رۆژنامەی ھەولێر

سیستمی خۆراکی چۆن بەرەو مەترسیی شێرپەنجەی پرۆستاتت دەبات؟

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

نەخۆشییەکانی پرۆستات و بەتایبەت شێرپەنجەی پرۆستات، بوونەتە یەکێک لە باوترین گرفتە تەندروستییەکان کە نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەکی بەردەوامیان لەلای پیاوان دروست کردووە. لە کاتێکدا هۆکارەکان فرەچەشنن، توێژینەوە پزیشکییە نوێیەکان پەنجەی تۆمەت بۆ سیستمی نادروستی خۆراک رادەکێشن، وەک فاکتەرێکی سەرەکی لە سەرهەڵدان و پەرەسەندنی ئەو نەخۆشییانەدا. پسپۆڕانی بواری تەندروستیش چەند رێنمایی و رێکارێکی خۆپارێزی دەخەنە ڕوو بۆ پاراستنی تەندروستیی پرۆستات لە رێگەی کۆنترۆڵکردنی بەرنامەی خۆراکییەوە.

ئەو خۆراکانەی مەترسی لەسەر تەندروستیی پرۆستات دروست دەکەن:
• چەورییە تێرەکان: خۆراکە دەوڵەمەندەکان بە چەوریی تێر کاریگەریی نەرێنییان لەسەر پرۆستات هەیە؛ پسپۆڕان رێنمایی دەدەن بە دوورکەوتنەوە لێیان و بەکارهێنانی زەیتی رووەکی، وەک زەیتی کانۆلا.
• شیرەمەنییە پڕچەورییەکان: پێویستە لە بەرهەمە شیرەمەنییە پڕچەورییەکان دەمپارێزی بکەن و، بەرهەمی بێچەوری بخۆن؛ وەک: ماست و شیری کەمچەور، تاوەکو هەرسکردنیان ئاسانتر بێت و بارگرانی لەسەر لەش دروست نەکەن.
• کافایین: زۆر خواردنەوەی چا، قاوە و ئەو خواردنەوانەی دەوڵەمەندن بە کافایین گرفتەکانی پرۆستات ئاڵۆزتر دەکەن.
• هێلکە و رێژەی بەرزی پرۆتین: لە کاتی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی پرۆستات، بەکارهێنانی رێژەیەکی زۆر لە هێلکە بەهۆی دەوڵەمەندیی بە هەندێک جۆری پرۆتین لەوانەیە نیشانەکان قورستر بکات.
• زیادەڕۆیی لە ترشە چەورییەکان (ئۆمێگا ٣): بەپێی هەندێک لێکۆڵینەوە، وەرگرتنی رێژەیەکی ئێجگار بەرز لە هەندێک جۆری ترشە چەورییەکان لەوانەیە کاریگەری لەسەر زیادبوونی ئەگەری تووشبوون هەبێت.
• شەکر و شیرینییەکان: بەهۆی هاندانی کێشەکانی میتابۆلیزم و رێژەی کۆلیسترۆڵ، پزیشکان هۆشداری دەدەن لە دوورکەوتنەوە لە شیرینییە دەستکردەکان لەلایەن ئەو کەسانەی رووبەڕووی نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان دەبنەوە.
• میوە پڕشەکرەکان: هەندێک جۆری میوە کە شەکری فرەکتۆزی زۆریان تێدایە، ئەگەر بە ناڕێکی و زیادەڕۆیی بخورێن، لەوانەیە بارگرانی لەسەر پرۆسەی چاکبوونەوە دروست بکەن.
• گۆشتی سوور: دەوڵەمەندیی گۆشتی سوور بە چەوریی تێر مەترسییەکی بەردەوامە بۆ سەر پرۆستات، بۆیە رێنمایی دەدرێت پیاوان بەڕێژەیەکی دیاریکراو و کەم بەکاری بهێنن.
• خۆراکە سوورکراوەکان: بەپێی توێژینەوەیەکی “ناوەندی توێژینەوەی شێرپەنجە لە سیاتڵ”ی ئەمەریکی، زۆر خواردنی خۆراکە سوورکراوەکان لە هەفتەیەکدا ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکاتەوە.

سەبەتەی خۆراکی پارێزەر؛ رێگری لە نەخۆشییەکە بکەن
لە بەرامبەردا، ژمارەیەک خۆراکی سروشتی وەک قەڵغانێکی بەهێز بۆ بەرگریی لەش و پاراستنی پرۆستات دەستنیشان کراون:
• تەماتە: یەکێکە لە گرنگترین خۆراکەکان بەهۆی دەوڵەمەندیی بە ماددەی دژە ئۆکسێنەری “لیکۆپین” (Lycopene) کە رۆڵێکی سەلمێنراوی هەیە لە کەمکردنەوەی مەترسیی شێرپەنجەی پرۆستات.
• سەوزەواتەکان: برۆکلی، قەڕنابیت، سیر و پیاز رۆڵێکی کارا لە بەهێزکردنی بەرگریی خانەکان دەگێڕن.
• کولەکە و سێو: توێژینەوە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تۆوی کولەکە یارمەتی کەمکردنەوەی هەوکردن و ئاوسانی پرۆستات دەدات، هەروەها سێو بەهۆی بوونی ریشاڵ و دژە ئۆکسێنەرەکان، خانەکان لە زیان دەپارێزێت.