خەرمان کەمال پیربال
چەند کۆڕبەندمان پێویستە تا گۆڕانکاری لە ناو پۆلەکانی خوێندندا هەست پێ بکرێت؟
ئەم پرسیارە ڕەنگە لە سەرەتاوە سادە دیار بێت، بەڵام ناوەڕۆکێکی گەورەی هەیە. هەموو ساڵێک کۆڕبەندی پەروەردەیی، پانێڵی زانستی و وۆرکشۆپی جۆراوجۆر دەکرێن، لەوانەیە دەیان بیرۆکە و پێشنیاری گرنگیش بخرێنە ڕوو. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: چەند لەو بیرۆکانە دەگەنە ناو پۆلەکانی خوێندن؟
چوارەمین کۆڕبەندی ساڵانەی وەزارەتی پەروەردە بە ناونیشانی «پەروەردەی هاوچەرخ؛ کارامەیی و کوالێتی» هەنگاوێکی گرنگە بۆ کۆکردنەوەی بیر و ئەزموونی پسپۆڕان، مامۆستایان و توێژەران. ئەم جۆرە کۆڕبەندانە تەنها شوێنی پێشکەشکردنی توێژینەوە نین، بەڵکو پلاتفۆرمێکن بۆ گفتوگۆ، هەڵسەنگاندنی بارودۆخی پەروەردە و دۆزینەوەی ڕێگا چارەی نوێ.
لە کۆڕبەندەکەدا كە زۆر جێگای خۆشحاڵیە بابەتە گرنگەکانی وەک بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی لە قوتابخانەکان، پەیوەندی نێوان پەروەردە و ژینگە _ هۆشیاریی بەردەوام، گونجاندنی پرۆگرامەکانی خوێندن لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار، دیجیتاڵکردنی فێرکردن و پەرەپێدانی توانستەکانی کادری پەروەردە تاوتوێ کرا. ئەمانە بابەتگەلێکن کە جیهانی ئەمڕۆ بە شێوەیەکی فراوان لەسەریان کار دەکات، و گرنگە هەرێمی کوردستانیش بەردەوام بەشداری ئەم گفتوگۆیە بێت.
بەڵام سەرکەوتنی هەر کۆڕبەندێک بە ژمارەی پانێڵەکان یان بەشداربووان پێوانە ناکرێت؛ بەڵکو بەوە پێوانە دەکرێت کە ئەنجامەکانی چەند دەگەنە ناو قوتابخانەکان و کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی مامۆستا و قوتابی چییە.
ئەگەر چەند مامۆستایەک لە چەند قوتابخانەیەكی جیاجیای هەرێم هەست بەو گۆڕانکارییە بکەن، ئەگەر وانەکان بەهۆی ئەو بیرۆکانە زیاتر هاوچەرخ و کاریگەر بن، و ئەگەر قوتابی زیاتر دەرفەتی بیرکردنەوە، گفتوگۆ و داهێنان وەربگرێت، ئەوکات دەتوانین بڵێین کۆڕبەندەکە ئامانجی خۆی بەدەستهێناوە.
لە جیهانی ئەمڕۆدا، وڵاتە سەرکەوتووەکان تەنها بە بیناکردنی قوتابخانە پێش ناکەون؛ بەڵکو بە دروستکردنی سیستەمێک پێش دەکەون کە توێژینەوە، بڕیارە پەروەردەییەكان و ئەزموونی ناو پۆلی خوێندن بەیەکەوە دەبەستێتەوە. کۆڕبەندە زانستییەکان یەکێکن لە گرنگترین ئامرازەکانی ئەم پەیوەندییە، بە مەرجێک ئەنجامەکانیان لە ناو بەڵگەنامەکاندا نەوەستن.
هەرچەند ڕۆڵی مامۆستایان لە دانانی بڕیارە گشتییە پەروەردەییەكاندا سنووردارە، بەڵام لە جێبەجیكردنی گۆڕانكاریەكاندا ڕۆڵێكی بنەڕەتییان هەیە. باشترین جێبەجێکەرانی بیرۆکە نوێیەکانن. هەر گۆڕانکارییەکی گەورە، لە کۆتاییدا، لە ناوپۆلێکی خوێندن دەست پێدەکات؛ لە شوێنێک کە مامۆستایەک پرسیارێکی نوێ دەکات، یان ڕێگایەکی نوێ بۆ فێرکردن تاقی دەکاتەوە.
لەبەر ئەوە، پێویستە کۆڕبەندەکان بە سەرەتای پرۆسەی گۆڕانکاری بزانین، نەک کۆتایی ئەو پرۆسەیە. ئەوەی جێی هیوایە، ئەوەیە کە بیرۆکە و پێشنیارەکانی ئەم کۆڕبەندە ببنە بەشێک لە پلانی کار و بگەنە هەر قوتابخانە و هەر پۆلێکی خوێندن.

