یاسین قادر بەرزنجی
ناکرێ باسی موزیکی کوردی بکرێت و ناوی وریا ئەحمەد نەبرێت، ئەو هونەرمەندە گەورەیەی زیاد لە پەنجا ساڵە بەشێوەیەکی بەردەوام و لە چەند ڕوویەکەوە خزمەتی هونەری نەتەوەکەی دەکات.
ئەو لە گەڕەکی بەفری قەندی لە کۆیەی شاری شاعیرو هونەرمەندان لەدایک بووەو قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندیی هەر لەوێ تەواو کردووە، پاشان خانەی مامۆستایانی لە دهۆک تەواو کردووە، یەکەم دامەزراندنی ساڵی ١٩٦٩ بووە لە دێگەڵەو دوای ساڵێک بووەتە مامۆستای سروودو موزیک لە کۆیە، ساڵی ١٩٧٤ چووەتە ڕیزەکانی شۆڕشی کوردەوەو لە تیپی مۆسیقای شۆڕش جێدەستی دیار بووە.
دوای نسکۆ بە ماڵەوە لە هەولێر نیشتەجێ بوون.
ئەو تیپە مۆسیقیانەی کە ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری، یان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری، یان سەرۆکیان بووە بریتین لە:
باواجی، تیپی شۆڕش لە شاخ، چالاکی قوتابخانەکانی هەولێر، هونەری هەولێر، زیرو بەم، خانزادی کچان، باخچەی گوڵان و میدیا tv لە دەرەوەی وڵات، تیپی دەنگەکان کە فەڕەنسی – کوردی بووە لە فەڕەنسا.
هونەرمەند د.ئامانج غازی سەبارەت بەم هونەرمەندە وتوویەتی:
]مامۆستا وریا پێویستی بە شوناس و پێناسەی هونەریی نییە، ئەو نیو سەدە زیاترە لە هەموو بوارەکاندا جێدەستی دیارە، لە بواری پەروەردەدا وەک مامۆستاو لە بواری هونەردا وەک کۆڵەکەیەکی پتەو لەو تیپیانەی کاری تێدا کردوون، هەمیشە مایەی شانازی بووە بۆ نەتەوەکەی و هەمیشەش لە سەنگەری گەکەکەیدا بووە].
ئەو هونەرمەندانەی کاری بۆ کردوون بریتی بوون لە:
تایەر تۆفیق، ڕەسوڵ گەردی،حەمە جەزا، سەلاح محەمەد، قادر زیرەک، محەمەد ئەربیللی، نیزام شکور، خەلیل وەندی، زیاد ئەسعەدو چۆپی فەتاح و چەند گۆرانیبێژێکی تر.
هیوای سەرفرازی و بەردەوامی بۆ مامۆستای بەڕێزمان وریا ئەحمەدی موزیکزانی ناسراوی کوردو نووسەر و توێژەری خاوەن سەلیقە و دەست ڕەنگین دەخوازم.

