عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
ئەو زنجیرە توێژینەوەیە لە گۆڕانی بوونناسیی مرۆڤ دەکۆڵێتەوە؛ کاتێک تەکنەلۆژیا “واقیع” بۆ “هایپەر-واقیع” دەگۆڕێت و ڕوخساری مرۆڤ لە بکەرێکی مەعریفیی خاوەن ئەزموونەوە، دەکاتە داتایەکی دیجیتاڵیی بێ خەرمانە و کاڵایەکی بازرگانیی پێشبینیکراو؛ ئەو توێژینەوەیە لەسەر سێکوچکەی (مرۆڤ، تەکنەلۆژیا، بەکاڵابوون) کار دەکات.
(4)
مرۆڤی جیاواز
(داهێنان لەسەردەمی مردنی ڕەسەنایەتیدا)
ڕەگ و ڕیشەی فکریی گۆڕانکارییە بوونناسییەكان، چیتر وەكـ “هۆشیاریی باڵا”ی ئیدمۆند هوسێرل، کە مرۆڤ وەک چاودێرێک لە دەرەوە سەیری شتەکاندا دەكات، نابینێت و ڕەتكردنەوەكەی مارتن هایدیگەر کە مرۆڤ “فڕێدراوەتە نێو جیهانەوە” ناخوێنێتەوە، ئەگەرچی نرخ بۆ مرۆڤ وەكـ ئەوەی لە جەوهەردا پڕۆسەیەکی بەردەوامی تێگەیشتنی جیاوازە و هەستپێكراوەكانی بە هەند دادەنێت.
بەمجۆرە مرۆڤ چاوێکی ڕووت نییە بۆ تەماشاکردنی جیهان، بەڵكە بوونەوەرێکە کە “خراوەتە نێو جیهانەوە”ی هایدیگەر و لای مارتن هایدیگەر ئەو تێزە وەكـ تێگەیشتن بۆ مرۆڤ و تێگەیشتن وەكـ بنچینەییترین پێکهاتەی بوونی مرۆڤ دادەنرێت، لەوێشەوە هەوڵدەدەم هەستپێكردن وەكـ یەکەم وێستگەی بەرکەوتنی مرۆڤ لەگەڵ جیهانی دەرەوە یان ناوەوە، لەڕێگا حەواسەکانەوە (بینین، بیستن، بەرکەوتن…) یان لەڕێگا جیهانی ناوەوەی وەک (خۆشی، خەم، ئازار) ڕاستەوخۆ بخوێنمەوە.
هەڵبەتە تێگەیشتن وەكـ دیاردەیەکی عەقڵی و لۆژیکی، لە قۆناغی دوای هەستپێکردن دێت.. بەو مانایە تێگەیشتن پرۆسەیەکی باڵای عەقڵییە کە تێیدا مێشک شیکردنەوە، گشتاندن، و بەستنەوەی چەمکەکان بۆ دۆزینەوەی مانا و هۆکارەکان بەکاردێنێت و لێرەدا “عەقڵ” ئامرازی سەرەکییە.. بەڵام هەستپێکردن، پێویستی بە تاقیکردنەوەی ڕاستەوخۆ هەیە، تۆ ناتوانیت هەست بە گەرمی بکەیت بەبێ بوونی پلەیەکی بەرزی گەرمی.. بەو مانایەش “جەستە” و “ناوەوە” ئامرازی سەرەکی هەستپێكردنن.
لەو خوێندنەوەیەدا هەوڵدەدەم قسەكانم بۆ هەسپێكردنی (تایبەت و کاتی) و (جێگیر و گشتی) عەقڵی بگوازمەوە و بڵێم هەستپێکردن (تایبەت و کاتییە)؛ واتە هەستەکان زۆرجار کاتین و بەستراونەتەوە بە ساتەوەختێكەوە بۆ نموونە: هەستکردن بە سەرما لەم چرکەساتەدا، جگە لەوەی مرۆڤەکان لە هەستپێکردنی یەک شتدا جیاوازن (ئەوەی لای تۆ ساردە، پێدەچێت لای کەسێکی تر ئاسایی بێت.) بەڵام تێگەیشتن (گشتی و جێگیرە)، واتە کاتێک لە یاسایەکی زانستی یان بیرۆکەیەکی فەلسەفی دەگەیت، ئەو تێگەیشتنە لە مێشکدا دەبێتە ڕاستییەکی جێگیر و دەکرێت بەسەر زۆر دۆخی هاوشێوەدا جێبەجێ بکرێت؛ لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە مرۆڤ بوونەوەرێكی گۆڕاوە یان نەگۆڕ؟!
