رۆژنامەی ھەولێر

تیکتۆک و هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ئاوابوونی ڕەسەنایەتی لە نێوان دوو سەدەدا

سه‌هه‌ند كۆیی
لە وەرچەرخانە تەکنەلۆژییەکانی سەدەی ٢١دا، سۆشیاڵ میدیا گۆڕانکاری بنەڕەتی لە پێکهاتەی پەیوەندییە مرۆییەکان و شێوازی تێگەیشتنی تاک بۆ جیهان دروست کردووە. لە نێو ئەم پلاتفۆرمانەدا تیکتۆک وەک دیاردەیەکی خێرا و کاریگەر دەرکەوتووە کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستکاری نەخشەی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی نەوەی نوێ دەکات. ئەو سەکۆیە تەنها ئامرازێکی کات بەسەربردن نییە، بەڵکو ژینگەیەکی دەستکردە کە تێیدا بەهاکان و زمان و پێوەرە کۆمەڵایەتییەکان سەرلەنوێ پێناسە دەکرێنەوە. قووڵبوونەوە لەم بابەتە دەریدەخات کە توێژی گەنج لەژێر گوشارێکی بەردەوامی بینراودایە کە کاردەکاتە سەر پێگەی دەروونی و جومگە زیندووەکانیان و دایان دەبڕێت لەو ڕەسەنایەتییەی کە پێویستە بۆ گەشەی تەندروستی ئادەمیزاد.

بوێری لە پشت شاشە و گۆشەگیری لە واقیعدا
یەکێک لە مەترسیدارترین لێکەوتەکانی بەکارهێنانی تیکتۆک، لاوازبوونی توانای پەیوەندییە ڕووبەڕووەکانە لەناو نەوەی تازە پێگەیشتوودا. کاتێک گەنجان کاتێکی زۆر لەناو جیهانێکی خەیاڵی و کورتبڕدا بەسەر دەبەن، وردە وردە توانای تێگەیشتنیان بۆ زمانی جەستە، گۆڕانی دەنگ و کاردانەوەی ڕاستەوخۆی بەرامبەر لەدەست دەدەن. ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە “تێکەڵاوبوونی ساختە” کە تێیدا مرۆڤ لە پشت شاشەکانەوە هەست بە بوێری دەکات، بەڵام لە واقیعدا تووشی گۆشەگیری و شەرمنی دەبێت. ئەم دابڕانە نەک هەر پەیوەندییە خێزانییەکان تێکدەدات، بەڵکو وا دەکات تاکەکان لەناو بازنەیەکی داخراوی تایبەت بە خۆیاندا بمێننەوە و نەتوانن لەگەڵ جیاوازییەکانی کۆمەڵگەدا خۆیان بگونجێنن. هاوشانی ئەمەش، ئەو توێژە تازەیە لە تیکتۆکدا بە دوای کەسایەتییەکدا دەگەڕێت کە لە سەر بنەمای لایک و بینەر بونیاد نراوە، ئەمەش مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانیان دروست دەکات. کاتێک بەهاکانی مرۆڤ دەبنە ژمارە، چەمکی “خۆشویستنی خود” دەگۆڕێت بۆ “ڕازیبوونی دەوروبەر”. ئەم بەرنامەیە جۆرە پێوەرێکی جوانی و سەرکەوتن دەسەپێنێت کە دوورە لە ڕاستییەوە، ئەمەش وای کردووە لاوان هەمیشە هەست بە کەمی بکەن و بەردەوام لە هەوڵی چاولێکەری مۆدێلە جیهانییەکاندا بن. ئەم لاساییکردنەوەیە دەبێتە هۆی کوژاندنەوەی داهێنانی تاکەکەسی و سڕینەوەی ئەو تایبەتمەندییە کولتوورییانەی کە ناسنامەی نەتەوەیی و گشتی پێکدەهێنن. لە ئەنجامدا، چینێک بەرهەم دێت کە لە ناوەوە هەست بە بۆشایی دەکات و تەنها لە ڕێگەی نیشاندانی دیمەنە بریقەدارەکانەوە هەوڵی پڕکردنەوەی ئەو کەلێنە دەدات.

