رۆژنامەی ھەولێر

سامانی عێراق و بەڕێوەبردنی

فازڵ میرانی*
لە گۆشەیەکی ژێر سێبەری ئەم ناونیشانە گەورەیەی سەرەوە، لە ڕێگەی ئەو ڕاگەیەندراوە فەرمییانەی لەبارەی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەوە بڵاودەبنەوە، ئەو هەڵوێستانە ئاشکرا دەبن کە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی سامانی گشتی دەدەن. چونکە تاوانی پەیوەندیدار بە سامانی گشتی زیانێکی بەربڵاوی هەیە؛ لە هەر شوێنێکدا ڕووبدات، تاوانێکە دەرهەق بە گشت خەڵک، چونکە لە ڕووی ژمارەییەوە، ئەگەر بڕە پارەکە بەسەر خاوەنە ڕاستەقینەکانیدا (کە گەلە) دابەش بکرێت، قەبارەی زیانەکە ڕوون دەبێتەوە.
سامان و بەرژەوەندییە هاوپێچەکانی، گەشەیان پێدراوە، لەگەڵیشیاندا دەزگا دەستوورییەکان کە ئەرکەکانیان دابەش بووە لەنێوان پلاندانان، پاراستنی دارایی، پاراستنی ڕێڕەوەکانی، هەمەجۆرکردن و بەرهەمهێنانی؛ کەچی بەشێک لە کارمەندانی ناو ئەم دەزگایانە تێوەگلاون لە دوو تاواندا: خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، و تێوەگلان لە کارێکی نەشیاو لە ناوخۆی کارەکەدا یان بەهۆی کارەکەیانەوە، لە دەرەوەی کارەکەشدا لە ڕێگەی قۆستنەوەی پۆست و پێگەکەیان.
دەستدرێژیکردنە سەر سامانی گشتی بە شێوەیەکی گشتی شتێکی نوێ نییە، ئەم بابەتە ناپەسندە لە ڕووی مێژووییەوە بەرۆکی عێراقی گرتووە. هەر کەسێکیش بیەوێت، دەتوانێت چاو بە بەڵگەنامەکانی کۆنترۆڵکردن و پاوانخوازیی بپخشێنێتەوە کە دەستیان بەسەر سامانەکانی عێراقدا گرتووە لە زنجیرەی خەلافەتەکاندا، بێجگە لە چەند ناوێکی کەم کە خاوەنی هەڵوێستی گەورە بوون و لە سزای خودا ترساون و نەیانویستووە ببنە پێشڕەوی گەندەڵی و خراپەکاری.
ئەمە هەرگیز بەو مانایە نییە کە سەرپێچی و دەستدرێژی لەسەر سامانی تایبەت ڕوونادات؛ بەڵام سەرەڕای ئەو ستەمەی کە بەشێکە لەو ستەمەی لە گشتی دەکرێت، کاریگەرییەکەی سنووردارە ئەگەر تەنها لە نێوان دوو لایەندا بێت، بەو مەرجەی ئەنجامدەرەکەی بەشێک نەبێت لە سیستمی دەسەڵات. چونکە لەم حاڵەتەدا، تاوانی زیانگەیاندن لەگەڵ تاوانی بەکارهێنانی دەسەڵات لە شوێنی نەشیاو و بۆ مەبەستێکی دزێو کۆدەبێتەوە. ئەم پێناسەیەش هاوشێوەی ئەو پێناسە یاساییەیە کە پێویستی بە توندکردنی سزا هەیە لە تاوانی کوشتن بە مەبەستی دزیکردن و پێویستی بە بارودۆخی توندکردنی سزا (الظرف المشدد) هەیە. منیش لێرەدا دەستەواژە یاساییەکەی (دزێو)م بەکارهێناوە بۆ ئاماژەدان بە دزێویی ئەو کەسەی کە پێگەیەکی پێدەسپێردرێت بۆ سەرپەرشتیکردنی سامانی گشتی، کەچی ئەو دەیگوازێتەوە بۆ دروستکردنی سامانی تایبەتی خۆی بە سوودوەرگرتن لە کەلێنەکانی یاسا و چاودێری؛ ئەمەش لەو حاڵەتەدا ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین کە دەزگای چاودێری خەڵەتێندراوە نەک گەندەڵ کرابێت.
من لەو کەسانەم کە پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی بەرفراوانم لەگەڵ زۆرێک لە عێراقییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات هەیە، بەهۆی سروشتی کارەکەشمەوە، ئاگاداری ئەو سکاڵا ڕاستەقینانەم کە هەندێک جار سکاڵاکاران بە نەرمی و بەبێ زێدەڕۆیی دەیانخەنەڕوو، کە ئاستی خراپیی ئەدای بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی نیشان دەدەن؛ بابەتێک کە وادیارە ئەو کەسانەی ڕاشکاوانە لەگەڵ بڕیار بەدەستان باسی دەکەن، ئیتر لە نەبوونی وەڵام بێزار و ماندوو بوونە.
