رۆژنامەی ھەولێر

دیبلۆماسیەتی بونیاتنەری متمانە و ئاشتی

د. عومەر نورەدینی
کارکردن بۆ ئەوەی ژینگەی ئیقلیمی مایەی دڵنیایی و ئارامی بێت بۆ هەرێمی کوردستان و ببێتە سەرچاوەی بەخشینی هێز نەک مەترسی و هەڕەشە ، گفتوگۆ و هەماهەنگی کردن لەگەڵ دەوڵەتانی ئیقلیمی بۆ مسۆگەری مافەکانی کورد و چەسپاندنی ناسنامەی کلتوری و سیاسی کورد لەو ژینگە ئاڵۆزو شێواوەدا ، دووپرسن بایەخی گەورە و ستراتیژیان بۆ هەرێم و گەلی کوردستان هەیە ، ئەمانە ئامانجی سەرەکی دیبلۆماسیەتی بزێو و بنیاتنەری بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانن ، سەردان و دیداری ئەمڕۆی بەڕێزیان لەگەڵ احمد شەرعی سەرۆکی سوریا نموونەیەکی زیندووە بۆ ئەم جۆرە دیبلۆماسیەتە کاریگەرە.
ئاست و شێوازی پێشوازی ، ڕێوشوێنەپرۆتۆکۆلیەکان ، دیداری لوتکەی نێوان هەردوو سەرۆک ، ئاڵاوسیمبولەکان ، زمانی جەستە و بایەخی میدیایی ، هەموو ئەمانە دەرخەروئاماژەی ئەوەن کە ئەو هەنگاوە دیبلۆماسیە بۆ هێنانەدی ئەو ئامانجانەی باسمان کردن هیواوئومێد بەخشە.
یەکێک لەبەرهەمەکانی ئەم دیبلۆماسیەتە جگە لە گەرەنتیکردنی مانەوەی هەرێمی کوردستان ، بەهێزکردنی پێگەی نێودەوڵەتی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی پەیوەندیە ئابووری و بازرگانی و سیاسی و کلتوریەکانی هەرێمەی کوردستانە لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە ، وێڕای ئەوە دروستکردنی گۆڕانکاری پۆزەتیفە لە ڕوانگە و هەڵوێستی سیاسی دەوڵەتداران و ڕژێمە سیاسیەکانی حاکم لەوڵاتانەی کوردیان تێدا دەژی بەرامبەر بە دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان و نەتەوەی کورد.
بەوئاڕاستەیەی کە ئاشتی و ئاسایشی ناوخۆی ئەودەوڵەتانە ، هەروەها ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوکاتە چەسپاو سەقامگیر دەبن کە لە ئاشتی و ئاسایشی دەوڵەتەوە ببنە ئاشتی و ئاسایشی نێوان گەل و نەتەوەکان ، ئەمە بەومانایەی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە لێکگرێدراو تێکهەڵکێشە و ئەگەر گەلی کوردستان ماف و شکۆمەندی دابین نەکرێ و لەئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە بەهرەمەند نەبێ ئەوا ئەو ئاشتی و ئاسایشە نابێتە چەتری دڵنیایی و ئارامی و خۆشگوزەرانی و گەشە بۆ گەل و نەتەوەکانی تریش.
لەم ڕوانگەوە دیبلۆماسیەتی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هەمیشە کاری کردوە بۆئەوەی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەحاڵەتی تەکامول و پێکگەیشتنی باش و یەکتر تەواکردندا دا بێت نەک حاڵەتی دژبەری و تێکگیران و پێکدادان ، هەمیشە بەڕوونی و ڕەوانی جەختی لەوەکردوە کە ئیرادەی گەل و هەرێمی کوردستان ئیرادەیەکی ئاشتیخوازە نەک شەڕوپەشێوخواز ، خوازیاری ئەوەیە کە گەلان و دەوڵەتانی ئیقلیمی بەهەمان میتۆد مامەڵە لەگەڵ گەلی کوردستان بکەن.
