عەبدولقەهار هەولێری
ئامستەردام، حکوومەتی هۆڵەندا پلانێکی نوێی ڕاگەیاندووە بۆ دیجیتاڵکردنی پرۆسەی نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری. بەپێی ئەم پلانە، لە یەکەم رۆژی سەری ساڵی ٢٠٢٧ـەوە هاووڵاتیان دەتوانن داواکاریی نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری بە شێوەی سەرهێڵ جێبەجێ بکەن، بێ ئەوەی پێویستیان بە سەردانی شارەوانی هەبێت.
بەپێی سیستەمی نوێ، داواکارییەکان لەلایەن خزمەتگوزاری هاتوچۆی هۆڵەندا (RDW) بە شێوەی دیجیتاڵی وەرگیراو و پرۆسەی پێویستیان بۆ دەکرێت. هەروەها، فۆتۆگرافەرانی بڕوانامەدار دەتوانن وێنەی فەرمیی داواکار ڕاستەوخۆ بۆ سیستەمی ناوەندی بنێرن، کە ئەمەش پرۆسەی نوێکردنەوە خێراتر و ئاسانتر دەکات.
مۆڵەتی شۆفێری لە هۆڵەندا بە گشتی بۆ ماوەی ١٠ ساڵ دەیخوات، بۆیە هاووڵاتیان تەنیا چەند جارێک لە ماوەی ژیانیاندا پێویستیان بە نوێکردنەوەی دەبێت.
بەپێی پلانەکە، لە یەکەم جاردا پێویستە ناسنامە و زانیارییەکانی داواکار بە شێوەی ئامادەبوون پشتڕاست بکرێنەوە، بەڵام نوێکردنەوەکانی دواتر دەتوانن بە شێوەی دیجیتاڵی ئەنجام بدرێن.
دەسەڵاتداران دەڵێن دیجیتاڵکردنی ئەم پرۆسەیە دەتوانێت کات و ماندووبوونی هاووڵاتیان کەم بکاتەوە و خزمەتگوزارییە حکوومییەکان خێراتر و بەکارهێنانیان ئاسانتر بکات.
ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکانی حکوومەت بۆ نوێکردنەوە و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و کەمکردنەوەی پێویستی بە سەردانی ئۆفیسە حکوومییەکان.