هێشتا زۆربەی ئەوانەی هەوڵی گەیشتن بە دەسەڵات دەدەن، وای دەبینن کە سامانی گشتیی خەڵک موڵکی تایبەتی خۆیانە. ئەوان بە کارەکانیان و بەپێی پێگەکەیان، لە هاوشێوەکانی خۆیان لە ڕابردوودا دەچن (سەیری کارەکانی والییەکانی پێشووی عێراق بکەن، دەبینن چۆن دروشمە بێناوەڕۆکەکان و دەوڵەمەندبوون لەسەر حسابی خەڵک دووبارە دەبنەوە).
بەڕێوەبردنی سامانی دەوڵەتێک و گۆڕینی (ئەگەر نیازی گۆڕانکاری بەرەو باشتر هەبێت)، بەبێ تێگەیشتن لە کەڵەکەبوونی ئەو شێوازە کارەی کە لەسەری جێگیر بووە، ئەنجام نادرێت. لە نموونەی عێراقدا، شێوازی بەڕێوەبردنەکە بریتییە لە جۆرێک لە سۆشیالیزمی هێبرید (تێکەڵاو) بۆ ئەوەی ببێتە بازاڕێکی کراوە (ئەمەش بە گریمانەیەک کە ڕاستییەکان پشتگیری ناکەن، کە گوایە گۆڕانکارییەکە دروستە و دەسەڵات و لایەنگرانی بەشدار نین لە دەستدرێژیکردنە سەر سامانەکان ــ کە بێگومان کێشەکە لە دەستدرێژیکردنیش گەورەترە و بێدەنگی لێکراوە).
بارستەی نەختیی دراوی نیشتمانی، هێز و لاوازییەکەی، بەستراوەتەوە بە ئەدای سیاسییەوە، هەر وەک چۆن بەستراوەتەوە بە بەڕێوەبردن و ئەو تێگەیشتنەی کە لە ڕێگەی پسپۆڕیی و لێکۆڵینەوە لە واقیع دروست دەبێت، نەک بە لێدوان و قسەی دژبەیەک.
بەردەوامیی فشارەکان بۆ هێشتنەوەی دۆخی ئێستای وڵات ــ کە دۆخێکی وا خراپە تەنانەت بە دەستی لایەنی دەرەکیش نەدەهاتە دی کە دەیانویست ئەو نموونەیە تێکبشکێنن کە ئێمە کارمان بۆ دەکرد جیاواز بێت لەو خراپییەی پێش ساڵی ٢٠٠٣ هەبوو ــ وایکردووە وڵات بەرەو داڕمان بچێت بەهۆی هەوڵێکی ناوخۆییەوە کە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی بڕیاری ئابوورییە بۆ دروستکردنی دەوڵەتۆکەی شاراوە. ئەم دەوڵەتۆکانە زوو خۆیان ئاشکرا دەکەن کە چۆن لەسەر حسابی ملیۆنان عێراقیی کەم دەرامەت دەوڵەمەند بوون، و پاشان دووبارەکردنەوەی ئەوەی کە ڕابردوو پڕی بوو لە سەپاندنی باجی نوێ لەسەر ئەو کەمە سامانی تایبەتەی کە بۆ ئەو کەسانە ماوەتەوە کە دەستیان بە دەستدرێژیکردن و گەندەڵی پیس نەبووە.
بۆ ئەوەی بابەتەکە زیاتر ئاڵۆز بێت، ئەدای کارکردن لە ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، ئەدایەکە بە ناسنامەی دژبەیەکەوە، کە زۆربەیان تەنها دەنگی بێ هێزن.
کاری سیاسی سنووری خۆی هەیە، بەڕێوەبردنیش زانست و ژیرییە. عێراقییەکان تێر نابن، چارەسەری پزیشکی وەرناگرن، منداڵەکانیان فێر نابن، ئینتیمایان بۆ وڵاتێک نابێت کە ناوەندەکانی دەسەڵات تێیدا خولیای وێنەگرتن و نمایشکاریی بەردەم ڕای گشتیدا بوون؛ لە کاتێکدا ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە تۆڕەکانی
تاڵانکاری دەستیان دەگاتە هەر شتێک کە لە توانایاندا بێت بیبەن. ئەوان لە وەسفی فەرمانڕەوایەکی کۆن دەچن کە دەربارەی وتراوە: “ئەوە دەخوات کە دەستی دەکەوێت، و داوای ئەوەش دەکات کە نییەتی.”