رۆژنامەی ھەولێر

هەژمونی باندەكان و داخستنی كەناڵە كوردییەكان

مەشخەڵ كەوڵۆسی
میدیا و بەتایبەتی میدیای بینراو لەهەموو جۆرەكانی دیكەی میدیای هەستیارتر و كاریگەرتر و ڕاقیترە. میدیاش بەگشتی نیشانەی زیندوێتی كۆمەڵگەیە و، تەنانەت هەندێك لە بیرمەندە هاوچەرخەكان هەبوونی میدیای ئازاد بە كۆڵەكەیەكی سیستەمی دیموكراسی تەندروست لەقەڵەم دەدەن. بەبێ میدیایەكی بابەتی و پیشەیی و خاوەن ئەتەكێتی سەنگین، ئەستەمە سیستەمی سیاسی و سێ دەستەڵاتەكەی تر بتوانن ئەركی خۆیان بە شێوەیەكی شەفاف ڕاپەڕێنن. تەنانەت زۆرجاریش میدیای شانبەشانی یاسا ئەركی ڕێكخستنی ژیانی كۆمەڵگە و پەیوەندی هاوڵاتی و دەستەڵاتیش ڕێكدەخات و، دەبێتە زەمانەتێكی گرنگی شەفافیەتی دەزگاكانی دەستەڵات و، سیولەتی بەڵگە و زانیاری. بەگشتی میدیای هاوچەرخ لەكۆمەڵگەی ساغڵەمدا، بۆ خێری گشتی و لەپێناوی تۆكمەكردنی كۆمەڵگە و لەچوارچێوەی ئەمنی قەومیدا كاردەكات.
ئەوەی دەیڵێین پرەنسیپە و مەرج نیە لەهەموو كات/شوێنێكدا میدیا هەمان ئەرك و وەزیفەی گشتی ئەدا بكات. بەڵكو بەپێچەوانەوە، زۆرجار میدیا لەو پڕنسیپە دەردەچێت و، لەبری خزمەتی گشتی بچوك دەبێتەوە بۆ خزمەتی تاكەكەس!.
لە هەرێمی كوردستان میدیاكان، یان زۆرینەیان، خزاونەتە نێو سنورە قەدەغەكراوەكانی ئاسایشی نەتەوەیی و، تاكو چركەیەك زیاتر بەردەوام بن و دێڕێك زیاتر بڵێن، زیانی گەورەتر لە ئاسایشی نەتەوەیی دەدەن و، ئەوەش بەتەواوەتی كایەی كاری میدیایی لە چوارچێوەی خۆی دەرهێناوەو، كردوویەتی بە گۆڕەپانی تەراتێنی تاقیكردنەوەی تیۆرەكانی جەنگی دەروونی لەسەر هاووڵاتی كوردستان.
میدیای كوردی لەژینگەیەكی بابەتی زۆر ناتەندروستدا دەژی و بارگاوییە بە حیقد و كینی سیاسی و، فرچكی گرتووە بە زمانێكی بازاڕی و ئاستێكی زۆر داتەپیوی گوتاری میدیاییەوە كە زۆرجار مرۆڤ ڕووی نایەت وەكو مەنەلۆگی ناوەكیشی لەگەڵ ناخی خۆیدا بەو زمانە داتەپیوەی میدیای كوردی بدوێت.
میدیای كوردی تەقلیدێكی ناشرین و سەقەتی ئەستێرەسازی دەكات و، میتۆدێكی دوور دوور لە بەهاكان لەم ڕووەوە پێڕەو دەكات. بەجۆێك دەیەوێت لە تەپاڵە ئەستێرەی زێڕین دروست بكات. یانی هەر چاودێر وشارەزایەكی میدیایی شۆك دەبێت كاتێ دەبینین بەبێ ئەوەی كەسێك هیچ داهێنان و خیبرە و توانا و گۆڕانكارییەكی چۆنایەتی و سەنگ و مەعریفەی هەبێت، میدیا دەیەوێت بیكاتە ئەستێرە و ئەنواع و ئەشكاڵ نازناوی پێدەبەخشن، بێ ئەوەی هیچ پێوەرێكی پیشەیی بیانگرێتەوە!.
لەهەموو ئەوانەش مەترسیدارتر، دروستبوونی تاقم و باندی ناپیشەیی و نائەكادیمی و میزاجگەرایە كە دەستیان بەسەر جومگەكانی كەناڵەكاندا گرتووەو، ڕێگەنادەن هیچ شارەزاییەكی تر لەدەرەوەی ئۆكەیی خۆیان هیچ بەهرەیەكی دیكە بێتە پێشەوەو، دەبێت سەرجەم بەهرەكان لەژێر كۆنترۆڵی پێشوەختی ئەو باندانە بن و، بەوەش ڕێگە دەگیرێت لەهەر خیبرەیەك كە شتێكی نوێی هەبێت و بیەوێت پێشكەشی بكات. ئیدی میدیاكان هەرلەو كەوشەنەدا دەسوڕێنەوە كەیەكەمجار لەسەری دروستبوون و، هیچ گەشەیەك ناكەن. چونكە كەوشەنەكەیان وەكو ناوچەی قەدەغەكراو دەپارێزن و ڕێگە نادرێت بەهیچ خیبرەیەكی نوێ لەدەرەوەی ئەو كەوشەنە!.
لەڕاستیدا بەشێك لە میدیا كوردییەكان ڕەنگدانەوەی نەخۆشینەكانی كۆمەڵگەی كوردین، نەك هەربوونەتە بەشێك، بەڵكو بوونەتە مۆدێرنترین هۆكار بۆ قووڵكردنەوەی دووبەرەكی و شەڕی دەروونی نێو كۆمەڵگەی كوردستان و كولاندنەوەی برینەكان و، چەكێك بەدەستی تابووری پێنجەوە بۆ شەڕی دەرونی لەگەڵ كورد و لێدان لە ئاسایشی نەتەوەیی.
لەدۆخێكی ئاوادا، باشترین چارەسەر بێدەنگكردنی ئەو میدیایانە و، ڕێكخستنەوەی كایەی میدیا و ڕۆژنامەگەرییە بەشێوەیەك بتوانین لە هەژموونی باندەكان و تابووری پێنج دەریان بێنین و، میدیا ببێتە ڕەنگدانەوەی ئاسایشی نەتەوەیی كوردستان.