سوهه‌یب میكائیل
میتۆدی فێربوون له‌سه‌ر بنه‌مای گومان (Doubt-Based Learning Method) ئه‌م گوتاره له بنه‌ڕه‌تدا پوخته‌ی پرۆژه‌پێشنیارێكه كه ئاراسته‌ی (به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ڕاهێنان و په‌ره‌پێدانی دهۆك) كراوه و له‌ژێر هه‌لسه‌نگاندندایه، ئه‌گه‌ر ئه‌م پڕۆژه‌پێشنیاره په‌سه‌ند بكرێت، ده‌بێته داهێنانێكی نوێ و یه‌كه‌مین میتۆدی كوردی كه له پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و فێركردندا په‌یڕه‌و بكرێت.
ئێمه ساڵانێكه كار له‌سه‌ر هه‌نگاو و ورده‌كاریه‌كانی ئه‌م میتۆده ده‌كه‌ین، له ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوو ئه‌م میتۆده‌مان له قۆناغی ئاماده‌یی په‌یڕه‌و كرد، له كۆتایی هه‌ردوو ساڵه‌كه‌دا ئه‌نجامی فێربوونی قوتابیان و ڕێژه‌ی ده‌رچوونیان به‌راورد به ساڵانی پێشوتر زۆر باشتر بوو.
ئه‌م میتۆده شێوازێکی نوێی فێرکارییە کە تیایدا قوتابی ته‌نها گوێگر نییه، بەڵکو بەشدارێکی چالاکی پرۆسەی فێربوونە. لە زۆربەی میتۆدە باوەکانی فێرکردن‌دا، قوتابی وەڵام وەردەگرێت و دواتر هەوڵدەدات لەبیری نه‌چێت؛ بەلام لە (میتۆدی فێربوون لەسەر بنەمای گومان)، قوتابی پێش قبووڵکردنی هەر وەڵامێک فێردەبێت لێی بپرسێت، لێی به گومان بێت و داوای بەلگەی زانستی بکات. لێرەدا گومان نەک هۆکاری ڕەتکردنەوەی زانیارییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ تاقیکردنەوەی دروستی زانیاری و گەیشتن بە دڵنیایی.
ئەوەی ئەم میتۆدە لە شێوازەکانی تر جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە پرسیارکردن لە ئاستی تاکە قوتابی نامێنێت، بەڵکو دەگۆڕێت بۆ سیستەمێکی ڕێکخراوی گفتوگۆ و بەلگەهێنان، کە تێیدا هەر بۆچوونێک دەبێت بە بنەمای زانستی پشتڕاست بکرێتەوە. بەم شێوەیە پۆل دەبێتە گۆڕەپانی گفتوگۆی زانستی، نەک شوێنی گوێگرتنی یەکلایەنە.
فەلسەفەی ئەم میتۆدە لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە هیچ زانیارییەک نابێت تەنها لەبەر ئەوەی گوترابێت، قبووڵ بکرێت؛ بەڵکو دەبێت بە مەحەکی پرسیار، بەلگە، لۆژیک و گفتوگۆ تاقی بکرێتەوە.
بەپێی ئەم میتۆده، مامۆستا سەرچاوەی یەکەمی زانیاری نییە؛ بەڵکو ڕێنیشاندەر و ڕێکخەری پرۆسەی گەیشتن بە زانیارییە. هەروەها قوتابیش وەرگرێکی بێدەنگی زانیاری نییە، بەڵکو بەشدارێکی چالاکە کە لە ڕێگەی گومانکردن، پرسیارکردن، بەلگەهێنان و بەرگریکردن لە بۆچوونەکانیەوە، بەشداری دروستکردنی زانیاری دەکات.
بەم مانایە، (میتۆدی فێربوون لەسەر بنەمای گومان) هەوڵێکە بۆ گواستنەوەی پەروەردە لە قۆناغی وەرگرتنی زانیاری بۆ قۆناغی بەرهەمهێنانی زانیاری؛ لە پۆلی گوێگرتن بۆ پۆلی گفتوگۆ و، لە فێرکردنی لەبەرکردن بۆ فێرکردنی بیرکردنەوە.

