رۆژنامەی ھەولێر

پارەدان بە قیستی مانگانە… تەواوکەری بڕیاری لابردنی پەنجالەسەدی قەرزی کارەبایە

عبدالسلام بەرواری
بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لابردنی (٥٠٪)ی قەرزی کۆبووی کارەبا لەو جۆرە بڕیارانەیە کە شایستەی پشتگیری و پێزانینە. ئەم هەنگاوە هەزاران خێزانی لە بارێکی دارایی قورس ڕزگار کرد و هیوایەکی نوێی بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە دروست کرد.
بەڵام لە هەمان کاتدا، حکومەت دیاریکردووە کە بڕی ماوەی قەرزەکان دەبێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا بدرێنەوە،لە ڕووی ئیدارییەوە ئەم ڕێکارە ڕوونە، بەڵام پرسیارێکی گرنگ دەمێنێتەوە؛ ئایا هەموو ئەوانەی کە قەرزیان لەسەرە، بە ڕاستی توانای دابینکردنی ئەو بڕە پارەیەیان هەیە؟
وەڵامی ئەم پرسیارە لە ژیان و بازاڕی ڕۆژانەی خەڵکدا دەبینرێت. زۆرێک لە خێزانەکان موچەخۆرن یان داهاتێکی سنوورداریان هەیە، و لە ماوەی ساڵاندا قەرزەکانیان هێواش هێواش کۆبوونەتەوە تا گەیشتوون بە چەند ملیۆن دینار. بۆ ئەو خێزانانە، تەنانەت دوای لابردنی نیوەی قەرزەکەش، بڕی ماوەکە هێشتا گەورەترە لەوەی لە ماوەیەکی کورتدا بتوانن دابینی بکەن.
ئەگەر ئەو ڕاستییە لەبەرچاو نەگیرێت، مەترسی ئەوە هەیە کە دوای کۆتایی هاتنی ماوەی دیاریکراو، هەزاران خێزان ڕووبەڕووی بەردەوامبوونی کەلەکەبوونی قەرزەکە دەبن. لەو دۆخەدا، حکومەت بە بڕیارێکی یاسایی کار دەکات، بەڵام کۆمەڵگا بە شێوازێکی جیاواز تەماشای بابەتەکە دەکات. زۆرێک لە خەڵک هەست دەکەن کە نە بەهۆی بێبەرپرسیاری، بەڵکو بەهۆی بارودۆخی ئابووری تووشی ئەو دۆخە بوون. ئەو جیاوازییەش زۆر گرنگە، چونکە کۆمەڵگا زۆرجار ناتەماشای بڕیار دەکات، بەڵکو ئاکامەکانی دەبینێت.
لە زۆر کاتدا، سەرکەوتنی هەر بڕیارێکی حکومەت بە خۆی گرنگ نییە، بەڵکو ئەوە گرنگە کە ئەو بڕیارە چۆن لە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان جێبەجێ دەکرێت. ئامانجی سەرەکیی حکومەت دەبێت وەرگرتنی مستەحقاتەکان بێت، . ئەگەر سیاسەتێک ببێتە هۆی ئەوەی هاووڵاتی پارە بدات، ئەوا سەرکەوتووە؛ بەڵام ئەگەر هەمان سیاسەت ببێتە هۆی ئەوەی خەڵک لەبەر نەبوونی توانای دارایی لە خزمەتگوزارییەک تووشی کێشە ببن، پێویستە شێوازی جێبەجێکردنی دووبارە هەڵسەنگێندرێت.
لەبەر ئەوە، باشترین هەنگاوی تەواوکەر ئەوەیە کە حکومەت ڕێگەی پارەدان بە قیستی مانگانە بکاتەوە. ئەمە نە لابردنی قەرزە، نە دواخستنی بەرپرسیارییە؛ بەڵکو شێوازێکە بۆ گواستنەوەی قەرزە گەورەکان بۆ پارەدانێکی ئاسان، ڕێکخراو و بەردەوام. ئەگەر بڕی قەرزەکە بە قیستی مانگانە دابەش بکرێت، زۆرێک لە هاووڵاتیان دەتوانن بێ هیچ فشارێکی گەورە پابەندی پارەدان بن.
سوودی ئەم ڕێکارە تەنها بۆ هاووڵاتی نییە. بۆ حکومەتیش سوودمەندترە، چونکە لەبری ئەوەی چاوەڕوانی بڕێکی گەورە بکات کە زۆرجار وەرناگیرێت، داهاتێکی مانگانە و بەردەوام دەستدەکەوێت. لە هەمان کاتدا، ڕێژەی پابەندبوونی خەڵک بۆ پارەدان بەرز دەبێتەوە، ژمارەی دۆسیە قەرزەکان کەم دەبێتەوە و متمانەی هاووڵاتی بە سیستەمی جبايەتی زیاتر دەبێت.
هەروەها، سیستەمی قیست مافی حکومەتیش دەپارێزێت. چونکە دوای ئەوەی دەرفەتی دادپەروەرانە بۆ پارەدان دابین کرا، هیچ بیانوویەک نامێنێت بۆ ئەو کەسانەی بە ئەنقەست لە پارەدان خۆیان دەدزرن. لەو کاتەدا، جێبەجێکردنی یاسا لە دژی ئەوانە، هەم لەلایەن کۆمەڵگا و هەم لەلایەن یاسا پەسەندتر دەبێت.
ئەزموونی زۆر لە وڵاتان نیشانی داوە کە سیستەمی قسط لە بواری خزمەتگوزاریی گشتی، یەکێکە لە سەرکەوتووترین شێوازەکانی وەرگرتنی مستەحقات. چونکە ئەوەی حکومەت پێویستی پێی هەیە، پارەدانێکی بەردەوامە، نە پارەدانێکی زۆر کە لە کۆتاییدا بەهۆی نەتوانینی خەڵک جێبەجێ نابێت.
لەبەر ئەوە، ئەگەر حکومەت بڕیاری لابردنی ٥٠٪ی قەرزەکان بە بڕیارێکی دووەم، واتە ڕێگەدان بە پارەدان بە قیستی مانگانە، تەواو بکات، ئەوا لە یەک کاتدا سێ دەستکەوتی گرنگ بەدەست دەهێنێت؛ داهاتەکانی خۆی بە شێوەیەکی بەردەوام دەپارێزێت، هاووڵاتیان هان دەدات بە پابەندبوون بە پارەدان، و لە دروستبوونی ناڕەزایی و گرژییەکی کۆمەڵایەتی کە هیچ لایەنێک سوودی لێ نابینێت، پێشگیری دەکات. ئەمەش واتای ئەوەیە کە پارەدان بە قیستی مانگانە تەنها پێشنیارێکی هاووڵاتیانە نییە، بەڵکو پێشنیارێکی باشی ئیداری و داراییە کە بەرژەوەندیی حکومەت و کۆمەڵگا لە یەک شوێندا کۆدەکاتەوە.