جیاوازی نێوان ئەزموون و ئەزموونگەری
مرۆڤ ئەزموون و ئەزموونگەرییە، لە یەک کاتدا کۆکەرەوەی بەردەوامی هەردووکیانە! مرۆڤ بوونەوەرێکی دیالێکتیکییە لە نێوان جووڵەی بەردەوام (هەستپێکردن) و سەقامگیریی هۆشکاریی (تێگەیشتن)دا دەژیت.. هێرکلیتۆس، فەیلەسوفی یۆنانی، دەڵێت: تۆ ناتوانیت دوو جار قاچت بخەیتە ناو هەمان ڕووبارەوە”، چونکە نە ئاوی ڕووبارەکە هەمان ئاوە و نە تۆش هەمان مرۆڤی پێشوو، لەڕووی فسیۆلۆژی و دەروونییەوە، ئێمە چرکە بە چرکە دەگۆڕێین؛ هەستەکانمان بەپێی کات، شوێن، تەمەن و بارودۆخی دەوروبەر تێپەڕ و کاتین؛ مرۆڤی ئەم چرکەساتە (کە هەست بە سەرما یان دڵتەنگی دەکات)، هەمان ئەو مرۆڤە نییە کە کاتژمێرێک دواتر هەست بە گەرمی یان خۆشی دەکات.. لێرەدا مرۆڤ وەک “پێشوەچوون و گۆڕانی بەردەوام دەردەکەوێت! بەڵام کاتێک دیكارت دەڵێت “من بیر دەکەمەوە، کەواتە هەم”، ئاماژە بەو ناوەندە جێگیرە دەکات کە پێی دەوترێت “من” یان سوبێكت.. ئیتر سەرما دێت و دەچێت، ئازار دروست دەبێت و نامێنێت، بەڵام ئەو “عەقڵ” یان “هۆشیارییە” کات و شوێن دەبڕێت و وەک چاودێرێکی جێگیر دەمێنێتەوە کە لە هەموو ئەو گۆڕانکارییانە دەگات.
كەواتە مرۆڤ تێکەڵەیەکە لە “سەقامگیری و سەیرورەت” مرۆڤ نە نەگۆڕێکی ڕەق و بەستووە و نە گۆڕاوێکی پەرتەوازە و بێ ناسنامە! مرۆڤ ئەو بوونەوەرەیە کە جەستە و هەستەکانی لە ناو زەمەندا دەگۆڕێن (کاتی و تایبەتن)، بەڵام لەڕێگا عەقڵ و تێگەیشتنییەوە دەتوانێت خۆی بە ڕاستییە جێگیر و گشتییەکانەوە گرێ بدات؛ ئەم هاوسەنگییە وای لێدەکات بتوانێت لە ناو جیهانێکی بەردەوام گۆڕاودا بژی، بەبێ ئەوەی ناسنامە و هۆشیارییە جێگیرەکەی خۆی لەدەست بدات! بەڵام ئایا مرۆڤی هاوچەرخ لە سەردەمی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵیدا، چۆن هاوسەنگیی نێوان “سەقامگیری” (ئەو ناوەندە جێگیرەی کە ناسنامەی پێ دەناسینەوە) و “سەیرورەت” (ئەو لێشاوەی بەردەوام لە گۆڕان و نوێبوونەوەدایە) ڕادەگرێت؛ چۆن فرە ناسنامەیی سەردەمی دیجیتاڵی بخوێنینەوە؟!
ئەمڕۆ تەکنەلۆژیا جیهانێکی دروست کردووە کە تێیدا جێگیر و گۆڕاو، یان سەقامگیری و سەیرورەت، ئەزموون و ئەزموونگەری.. چیتر دوو جەمسەری جیاواز نین، بەڵكە بەردەوام لە ناو یەکدا دەتوێنەوە! لە پڕۆسەی بەریەككەوتن و توانەوەدا دەتوانین ناسنامەی فرەڕەهەندی مرۆڤ ببینین! بۆ نموونە: لەئەمڕۆ دیجیتاڵیدا لەڕێگا تەکنەلۆژیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، مرۆڤ خاوەنی چەندین “ئامادەیی” یان ئاڤاتار و پرۆفایلی جیاوازە.. تۆ لە یەک کاتدا دەتوانیت لە فەزایەکی فیزیکیدا دانیشتبیت (سەقامگیر)، بەڵام لەڕێگا شاشەکەتەوە لە ناو سەیرورەت و لێشاوێکی بێبڕانەوەی دەق، وێنە، زمان و کلتوری جیاوازدا بگەڕێیت؛ ئەو شێوازە لە ژیان ناسنامەیەکی “شلۆك” دروست دەکات، کە لە یەک کاتدا هەم لێرەیە و هەم لە هەموو شوێنێکەوەیت.
