رۆژنامەی ھەولێر

زەرەری سیاسی و ئەدای ناوخۆیی

فازڵ میرانی
هەرچی بۆ گەلانی وڵاتەکەمان بنووسین و ئەنجامی بدەین، لە وتەیەکی ڕاستگۆیانەوە بگرە تا کارێکی ورد و تۆکمە، جێبەجێکردنی ئەرکە و هەر ئەوەشمان لێ چاوەڕوان دەکرێت. کاتێک سەیری ڕوخساری گەلەکەمان دەکەین ــ کە ئاوێنەی ئێمەن ــ ڕێز و حورمەت دەبینین، هەروەها ئارەزوویەکی بەهێز دەبینین بۆ باڵادەستبوونی ئەو خێر و چاکەیەی کە شایستەی وڵات و گەلەکەمانە.
گەلەکەمان ــ ڕەنگە بەشێکیان یان زۆربەیان ــ لەوە تێگەیشتبن کە هۆکاری ئاستەنگەکانی بەردەم گەیشتن بە کەناری ئارامی، ئەو تاقمەن کە تۆوی ژەهریان لە زەوییەکدا چاندووە کە هی خۆیان نین. دەکرێت بیر لە جووتارێک بکەنەوە کە ژەهر دەچێنێت و زەوییەکەش هی خۆی نییە؛ بە زۆرداری خاک و ئاو لە خەڵک دەسێنێت و ژەهرەکەشی دەرخواردی خەڵک دەدات! وەک پیاوێکی یاسا، تەنیا لەناو چوارچێوەی بەرگرییەکاندا بەدوای دادپەروەریدا ناگەڕێم؛ چونکە بەڵگەکان لە ساختەکاری و دەستکردن بێبەش نین، بەڵکو داواکارییەکانی دادپەروەری بە هەر بەڵگەیەک هەڵدەسەنگێنم تەنانەت ئەگەر یاساش وەک بەڵگەیەکی بڕواپێکراو ئەژماری نەکات؛ چونکە یاسا هەمیشە لە دارشتنی دادپەروەریدا سەرکەوتوو نییە.
ئەو تاقمەی تۆوی ژەهر دەچێنن، باش دەزانن چۆن کەلێنەکانی یاسا بقۆزنەوە. ئەگەر یاساش ڕێگرییان لێ بکات، پەنا دەبەنە بەر ئەو خراپەیەی کە تێیدا شارەزان، تا نادروستیی خۆیان بەبەرگی ڕاستیدا بکەن و بەسەر ڕاستیدا بسەپێنن. بەختەوەرانە دەڵێم: ئەوەی لە بیست و سێ ساڵی ڕابردوودا ڕووی دا، هاوکات بوو لەگەڵ تەقینەوەی تەکنەلۆژیای زانیاری لە بەدەستهێنان و بڵاوکردنەوەیدا؛ دەنا ئەگەر کردەوە خراپە ناوخۆییەکان وەک سەردەمی پێشینان لە تاریکستانی بێزانیاریدا ڕوویان بدا لەبەر تاریکی زۆرێک لە مافەکان فەوتا بوون.
ئەوان لە پێشینەکانیان تەنیا خراپترین لایەنیان وەرگرت و خراپتریشیان خستە سەر. لەسەر ئەم گەلانە، چەندین جار درۆی پڕۆژەگەلێک دووبارە کرایەوە کە زۆر لە پڕۆژەکانی پێشوو دەچوون؛ دەستپێکەکانیان خەڵەتاندن بوو، ناوەڕاستیان بێهیوایی و کۆتاییشیان خەسارەت. لە نێوان تۆمەتبارکردنی یەکتر و فڕێدانی بەرپرسیارێتیی زیانەکان بەسەر یەکتردا، تەمەنی نەوەکانی گەلەکەمان بەفیڕۆ چوو. کار گەیشتە ئەوەی گفتوگۆ مێژووییەکان ــ بە هەموو نهێنییەکانیانەوە ــ چیتر بۆ زۆر کەس نە ئیلهامبەخش ببن و نە هۆشیارکەرەوە، تاوەکو وانە لە هەڵە و تاوانەکان وەرگیرێت و دووبارە نەبنەوە.
