یاسین قادر بەرزنجی
شێوەکارو کاریکاتێرستێکی هەڵکەوتوو، نووسەرو وەرگێڕێکی بەتوانا، ئیدارییەکی سەرکەوتوو، کەسێکی خاوەن مۆراڵی هونەریی بەرز.
کاک ئاکۆ ساڵی ١٩٨٥ بەشی شێوەکاریی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی تەواو کردووە، ساڵی ١٩٨٠ یەکەمین پیشانگای تایبەتیی لە سلێمانی کردووەتەوە، تا ساڵی ٢٠٢٥ چەندین پیشانگای تایبەتی لە زێدی خۆی (شاری سلێمانی) وسەقزو هەولێرو دهۆک و زاخۆ کردووەتەوە، کارەکانی بە ڕەنگی ئاوی و هێڵکاری و کارکردن بە خەڵوز نەخشاندووە، زۆربەی تابلۆکانی سەبارەت سروشت و مێژووی کوردو پۆرترێتی کەسایەتییەکانن.
ساڵی ١٩٨٥ تا ئێستابەشداریی چەندین پیشانگای هاوبەشی کردووە، لەوانە پیشانگاکانی :
هونەرمەندانی سلێمانی، پۆستەر بۆ یەکەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە لە تاران، پۆستەر بۆ دووەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە لەڤیەننا، هاوبەش بۆ ئەنفال، هەموو پیشانگاکانی گەلەری زاموا لە سلێمانی و گەلەری ئەربیللا لە هەولێر، پۆستەری شەهید لەگەڵ محەمەد فەتاح، سروشت لەگەڵ نوری مەحمودو مەریوان جەلال و محەمەد فەتاح،پیشانگای نێودەوڵەتیی کاریکاتێر لە قاهیرەو برۆکسل، پیشانگای کاریکاتێر لەگەڵ ثائر البدری، هاوبەش لەگەڵ عەدنان کەریم.
لەگەڵ بەشداریی لە چەندین پیشانگای هاوبەشی دیکه لە : تاران، ئەڵمانیا، بەریتانیا، کەنەدا،هۆڵەندا، بەغدا، بادینان، هەڵەبجەی شەهید، سنە، سلێمانی و هەولێر و دهۆک.
ئاکۆ غەریب بێجگە لەوانە، چالاکیی هونەری و ڕێکخراوەیی و ڕۆژنامەوانی و ڕوناکبیریی زۆری هەبووە، لەوانەش :
*ئەندامی دامەزرێنەری گۆڤاری سیخورمە
*دامەزرێنەری خانەی سمۆرە بۆ ڕۆشنبیریی منداڵان
*ئەندامی ئیدارەی گەلەری زاموا
*ئەندامی کۆمیتەی شاخی یەکێتی هونەرمەندانی کوردستان
*لە ئێستاشدا بەڕێوەبەری گشتی مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنە سوورەکەیە لە سلێمانی.
ئەم هونەرمەندو نووسەرە هێژایە، خاوەنی ئەم چاپکراوە گرنگانەشە:
*٣٢ کتێب و نامیلکە بۆ منداڵان
*هەزارو یەک پرسیار بۆ منداڵان
*کوردو نیشتمانەکەی، وەرگێڕان لە فارسییەوە
*مێژووی هونەری بیناسازیی لە هەولێر
*مێژووی هونەری بیناسازیی لە کۆیە
*جلوبەرگی کوردی
*سێ ئەلبومی فەرش و کڵاوو خورجی کوردی
هونەرمەندو نووسەر وەهبی ڕەسوڵ سەبارەت ئاکۆ غەریب وتوویەتی :
(هونەرمەند بەم شێوازە تەکنیکییە لە بەجێهێنان دەیەوێت زۆرترین نزیکبوونەوە لە تەک واقیع و سروشتدا درووست بکات لەم میانەدا ئاڕاستە کردن و کۆشتینی دەچێتەوە نێو بازنە ڕێچکەی کارکردنی نیگارکێشە ریالیستە هاوچەرخەکانی ئێران).
بەهیوای سەرفرازی و بەردەوامی و ئەفراندنی زیاترم بۆ هاوڕێی ئازیزمان هونەرمەند ئاکۆ غەریب، کاکە ئاکۆی نیگارکێشی خاوەن ئەزموون و هەمیشە ئامادە، کاکە ئاکۆی خاوەن قەڵەم و خەمخۆری هەمیشەیی منداڵ و گەورەی کورد.

