بژار حەکیم
( سەرەتا: بۆشایی/ سپەیس وەک مانا)
تێگەیشتن لە(بۆشایی/ سپەیس) لە دەق دا، یەکێکە لە باسە قووڵ و سەرنجڕاکێشەکانی ناو جیهانیی ئەدەب و نووسین، چونکە نووسین تەنیا لە داڕشتنی وشە و ڕستەدا مانا دروست ناکات، بەڵکوو پێکهاتەی دەق لە ئامادەیی (وشە) و غیاب (بۆشایی) خۆی نمایش دەکات.
بۆشایی دەق یان ئەو سپەیسەی، کە لەنێوان وشە و پەڕەفراگراف و تەنانەت لەنێوان پیتەکانیشدا هەیە، تەنیا ڕووبەرێکی سپی و بێدەنگ نییە لەسەر لاپەڕەکە، بەڵکوو زەمینەی هەناسەدانی دەقە، هەروەها هۆکارێکە بۆ بەرهەمهێنانی واتا قوڵەکان. کاتێک ڕوانینی خۆمان بۆ دەق تەنیا لە خوێندنەوەی وشەکان دەبینین، بۆ سەیرکردنی نێوان وشەکان، ئەوە ڕاستەوخۆ درک بەوە دەکەین، کە بۆشایی لە نووسیندا بەقەد ئاخاوتن و دەنگ بەپێز و پڕ مانایە.لە ڕاستیدا (بۆشایی) ئەو شوێنەیە، کە خوێنەر تێیدا دەبێتە هاوبەش لە دروستکردنی مانادا، چونکە کاتێک نووسەر جڵەوی دەقەکە شل دەکات و هەندێک بڕگە یان ڕوونکردنەوە تێدەپەڕێنێت، دەرگە لەسەر خەیاڵ و بیرکردنەوەی خوێنەر دەکاتەوە، بۆ ئەوەی بە ئاسانی ئەو چۆڵاییە بە تێگەیشتن و ئەزموونی تایبەتی خۆی پڕبکاتەوە، کەواتە هەبوونی بۆشایی لە دەقدا خاڵی بێئاگایی نییە بەقەد ئەوەی خاڵێکی بە ئاگای مەعریفیی پێشوەختەیە لە لە دەق و کاری مانا بەخشینە بە دەق.
(گرنگیی دەق و مانا لەلای ڕۆلان بارت)
بیرمەندی فەرەنسایی( ڕۆڵان بارت ١٩١٥ـ١٩٨٠)، لە تیۆرییەکانیدا دەربارەی تێكست و خوێندنەوە ئاماژە بەوە دەکات، دەق تەنیا سیستەمێکی داخراوی وشەکان نییە، بەڵکوو نێوان دێڕەکان یان ئەو بێدەنگییانەی لە دەقدا هەن، ئەو شوێنەن، کە چێژی خوێندنەوە سەرچاوە دەگرێت. بارت پێیوایە دەقێک کە هەموو شتێک بە ڕاشکاوی بڵێت و هیچ بۆشاییەک بۆ دروستکردنی گومان و پرسیار نەهێڵێتەوە، دەقێکی مردووە و مەودا بە ئازادیی خوێنەر نادات، بەڵام دەقێک کە بۆشایی تێدایە، ڕێگە بە خوێنەر دەدات ببێتە بەرهەمهێنەری دووەمی مانا.
(پەیوەندی بۆشایی/ سپەیس لە پەراوێزی چێژی دەق دا)
چەمکی “چێژی دەق”لەلای ڕۆلان بارت، بە یەکێک لە گرنگترین چەمکەکانی ڕەخنەی ئەدەبیی هاوچەرخ دادەنرێت، کە لە کتێبەکەیدا بە ناونیشانی “چێژی دەق” دایڕشتووە و پەرەی پێداوە. ڕۆلان بارت جەخت لەوە دەکاتەوە، کە خوێندنەوە پرۆسەیەکی سادە نییە بۆ تێگەیشتن لە لێکدانەوەی دەق، بەڵکوو ئەزموونی جۆراوجۆری ئێستاتیکییە، هەستی و فیکرییە، کە خوێنەر تێیدا دەژی و نەشونما دەكا. دەقی باش تەنها بیرۆکەکان ناگوازێتەوە، بەڵکوو چێژ و خۆشییەک بە خوێنەر دەبەخشێت. لە پەراوێزی ئەو بۆچوونەی ڕۆلان بارت دەتوانین بڵێین، کە سپەیس بەشێکی گرنگی ئەو ئێستاتیکییەیە کە چێژ و مانا دەبەخشێتە دەق.