كەواتە لە جیهانی ئەمڕۆدا، ناسنامە چیتر ئەو پرسیارە نییە کە “تۆ کێیت و لە کوێیت؟” (سەقامگیری کۆن)، بەڵكە بریتییە لەوەی “چۆن دەتوانیت لە ناو ئەم لێشاوە بێبڕانەوەی گۆڕانکارییەكاندا (سەیرورەت)، ناوەندە هۆشیار و مۆڕاڵییەکەی خۆت (سەقامگیری) بپارێزیت؟ ناسنامەی فرەڕەهەند ڕێک ئەو توانایەیە کە مرۆڤی هاوچەرخ هەیەتی بۆ سەماکردن لە نێوان ئەم دوو جەمسەرە بەبێ ئەوەی هاوسەنگیی خۆی لەدەست بدات.
داهێنان
«دووبارەبوونەوەی جیاواز»
بێگومان داهێنان مەرج نییە لەسەر بنەمای ڕەسەنایەتیی کلاسیک (واتە دروستبوون لە نەبوونەوە یان بوونی سەرچاوەیەکی پاک و بێگەرد) بێتە بەرهەم؛ زۆرجاران داهێنان لەڕێگا تێکشکاندن، تێکەڵکردن و دووبارە ڕێکخستنەوەی ئەو شتانەوە دێت کە پێشتر بوونیان هەبووە! بۆ نموونە بۆ ژیل دۆلۆز، چەمکی “ڕەسەنایەتیی سەرەتایی” خەیاڵێکی ئەفلاتۆنییە، چونكە هیچ “ئەسڵ”ێکی پاک و پێشینە بوونی نییە کە ئێمە کۆپی بکەین یان لێیەوە دەست پێبکەینەوە؛ لای دۆلۆز داهێنان لەڕێگا “دووبارەبوونەوەی جیاواز” ڕوودەدات! بەو مانایەش کاتێک (زیرەکیی دەستکرد) ملیۆنان وێنەی پێشتر دروستکراو (کە مێژووی هونەری مرۆڤایەتین) تێکەڵ دەکات و شتێکی نوێ بەرهەم دەهێنێت، ئەو کارە تەنها لاساییکردنەوە نییە، بەڵكە پرۆسەیەکە کە ژیل دۆلۆز پێی دەڵێت ڕیزۆم: تۆڕێکی بێسەروبن کە تێیدا دەقەکان و وێنەکان بەیەکدا دەچن و لە خاڵی بەیەکگەیشتنیاندا “داهێنان” بەرهەم دێنن! لێرەدا داهێنان، هێز لە نەبوونی ڕەسەنایەتییەوە بەدەست دەهێنێت.
بەڵام ژان بۆدریار، پێیوایە لە جیهانی هاوچەرخدا (سەردەمی هایپەر-واقیع)، شتێک نەماوە ناوی ڕەسەنایەتی بێت؛ چونكە هەموو شتێک دەبێتە “سیمولاکرا”: (کۆپییەک کە ئەسڵەکەی نەماوە یان هەر نەبووە)؛ كەواتە لە جیهانی هاوچەرخدا داهێنان شێوازی خۆی دەگۆڕێت، داهێنان چیتر دۆزینەوەی “ڕاستییەکی شاردراوە” یان خەڵقکردنی شتێکی تەواو پاک نییە، بەڵكە یارییکردنە بە نیشانەکان و کۆدەکان.. هونەرمەندی داهێنەر (یان ئامێری داهێنەر) ئەو لایەنەیە کە دەتوانێت لەناو ئەو لێشاوە بێپایانەی وێنە ساختانەدا، جیهانێکی نوێ و جیاواز لە هایپەرڕیالیزم (سەروو-واقیع) ساز بکات.
