فەزیلە شۆرش
کێشە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکان لە سەرانسەری جیهاندا بوونیان هەیە؛ شێواز و بنەمای چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکیش پەیوەستە بە ئاستی تێگەیشتنی تاک یان خێزان. لە زۆر حاڵەتدا کێشەکە لەناو خودی خێزاندا چارەسەر دەکرێت، بەڵام لە هەندێک بارودۆخدا ڕەنگە کێشەکە بگاتە قۆناغێک کە پێویست بکات دامەزراوە فەرمییەکانی دەرەوەی خێزان چارەسەری بکەن. بەداخەوە، هەندێک لە کێشەکان بەهۆی پەرەسەندن و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا، دەرئەنجامەکەیان دەبێتە حاڵەتێکی نەرێنی و دەبنە بابەتی گفتوگۆ و مشتومڕی میدیا.
لێرەدا میدیا دەتوانێت لە کاتی بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵێکدا، بە شێوەیەکی ئەرێنی یان نەرێنی کاریگەری لەسەر بینەر و گوێگران هەبێت. ڕۆڵی ئەرێنیی میدیا لەوەدایە کە پردێکی بەهێزە بۆ گەیاندنی دەنگ و کێشەی هاووڵاتییان بە دامەزراوە فەرمی و نافەرمییەکانی دەسەڵات. بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە: دەبێت ئەم پرسانە چۆن ڕووماڵ بکرێن بۆ ئەوەی هەواڵەکە بە شێوەیەکی دروست و تەندروست بگاتە خەڵک و لایەنی پەیوەندیدار؟
ئەوەی گرنگە لە ئامادەکردنی ڕاپۆرت لەسەر هەر پرسێک، بەتایبەتی کێشەی تاوان، پێویستە هەواڵەکە بە دووربینی و پیشەییانە ڕووماڵ بکرێت. بەڵام لە بەشە نەرێنییەکەی میدیادا، بەداخەوە هەندێک پەیامنێر لە کاتی ڕووماڵکردنی هەواڵی تاواندا، خۆیان بە شیکردنەوە و گفتوگۆکردن سەرقاڵ دەکەن و زۆر بە وردی وردەکاریی کێشە و تاوانەکان باس دەکەن؛ لەکاتێکدا پێویستە ئەم وردەکارییانە بڵاو نەکرێنەوە و بۆ دەزگاکانی لێکۆڵینەوە بەجێ بهێڵدرێن. چونکە باسکردنی بۆ گشت کەس، زۆرجار کاردانەوەی نەرێنی لەناو خەڵکدا دەورووژێنێت و کاری دەزگای لێکۆڵینەوەش سەخت دەکات. ڕووماڵی هەواڵ دەبێت بەرپرسانە و مرۆییانە بێت، تا نەبێتە هۆی دروستکردنی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ لای هاووڵاتییان.
هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن هەن بە مەبەستی چەواشەکاری، هەوڵی گەورەکردن و زەقکردنەوەی بابەتی تاوان دەدەن کە ئامانجیان شێواندن و ترساندنی کۆمەڵگەیە. لێرەدا تاک خۆی ڕۆڵێکی سەرەکی و یەکلاکەرەوەی هەیە لە ئاراستەکردن و باشترکردنی کوالێتیی میدیاکاندا، چونکە بینەران و گوێگران بڕبڕەی پشتی بەردەوامیی میدیاکانن. بەرپرسیارێتیی تاک لەوەدایە کە هۆشیار بێت لە وەرگرتن و شیکردنەوەی هەواڵ؛ چونکە هۆشیاریی تاک بنەمایەکی سەرەکییە بۆ پاراستنی کۆمەڵگە لە چەواشەکاری.

