عارف ڕوشدی
لە ساڵیادی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا؛ (٧) ساڵ بەر لە ئێستا، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ڕێزدار (مەسرور بارزانی)، دوای ئەوەی پێکهاتەی حکومەت و کارنامەکەی لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرا، دەستبەکار بوو. لەو کاتەدا سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند، خۆی و حکومەتەکەی پابەند و بەرپرسیار دەبن بەرامبەر گەلی کوردستان، بەوەی بە هەموو توانایەکەوە بەرپرسانە کار دەکەن لە پێناوی جێبەجێکردنی سەرجەم بابەتەکانی کارنامەی ڕاگەیەنراوی کابینەکەی. لە ڕاستیدا، سەرەڕای ئاڵنگاری و ڕێگرییەکان، سەرۆکی حکومەت دوای
دابەشکردنی ئەرکەکانی هەر وەزارەتێک وەک لە کارنامەکەدا هاتووە، ڕاستگۆیانە و ماندوونەناسانە، سەرکردایەتی و سەرپەرشتیی پرۆسەی حکومڕانییەکی پاک و بێگەردانەی کرد. پێش هەموو شتێک، وەک لە چوارچێوەی کارنامەکەدا جەختی لێ کرابووەوە، بە پلان ڕێگری دەکات لە تەشەنەکردنی دیاردەی قێزەونی گەندەڵی بە هەموو شێوازەکانییەوە، لە کاتێکدا باش دەیزانی و چەندین جاریش ئاماژەی پێ کردووە، لە ئەنجامی ئەو ئەرکەیدا دڵنیایە ڕووبەڕووی تەنگژە دەبێتەوە لەلایەن ئەو کەس و لایەنانەوە کە بەرژەوەندییەکانیان تێکدەچێت.
هەر بۆیە لایەنە زیانپێکەوتووەکان، دەستەوەستان نەوەستان و بە هەموو شێوەیەک دەستیان کرد بە داڕشتنی پلان و پیلان بە مەبەستی گرفت دروستکردن و ڕاگرتنی تەوژمی کارکردنی وڵاتپارێزانەی سەرۆکی حکومەت و کابینەکەی.
پلان و پیلانەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق داڕێژران؛ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، ڕێگرییان کرد لە جێبەجێکردنی یاسا، فەرمان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکومەت لە هەندێک ناوچەدا وەک پێویست. لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵیشدا، دەستبار نەبوون لە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتە دروستکراوەکانی دژی بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان، بەڵکوو سەرەڕای نادادپەروەری و ستەمکاریی دامودەزگاکانی بەغدا، هەمیشە لایەنگیریی ئەوانیان دەکرد یان بێدەنگییان هەڵدەبژارد.
بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ڕێزدار مەسرور بارزانی، بە پشتیوانیی زۆرینەی هەرە زۆری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، پشتیوانی و ئامۆژگاریی جەنابی سەرۆک بارزانی، هەماهەنگیی هێژا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، توانی بەسەر زۆربەی ئاڵنگارییەکاندا زاڵ بێت و بە خۆڕاگرییەوە پەرە بە کاروانی ئاوەدانی و پاراستنی خواست و مافە ڕەواکانی گەلەکەمان بدات.

