێڕەوکردنی لەلایەن تەواوی خێزانەوە گرنگە، نەک تەنیا داوا لە منداڵ بکرێت بخەوێت لە کاتێکدا دەوروبەری سەرقاڵی چالاکین.
• ئامادەکردنی ژینگەی ژووری خەو: ژووری خەوتن پێویستە تاریک، بێدەنگ، فێنک و ڕێکخراو بێت بۆ دەستەبەرکردنی ئارامشی تەواو.
• ڕۆتینی ئارامکەرەوەی پێش خەوتن: پەیڕەوکردنی چەند هەنگاوێکی جێگیر هەموو شەوێک لە هەمان کاتدا _ وەک شۆردنی لەش بە ئاوی شلەتێن، خوێندنەوەی چیرۆک، یاخود ئەنجامدانی ڕاهێنانی هەناسەدان _ منداڵ ئامادە دەکات بۆ خەوێکی قووڵ و بێوەی.