پێچەوانە بوونەوەی ڕیزبەندیی بەهاکان
سیستەمی کارکردنی تیکتۆک لەسەر ڤیدیۆی کورت و خێرا دامەزراوە، ئەمەش کاریگەرییەکی نەرێنی قووڵی لەسەر کۆئەندامی دەمار و ئاستی سەرنجی بەکارهێنەران هەبووە. ئەم نەوەیە ڕاهاتووە لە چەند چرکەیەکی کەمدا بڕێکی زۆر زانیاری و چێژ وەربگرێت، ئەمەش وای کردووە لە ژیانی ئاساییدا بەرگەی هیچ پرۆسەیەکی درێژخایەن و تاقەتپڕوکێن نەگرن. لە ڕاستیشدا، کایە بنەڕەتییەکانی وەک خوێندن، کارکردن و تەنانەت گفتوگۆکردن لەگەڵ کەسانی تر پێویستییان بە ئارامی و کات هەیە، بەڵام عەقڵی “تیکتۆکی” داوای ئەنجامی دەستبەجێ دەکات. ئەم کەمبوونەوەیەی مەودای سەرنج دەبێتە هۆی تێکچوونی ڕەفتارەکان، بە جۆرێک کە تاک زوو تووڕە دەبێت و ناتوانێت لە ئاست ئاستەنگەکانی ژیاندا خۆڕاگر بێت. ئەم پەلەپەلکردنە وەک دیاردەیەکی مەترسیداری لێهاتووە کە ڕێگرە لە گەشەی هزر و وردبوونەوە لە بابەتە گرنگەکانی ژیان. لە لایەکی ترەوە، بەشێک لە نەوەی نوێ لەژێر سێبەری «ترێند» و بەپاساوی «ئازادی»، بەهاکانی شەرم و ڕێزی ئاڵوگۆڕکراوی ناو کۆمەڵگە دەبەزێنن. سووکایەتیکردن بە یەکتر و ئاشکراکردنی لایەنە تایبەتەکانی ژیان و پەنابردن بۆ زمانی زبر، بوونەتە ئامرازی سەرەکی بۆ دەستبەسەرداگرتنی سەرنجی بینەران. ئەم بارودۆخە دەبێتە هۆی دروستبوونی ژینگەیەک کە تێیدا “ناسراوی” لە “ڕەوشت” گرنگترە. کاتێک منداڵێک دەبینێت کە بە ڕەفتارێکی ناشیرین دەبێتە خاوەن هەزاران بینەر، وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو سەیری دەکات، ئەمەش بنەماکانی پەروەردەی خێزانی و قوتابخانە لاواز دەکات و ڕیزبەندی بەهاکان پێچەوانە دەکاتەوە.