(بۆشایی/ سپەیس لە سەنتەری بۆچوونی پیێر ماچێری)دا
(پیێر ماچێری)، بیرمەندی فەرەنسایی و ڕەخنەگری ئەدەبی، لە تێۆرییەکانی خۆیدا لەسەر بەرهەمهێنانی ئەدەبی و خاوەنی چەمکی “ئەوەی ناگوترێت” (Unsaid)، پێیوا دەقەکان زۆرتر بەو شتانە پڕاوپڕن کە نایڵێن، ئەو بۆشاییەی لە نێوان وشەکاندا هەیە بەپێزترە لەو پەیامەی بە ڕاشکاوی ڕادەگەیەنرێت. لای ماچێری تێگەیشتن لە ئایدۆلۆژیا و نادیارەکانی دەق، ڕێک لەرێگەی ڕامان لەو سپەیس و بۆشاییانەوە دەستپێدەکات، کە نووسەر بێدەنگی لێکردوون یان شاردوویەتییەوە.ماچێری بڕوای وایە کە دەقی ئەدەبی بەرهەمێکی یەکگرتوو یان تەمامکراو نییە، بەتەنیا لە ناخی نووسەرەوە هەڵقوڵابێت، بەڵکوو وەک هەر بەرهەمێکی تر “دروستکراوە” و ئاوێتەیەکە لە کەرەستە کۆمەڵایەتی، مێژوویی و ئایدۆلۆژییەکان.ماچێری پشتگیریی ئەوەی دەکرد کە هەموو دەقێک لەسەر بنەمای بێدەنگی و هەندێک نەگوتراو دامەزراوە.
( بۆشایی/ سپەیس لە دەقی ئەدەبی لەلای ستێفان مالارمێ)
لە دنیای نووسینی ئەدەبیدا زیاتر گرنگیی( بۆشایی/ سپەیس) خۆی نمایش دەکات و مانای دەردەکەوێت، بەتایبەتی لە دەقی شیعردا، چونکە لێرەدا بۆشایی تەنیا چەمکێکی ئاسایی نییە، بەقەد ئەوەی ئامرازێکی پێکهاتەیی و تەکنیکیی گرنگە. شاعیری ناوداری فەرەنسایی( ستێفان مالارمێ ١٨٤٢ـ١٨٩٨)، ئەو بڕوای وابوو پەڕەی سپیی کاغەز بەشێکە لە خودی شیعرەکە. مالارمێ سپەیسی نێوان پیت و دێڕەکانی وەک پانتاییەکی مۆسیقی دەبینی، کە ڕیتم و هەناسەی شیعر دیاری دەکات، پێیوابوو کە بۆشایی نێوان دێڕەکان لەگەڵ مەرەکەبی قەڵەم، دیالۆگ دروست دەکەن. چونکە لە شیعردا زۆرترین پشتبەستن بە سپەیس و بۆشایی هەیە، چونکە شیعر تەنیا هونەری گوتن و نووسین نییە، بەڵکوو هونەری بێدەنگبوونیشە، بۆیە شاعیران بە چەند ڕێگەی دیاریکراو بۆشایی دەکەنە بەشێک لە پێکهاتەی شیعرەکانیان.