لە ڕوانگەی یاسایی خۆمەوە دەڵێم: زۆربەی پەڕگەکانی ئێستا و داهاتووی گەلەکەمان تەنیا بە شێواز و ناوەڕۆکێک مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت کە لە سەرگەردانیی بیر و ونبوونی بڕیار دەچێت. دیارە زۆرێک لە بڕیاربەدەستان لە قەبارەی مەترسیی هەڵەکردن لە سیاسەتی دەرەوە تێنگەیشتوون، باسی شێواز و ناوەڕۆکی مامەڵەکردن لە سیاسەتی ناوخۆش هەر ناکرێت؛ ئەو دوو ئەداکردنە ــ چ تێکەڵ بن و چ جیاواز ــ کاریگەرییان لەسەر ناوبانگی ناوخۆیی و دەرەکی دروست کردووە، واش لە مەسەلەکە گەڕێن کە وابەستەییی ئاشکرایان بە میدیای بەکرێگیراوەوە هەیە، نەک میدیای هۆشیار و شەریف. چارەسەرەکان بۆ ئاڵۆزییەکانی دۆخەکە، تەنیا ژەمە دەرمانێک بوون کە کاریگەرییان لەدەست داوە لە بەرامبەر نەخۆشییەکدا کە زۆربەی ئەندامە زیندووەکانی لەناو بردووە. کێشەکانمان پێویستیان بە بوێریی زانست نییە، پێویستیشیان بە زانستی بێتێگەیشتن نییە.
ئەگەر کەسێک بیەوێت دەستنیشانی دەردەکە بکات، ئەوا دەستنیشانکردن پێویستە، بەڵام بێسوودە ئەگەر لەگەڵ چارەسەرێکی کاریگەردا نەبێت لەسەر دەستی پسپۆڕێک. دۆخی ناوخۆییی گەلانی ئەم وڵاتە و تەواوی وڵات وەک قەوارەیەکی سیاسی، لەلایەن تاقمێکەوە وەها فام کراوە، کە گوایە موڵکی کەسیی خۆیانە؛ تەنانەت ئەگەر وەهاش بێت، دروست نییە بە ئەنقەست هەڵسوکەوت بە موڵکەوە بکرێت ئەگەر زیانی لێ بکەوێتەوە. ئەگەر چاودێرێکی هۆشیار ڕامانێک لە تاوانە نوێیەکان بکات، دەبێت هێڵێک بکێشێت کە تەنیا لەسەر پاڵنەرەکە نەوەستێت، بەڵکو بڕوات بۆ ئەو هۆکارانەی پاڵنەرەکەیان دروست کردووە. کاتێک ئەوانە چارەسەر کران، ڕاستییەکان پێش کۆتایییەکان ڕوون دەبنەوە و تاوانباری ڕاستەقینە دەردەکەوێت، نەک تاوانباری ناچارکراو. وڵاتێک کە خەڵکەکەی ئاگاداری پەرەسەندنی خراپەکارین ــ لە نەخوێندەواری، نەزانکردن، هەژاری، پەرەسەندنی فرۆشتن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، ساختەکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکان، دەستبەسەرداگرتن و زۆرداری، تا دەگاتە ئەو تاوانانەی ڕاستەوخۆ دەست بۆ ژیانی نەوەکانی ئێستا و داهاتوو دەبەن ــ بێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ دۆزینەوەی پاڵنەرەکان و خولقێنەری پاڵنەرەکان، پاشان پەردەپۆشکردنی بابەتەکان لەبەر ترس، چاوبرسێتی، دەستەوەستانی یان نەزانی؛ ئەمە تاوانێکە بەرامبەر ئینتیمای بەرپەرسیارێتی. پێداچوونەوە بۆ تەواوی کێشە هەستیارەکانی وڵات لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە تا ئەمڕۆ بکەن، هاوكات پێداچوونەوە بۆ ئەو چارەسەرانەش بڕوانن کە تاقمێک لە دەسەڵاتدارانی سەردەمە جیاوازەکان پێشکەشیان کردووە؛ دەبینن چارەسەرەکان تەنیا سامان و کاتیان بەفیڕۆ داوە و زیانەکانیان قووڵتر کردووەتەوە، بێ ئەوەی ئەنجامدرەوانیان ڕووبەڕووی لێپرسینەوە ببنەوە.
ڕەحمەتی خوا لە «ئیبن زەیدوون» بێت کاتێک نەیارەکەی لە نەزانیی پزیشکە ساختەکان ئاگادار دەکردەوە و دەیگوت:
يُبَادِرُ بِالْكَيِّ قَبْلَ الضِّمَادِ
وَيُسْعِطُ بِالسَّمِّ لا بِالْحُضُضِ
لەجیاتی بەستن، برینەکە داغ دەکات،
لەبری هەتوان، ژەهر دەکاتە لووتیەوە.
برینێک کە محتاجی بەستنەوەیە دەیسووتێنێت، دەرمانی ئارامبخش وەلا دەنێت و ژەهر دەکاتە جەستەی نەخۆشەکەوە.