شکان لە هاوسەنگیی پیشەییدا
تیکتۆک لەسەر بنەمای دروستکردنی «برینی ناوەکی» کار دەکات؛ سیستەمەکە بە ئەنقەست هەستی «کەمی و ناتەواوی» لە ناخی گەنجاندا دەچێنێت، تا بەردەوام بە دوای قەرەبووکردنەوەی ئەو هەستی کەمییە دەروونییەدا بن، کە بەهۆی بەراوردکردنی ڕاستیی ژیانیان لەگەڵ وێنەی ساختەی سەر شاشەکان دروست بووە. ئەم پلاتفۆرمە ڕەسەنایەتیی دەروونیی تاک دەستبەسەر دەکات و دەیکاتە بەکاربەرێکی بەردەوام کە تەنها لە ڕێگەی شوێنکەوتنی ترێندەکانەوە هەست بە بوونی خۆی بكات؛ ئەمەش ئاستەنگێکی مەزنە لەبەردم سەربەخۆیی فیکری و ئارامیی ڕاستەقینەدا. ئەم دۆخە بارگرانییەکی دەروونیی هەمیشەیی دەخاتە سەر تاکی بەکارهێنەر، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی تێکچوونی خەو و کزبوونی بڕوابەخۆبوون و تەنانەت سەرکێشیکردن بۆ نواندنی توندوتیژی وەک دەربڕینێک بۆ ئەو تەنگژە ناخییەی پێیدا دەگوزەرێن. چینێک کە لە ژێر سێبەری ئەم جەنجاڵییەدا بێت، ناتوانێت ببێتە هێزێکی بەرهەمهێن و ئارام، بەڵکو تەنها دەبێتە پارچەیەک لە مەکینەیەکی گەورەی بەکاربردن کە ئامانجی سەرەکی تێرکردنی حەزە کاتییەکانە. لە ڕوانگەیەکی ترەوە، تیکتۆک دیدگایەکی نوێی بۆ چەمکی سامان و کارکردن لای توێژی تازە پێگەیشتوو خولقاندووە کە بە تەواوی لەگەڵ لۆژیکی ئابوورییەکی تەندروستدا دژبەیەکە. لەم سەکۆیەدا، کۆکردنەوەی سەرمایە لە پرۆسەیەکی بەرهەمهێنان و کۆششی فیکری یان جەستەییەوە، گۆڕاوە بۆ کەمکردنەوەی بایەخی هەوڵ و داهێنان بەرامبەر باڵادەستبوونی بێبایەخیی ڕووکەشانە. ئەم دۆخە چینێکی وای بەرهەمهێناوە کە بڕوای بە خوێندن و پسپۆڕی و هەوڵی بەردەوام نەماوە، بەڵکو تەنها وەک بەشدارێکی چاوچنۆک سەیری کایەکانی ژیان دەکات. ئەم وەرچەرخانە هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر ئاییندەی هێزی کار؛ چونکە نەوەیەک پێدەگەیەنێت کە دەیەوێت بە کەمترین تێکۆشان بگاتە لوتکەی دەوڵەمەندی، ئەمەش سەرەنجام دەبێتە هۆی تێکدانی هاوسەنگیی پیشەیی و شكسهێنانی جومگە جیاوازەکانی کۆمەڵگە.

نمایشکردنی نهێنییەکانی ناوماڵ
یەکێکی تر لە مەترسییە شاراوەکانی تیکتۆک بۆ سەر ڕەفتاری گشتی، داڕمانی ڕەسەنایەتیی زمان و باڵادەستکردنی زاراوەی ڕووکەشانەیە؛ زاراوەگەلێک کە هیچ بنەمایەکی ئەدەبی و فۆلکلۆرییان نییە. توێژی لاو لەژێر کاریگەریی بەرهەمهێنەرانی ناوەڕۆکدا، پەنا دەبەنە بەر شێوازە ئاخاوتنێکی تێکەڵ و شێواو کە پڕە لە دەستەواژەی بازاڕی؛ ئەمەش توانای گوزارشتکردن لە سۆزە قووڵەکان و ئەنجامدانی دیالۆگی فکریی لێ زەوت کردوون. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زمان تەنها کەرەستەی بەریەککەوتنی ڕۆژانە نییە، بەڵکو نەخشەی بیرکردنەوە و ڕەنگدانەوەی هۆشیارییە؛ کاتێک شێوازی ئاخاوتن کورت دەکرێتەوە بۆ ئامرازێکی ڕووکەشانە و تەنها بۆ گاڵتەجاڕی بەکاردێت، ئاستی تێگەیشتن و هۆشیاریی کۆمەڵایەتیش بۆ هەمان ئاستی نزمی ئاخاوتنەکە دەپووکێتەوە. هاوتەریب لەگەڵ ئەم شێواندنە زمانییەدا، پلاتفۆرمەکە تێڕوانینێک باڵادەست دەکات کە تێیدا تەنانەت ئەو توێژەش کە قۆناغی گەنجایەتییان تێپەڕاندووە، تەواوی ساتە تایبەتەکانی ژیانیان وەک کەرەستەیەکی خۆنوواندن ببینن. ئەم ڕەوتە دەبێتە هۆی پاشەکشەی پارێزگاریی بەها باوەکان و بێبەهاکردنی پیرۆزی خێزان. لەم ژینگەیەدا، بەشێک لە بەکارهێنەران بۆ مسۆگەرکردنی بینەر، ئامادەن پەردە لەسەر وردترین نهێنییەکانی ناوماڵ لادەن، بە جۆرێک سنوورە ئەخلاقییەکان دەسڕێنەوە و هەموو ڕووداوێکی تایبەتی دەکرێتە نمایشێکی گشتی. بەم جۆرە، سڵەمینەوە لە ڕەفتاری نەشیاو کاڵ دەبێتەوە و بنەماکانی شەرم و شکۆ بەرەو توانه‌وه‌ دەچن؛ دەرئەنجام، ئەم بەکاڵابوونەی ژیانی تایبەتی، ئارامیی دەروونی دەخاتە مەترسییەوە و پاراستنی تایبەتمەندییە مرۆییەکان دەکاتە قوربانیی جەنجاڵییەکی کاتی.

