گۆهدار شکری ئاکرەیی
مرۆڤەکانی ئەم سەردەمە زۆربەی زۆری لە بازنەیەکی پڕ لە ترس و نائومێدی و نیگەرانیدا دەخولێنەوە، رەنگە دۆزینەوەی کەسانی دوور لەم فشارانە زۆر ئەستەم بێ، لە هەموویان گرفتتر، نیوەی زیاتری خەڵکەکە ئارامیان لێ هەڵگیراوە. چونکە لەسەردەمێکا دەژین ناتوانین بڵێین بەگشتی بەڵام زیاتر لەزۆری مرۆڤەکان، بەتایبەتی تاکەکانی بەرپرس لە ژینگەکانی دەسەڵات، لە تەنهایی خۆیان نەهاتوونەتە دەر، واتە خۆویستی و خۆپەرستیان زیاترە لە بەخشین و بیرکردنەوە لەهەمبەر تاکەکانی کۆمەڵگەکەیەوە، رێک وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی لێ هاتووە، لە هەموو کارەکانیاندا تەنیا رەچاوی بەرژەوەندی دەکرێت، لایەنی مرۆڤایەتی بەلاوە نراوە، بەرژەوەندی لە سەرووی یاساوەیە. بێگومان کاردانەوەی بەرهەمی حوکمی بەرژەوەندی لەسەر مرۆڤەکانی ئەو کۆمەڵگایە دەردەکەوێت لە دروستبوونی هەڵسوکەوتی ناڕێک، بێمتمانەیی و ترس و گومان؛ خەڵک چارەنووسی خۆیان لە بازنەیەکی پڕ لە ترس و نائومێدی و نیگەرانیدا دەبیننەوە. بۆ دادپەرەوری و بێلایەنیی نووسەر دەبێ ئاماژە بەوە بکرێت، مەرج نییە ئەوە هەر لە لایەن دەوڵەتەوە بێت، زۆر جار کەسان و لایەنی دیکە هەن لە دەرەوەی دەسەڵاتدا، بە هۆی ئاڵۆزی و ناسەقامگیریی ژینگەکە کاری نایاسایی دەکەن و، لەوانەیە پێیشی سوودمەند ببن! تاکەکانی ئەم کۆمەڵگەیە ناچار دەبن پێش رووداوەکان بکەون بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندی و ئامانجەکانیان، کاریان لەگەڵ بکەن، چونکە دڵنیان شتەکان بە سروشتی خۆیان پێناگەن. ئەوەتا ئەمڕۆ ئەگەر سەرنج بدەین لەم سەردەمە، هەموو مرۆڤێک زیاد لە هەموو کات پێویستی بە بیستنی وشەی هەق هەیە! چونکە زەمەنێکە (هەق) مردووە، حەزیان لێیە لەدایک ببێتەوە تاکو شتەکان بە سروشتی خۆیان پێبگەن، کەسی ماندوو، ناماندوو، دروست و نادروستی لێک جیا بکرێنەوە. جا ئەوەی مەبەستمانە باسی لێوە بکەین، بۆ ئەم حاڵەتانە لە هەندێ کۆمەڵگا و شوێنی جیاجیا بە شێوەیەکی بەرچاو بەدی دەکرێن، کەچی لە هەندێ شوێنی تر ئەگەر بەدییش بکرێت زۆر بە کەمی، بەڵام بەگشتی شتەکان وەک خۆی دەرواو پێدەگا بەبێ جیاوازی لەنێو تاکەکانی کۆمەڵگادا دوور لە هەموو ترس و نائومێدی و نیگەرانیەوە. لێرە هەوڵ دەدەین ئەو کارتێکراوە ئەرێنیە و نەرێنییانە کە فشارن لەسەر ئەم حاڵەتانە. سەرەتا پێویستە سەرنجی ئەم خالانە بدەین، ئایا هەموو ئەم حاڵەتانە لە دەرنجامی ئاستی تێگەیشتنی کەسەکانی ژینگەی دەسەڵاتە، یا لاوازی و بێتواناییی خەڵکەکەیە. یاخود هەردووکیان هۆکارن. ئەگەر بە دروستی لەم حاڵەتانە بکۆڵینەوە زۆر بەئاسانی وامان لێ دەکات بگەینە ئەو دەرەنجامەیە، کاتێ سەرنج دەدەینە ههموو ئەم ترس و پێش رووداو کەوتنانە لە کۆمەڵگەیک بۆ کۆمەڵگایەکی تر بە جیاوازییەکی بەرچاو دەگۆڕێت بەدی دەکرێت. کەواتە تاکەکانی ژینگەی دەسەڵات، دابینکەرێکی کارا و بەهێزن بۆ ئەم حاڵەتانە کەدەبنە سەرچاوەی ترس و نیگەرانی بە کۆمەڵگاکە بدات، یان رێک بەپێچەوانەوە شتەکان بەسروشتی خۆیان پێ بگا دوور لە هەموو ترس نیگەرانی. کەواتە چەندە تاکەکانی ژینگەی دەسەڵات توانای زانینی فرەوان بێت ئەوندە تێگەیشتنی لە مەرامەکانی کۆمەڵگایەکەی فرەوانتر دەبێت، شتەکان وەک خۆی پێدەگا دوورە لە هەموو نیگەرانی و ئاستەنگ. خالی کۆتایی هەندێ جار ئەوەمان لەیاد نەچێ، هۆکارەکەی بۆ لاوازی وبێ توانایی و ناتەواوی ئامانجەکەی خودی تاکەکە دەگەڕێتەوە، سروشتی مرۆڤیش بەبێ جیاواز لەشتی ناتەواو دەترسێ، هەوڵی بۆ دەدا پێش ئەوەی بە سروشتی خۆی پێبگا پەنا دەباتە بەر بەدەستهێنانی یارمەتی و پشتگیری و، خۆویستیانە بۆ گەیشتن بە مەبەستەکەی پێش رووداوەکە بکەوێ. لە کۆتاییدا ئەمانە هەمووی ئەوەمان فێر دەکا هەر کاتێ کۆمەڵگەیک یا تاکێک لەئێمە قسە و بڕیار لەسەر هەندێ شت بدات کە نەکراون یاخود روویان نەداوە، واتە پێش رووداوەکە بکەونەوە، دڵنیا بە بڕوایان نەماوە بە ژینگەی دەسەڵاتەکەوە، کە بەرپرسی یەکەمە لە هەموو رێکارەکان، یا لە ناتەواویی هەلومەرجەکانی ئامانج و مەبەستەکەیان. ئیتر ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە، هەموو ئێمەی بەرپرسیار و باڵادەست لە هەر ئاست و شوێنێکدا هەین، بەخۆدا بچینەوە لە تەنهایی خۆمان بێینە دەرەوە! واز لە خۆویستی بێنین، بەڵکو بەخشندە بین، چونکە لە بنەڕەتدا خۆشی و چێژی ژیان لە بەخشندەییدایە، نەک لە خۆویستی و خۆپەرستیدا.