بەڵام گۆڕانی بەهای داهێنان لای واڵتەر بێنیامین لەوەدا نییە کە لە ڕابردوودا چەمکی “ڕەسەنایەتی” بەستراوەتەوە بە “بەهای پەرستنی” کاری هونەرییەوە (کاتێک تابلۆیەک تەنها لە کەنیسەیەک یان مۆزەخانەیەکی تایبەتدا بوو)؛ بەڵكە لەوەدایە كە تەکنۆلۆژیا ئەو ڕەسەنایەتییە تێکدەشکێنێت و بۆشاییەكی نوێ، بەهایەکی نوێ دێنێتە کایەوە کە “بەهای نمایشکردنە” یان بەهای دیمەنی گشتی و ئەزموونێكی دیكەیە.. لێرەدا داهێنان لەوەدا نییە کە تۆ شتێکی “تاقانە” دروست بکەیت کە پێشتر لە ئارادا نەبێت؛ بەڵكە لەوەدایە کە چۆن دەتوانیت وێنەکە لەناو کایەی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فیکری جیاوازدا بۆ گۆڕینی هۆشیاریی بینەر بەکاربهێنیت.
بە كورتی ئەگەر پێناسەمان بۆ ڕەسەنایەتی بریتی بێت لە “دروستبوونی شتێک لە سفرەوە بەبێ کاریگەریی پێشوەختە”، ئەوا داهێنان لەسەر ئەم بنەمایە نایەتە بەرهەم؛ چونکە تەنانەت مێشکی مرۆڤیش پڕە لەو وێنە، دەق و ئەو دەنگە جیاوازانەی کە لە ژینگەکەیەوە وەریگرتوون؛ داهێنان لە ڕاستیدا “فۆرمێکی نوێیە لە ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان شتە کۆنەکان”، و ئەزموون و ئەزموونگەرییەكی نوێیە..
بەمجۆرە زیرەکیی دەستکرد ئەم ڕاستییە فەلسەفییەی پێ چەسپاندین کە: هونەر پڕۆسەیەکی بەردەوامی تێکەڵبوونە، نەک خەڵقکردنێکی خودایی لە نەبوونەوە، بەو مانایەش هۆشیاری و داهێنان پێویستیان بە چەق و ڕەسەنایەتیی یەکەکە نییە؛ بەڵكە قسەكردن لەبارەی داهێنانەوە قسەكردنە لە سیستمێک کە لەبری گەڕان بەدوای “ڕاستییەکی ڕەها” یان “ئەسڵێکی پیرۆز”، بەردەوام خەریکی بەرهەمهێنانی دووبارەبوونەوە جیاوازییە، بەردەوام خەریکی تێکەڵکردنی کۆدەکان و ئازادکردنی وێنەی جیاوازە لە کۆتوبەندی لاساییکردنەوەی تەقلیدییدا.
دواجار داهێنان چیتر خەڵقکردنێکی مێتافیزیكی نییە لە نەبوونەوە، بەڵکو سەیرورەتێکی سیمبۆلی و پێکهاتەشکێنییەکی داینامیکییە و خەیاڵی (ڕەسەنایەتیی چەق/تاقانە) یان باوەڕبوون بە بوونی “سەنتەرێکی پیرۆز و سەرەتایی” تێدەپەڕێنێت.. لای دۆلۆز، داهێنان لە ڕێگەی گوتاری ڕیزۆمی و “دووبارەبوونەوەی جیاواز”ەوە مانا بەرهەم دێنێت، یان لە لێکترازان و ئاوێتەبوونی تۆڕە بێسەنتەرەکانەوە لەدایک دەبێت! لە کایەی “هایپەر-واقیع”ی بۆدریاریشدا، ڕاستی لە ناو یاریی نیشانە و سیمولاکراکاندا دەتوێتەوە، کە تێیدا هونەرمەند کۆدە باوەکان سەرەوژوور دەکات؛ هاوکات، بنیامین لە ڕێگەی گۆڕینی بەهای پەرستنی بۆ بەهای نمایشی، داهێنان لە پەرژینی تاقانەیی ڕزگار دەکات و دەیخاتە ناو کایەی هۆشیاریی بەکۆمەڵەوە؛ بە هەموو ئەو مانایانەوە داهێنان وەک مۆدێلێکی سهردهمیانه ئەم ڕاستییە فەلسەفییە دەسەلمێنێت؛ کە چیتر دۆزینەوەی ڕاستییەکی شاردراوە نییە؛ بەڵكە تۆڕێکی بێسەنتەری فرەڕەهەندە لە شیکردنەوە، تێکەڵکردنی کۆدەکان و ئازادکردنی دیمەن لە کۆتوبەندی ئەسڵ و لاساییکردنەوەی تەقلیدی.
هەولێر 10/7/2026