کاڵبوونەوەی ناسنامەی نەتەوەیی
ئەم سەکۆیە ژینگەیەک دەخولقێنێت، بینەر تەنها لە چوارچێوەی ساتی ئێستادا بەند دەکات. ئەمەش وای کردووە لاوان لە مێژوو و بەها شارستانییەکانی خۆیان داببڕێن. لەناو ئەم کورتەڤیدیۆیانەدا، مەودایەک بۆ گوتاری قووڵ و ئەزموونی کەڵەکەکراوی نەوەکانی پێشوو نامێنێتەوە، چونکە ڕووداوە مێژووییەکان و چەمکە ڕەسەنەکان پێویستیان بە تێڕامان و هێوربوونەوە هەیە، کەچی ئەم فەزایە تەنها لەسەر پەلەپەل و سەرنجڕاکێشانی کاتی هەڵچنراوە. لە بری پشتبەستن بە سەرمایەی فیکریی ڕابردوو، نەوەی نوێ ڕوو لە جیهانێکی یەکسانکراو دەکات کە تێیدا شێوازی بیرکردنەوە و ڕەفتارەکان بەرەو یەکدەستبوون دەچن. ئەم دابڕانە کولتوورییە، دەزووی پەیوەندیی نێوان نەوەکان دەپچڕێنێت و کەسایەتییەک بەرهەم دەهێنێت کە هیچ وابەستەیییەکی بە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی خۆییەوە نییە؛ ئەمەش مەترسییەکی پێکهاتەیییە لەسەر بەردەوامیی شکۆ و ناسنامەی کۆمەڵایەتی. دەرئەنجامی ئەم ڕەوتە نیشانی دەدات کە کاریگەرییەکانی کایەی ئەلیکترۆنی لەسەر ڕەفتاری گشتی گەیشتووەتە قۆناغێک کە ڕووبەڕووبوونەوەی جدیی دەوێت. ئەم جیهانە هاوشێوەی ئامرازێکی دوو ئاراستەیە؛ لە کاتێکدا زانیاری پەخش دەکاتەوە و لە لایەکی تریشه‌وه‌ بنەما کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەندییە ڕاستەقینەکان دەسڕێتەوە، بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم شەپۆلە، ئەرکی خێزان و دامەزراوە پەروەردەیییەکانە هۆشیارییەکی ڕەخنەیی لەناخی لاواندا بچێنن، تا بە دیدێکی قووڵ و تێڕامێنەرەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم جیهانە دەستکردەدا بکەن. پاراستنی بەرەی نوێ لە تەڵە نادیارەکانی ئەم میدیایە، ئەرکێکی گشتگیرە لەپێناو گەڕاندنەوەی هاوسەنگی و ڕەسەنایەتی بۆ پێکهاتەی کۆمەڵگاكه‌مان.