دیبلۆماسیەتی بونیاتنەری متانەو ئاشتی نێچیرڤان بارزانی پشت ئەستورە بە ڕاستیە لۆجیکی و مێژووییەکان ، مێژووی کۆن و نوێ و هاوچەرخ دەری خستووە کە دۆزی ڕەوای کورد لەناوچەکە بەڕێگای سەربازی و شەڕ و جەنگ چارەسەرنابێ و لەمەدا هەر کورد زیانی پێ ناکەوێ بەڵکو دەوڵەتان و گەلانی ناوچەکەش زەرەرمەند دەبن ، لەدواین وتە و لێدوانی خۆیدا سەبارەت بە پرسی ئاشتی ناوخۆیی لەتورکیا سەرۆک ئەردۆغان بەئاشکرا دەڵێ : لەئەنجامی شەڕی ناوخۆیی ، تورکیا زیاتر لە دووترلیۆن دۆلار زیانی پێکەوتووە ! وێڕای ڕاژانی دەریایەک لەخوێن .
لەم بارەوە و لەپێناو سنوردانان بۆ شەڕو عەقڵیەتی سەربازی و باڵایی حیکمەتی دیبلۆماسیەت و گفتوگۆ و ڕێگاچارەی ئاشتی ، جەنابی سەرۆک مسعود بارزانی لەدەربڕینێکی ماناداردا بە گەلان و دەوڵەتانی ناوچەکە دەڵێ : دەبێ هەموومان وابیر بکەینەوە کە یەک ساڵ گفتوگۆ و دیبلۆماسیەتمان بۆ ئیدارەدانی ململانێ لە دەیان ساڵ لە شەڕ و تووندوتیژی پێ باشتر بێت.
حیکمەتی ئەم دیبلۆماسیەتە ڕیالیست و ئاشتیخوازە لەوەدایە کە لەهێنانەئارای ئەم بیرکردنەوە پۆزەتیڤ و لۆجیکیە لای سەرۆک و بڕیاربەدەستانی دەوڵەتانی ناوچەکە بەرهەم و ئەنجامی هەیە، ئەوەتا پرۆسەی ئاشتی ناوخۆیی لە تورکیا بەردەوامە و هەوڵ بۆ بەیاساکردنی دەدرێ ، لەسوریا کورد لە حاڵەتی نەبوونی ناسنامە و ڕەگەزنامەوە بەرەو دانپێدانانی سیاسی و قانونی بەمافەڕەواکانی هەنگاوی باشی بڕیوە و بەردەوامە ، ئەم سەردان و هەوڵە دیبلۆماسیەی جەنابی سەرۆکی هەرێم جەختکردنەوەیە لەو باوەڕ و ڕەوت و هەنگاوە ڕاست و دروستانە .
کاروانی گەیشتن بەمەنزڵی ئەم قۆناغە تووشی دەیان هەوراز و نشێو و کەندوکۆسپی ناوخۆیی و دەرەکی بووە ، لەئێستاوداهاتووشدا تووشی هی دیکە دەبێ ، بۆ بەردەوامی ئەم کاروانە و هەڵکشانی زیاتری پێویستی بە خۆ هەڵسەنگاندنی خودی و سازندەبوونی زیاتری ناوخۆیی لەهەرێمی کوردستان هەیە ، چونکە نالەباری و ئاڵۆزی کەش و هەوای سیاسی و لێکترازان و پەرتەوازەیی سیاسی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان کەندو کۆسپی سەخت و دژوار دەخەنە بەردەم ڕەوتی ئەم کاروانە دیبلۆماسیە کاریگەرە خاوەن بەرە ، نابێ ئەوەشمان لەبیرچێ کە لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی نەیاری ئەوتۆی ئەم دیبلۆماسیەتە بوندیانەرەی سەرکردایەتی بارزانی هەن کە ئاو لەئاشی ناکۆکی ناوخۆیی هەرێم دەکەن و هەموو هەوڵێک دەدەن ڕەوتی ئەم کاروانە بوەستێنن و بەلاڕێیدا بەرن.