(ڕۆڵی خوێنەر لە پڕکردنەوەی بۆشاییدا)
بەپێی تیۆرییەکانی ڕەخنەی ئەدەبی و بەتایبەت تیۆری وەبەرهێنانی خوێنەر، دەقی ئەدەبی دەقێکی کراوەیە، چونکە نووسەر دەقەکە بە تەواوی داناخات، بەڵکوو بۆشایی تێدا جێدەهێڵێت تا خوێنەر لە ڕێگەی ئەندێشە، ئەزموون و خوێندنەوەی خۆیەوە بەشداری لە دیاریکردنی مانادا بکات. لێرەدا خوێنەر تەنها وەگرێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو دروستکەرەوەی دەقەکەیە. بەکورتی بۆشایی لە دەقی ئەدەبیدا تەنها نەبوونی شتێک نییە، بەڵکوو ئامادەیییەکی بەهێزە، کە بە بێدەنگی قسە دەکات و ئەو ڕووبەرەیە کە دەق لە دەربڕینی ڕاستەوخۆوە دەگوازێتەوە بۆ بەرهەمهێنانی فرەڕەهەندیی مانایی.
( بۆشایی/ سپەیس وەک وێنەی نەبینراو)
لە دەقی ئەدەبیدا وێنە تەنها ئەو دیمەن و وەسفانە نین کە بە وشە خوڵقێندراون و دەخوێندرێنەوە، بەڵکوو جۆرێکی دیکە لە وێنە هەیە لەنێوان دێڕەکاندا کە بۆشایی ئەو وێنەیە دروست دەکات و دەکرێت ناوی بنێین “وێنەی نەبینراو”. بۆشایی لە دەقدا بەتەنیا پانتاییەکی بچووکی جێهێڵدراو نییە، بەڵکوو وێنەیەکی بێدەنگی پڕ لە مانایە. ئەم وێنە نەبینراوە کاتێک دروست دەبێت، کە نووسەر لە خاڵێکی هەستیاردا وشەکان دەپچڕێنێت، یان ڕووداوێک بە نەگوتراوی جێدەهێڵێت، لەم حاڵەتەدا بارستایی مانا لە وشەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ ناو بۆشایی و وێنەی نەبینراو و نەگوتراو دروست دەکات.
( بۆشایی/ سپەیس وەک زمانی ئاماژەو زمانی جێگرەوە)
لە دەقی ئەدەبیدا بۆشایی وەک زمانی ئاماژەیی یەکێکە لە دیارترین هێڵی هاوچەرخی نووسین، کە تێیدا بێدەنگی و ڕووبەرە بەتاڵەکان بۆشایی و سپەیس دەبنە هێما و ئاماژەی خاوەن مانا.لەکاتە ئاساییەکاندا ئەگەر زمان وەزیفەی دەربڕین بێت، ئەوا لە هەبوونی بۆشاییدا وەزیفەی زمان گڵدانەوەی گوتنەکانە، چونکە لە هەبوونی بۆشاییدا لە دەقدا زمان وەک ئامرازی جێگرەوەو ئاماژە کاردەکات. ئەو زمانی ئاماژەی جێگرەوەیە لە پشت وشە نەنووسراو و دانەڕێژراوەکاندا نیشانەی شاردنەوەو گڵدانەوەی ڕاستییەکانە کە خوێنەر بە ئاسانی لە بۆشایی دەقدا هەستی پێدەکات.
(تێگەیشتنی کۆتایی لە بۆشایی/ سپەیس)
بە کورتی و پووختی تێگەیشتن لە بۆشایی دەق، تێگەیشتنە لەوەی کە هەبوونی بۆشایی لە دەقدا، بەقەد هەبوونی وشە گرنگە، هەروەها بۆشایی هیچی لە ئاخاوتن کەمتر نییە، چونکە سپەیسی دەق پانتاییەکە کە تێیدا ڕامانی خوێنەر بە ئازادیی گەشە دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا نووسەری داهێنەر ئەو کەسەیە کە تەنیا شارەزای بەکارهێنانی وشەکان نییە، بەڵکوو خوڵقێنەری ڕامان و بێدەنگی و هێشتنەوەی بۆشاییە بە مەبەست، تا دەقەکە نەبێتە دیوارێکی کۆنکرێتی و بێتە پەنجەرەیەک بۆ حاڵەتە نادیارەکان.لێرەدا خوێنەری ورد و قووڵیش ئەوەیە، کە تەنیا بەسەر وشەکاندا تێپەڕنابێت، بەڵکوو لەو بێدەنگییانەدا دەوەستێت، بۆ ئەوەی لەگەڵ بۆشاییەکاندا دیالۆگ بکات و مانا لە بۆشاییەوە وەربگرێت.

