بەختیار شەریف زراری
وەک هەموو جار دەستم برد بۆ پێنووسەکەم بۆ ئەوەی بابەتێک بنووسم لەسەر میهرەبانی و گەورەیی باوک، بەڵام نەمتوانی سەرەتایەکی گونجاو بدۆزمەوە بۆ ئەوەی پێناسەیەکی تەواو بۆ میهرەبانی باوک بکەم. ووشەکان لەنێوان هەست و سۆزدا ون بوون، چونکە هیچ ووشەیەک، هەرچەندە بەهێز و جوان بێت، ناتوانێت بە تەواوی قووڵایی میهرەبانی و قوربانییەکانی باوک وێنا بکات.
باوک ناوێکە کە مانای ماندووبوون، ئارامگرتن و بەرپرسیارێتییە. ئەو کەسەیە کە زۆرجار لە پشت پەردەی ژیاندا دەوەستێت بۆ خۆشی و سەرفرازیی خێزانەکەی تێدەکۆشێت بهبێ دهنگی. لە کاتێکدا کە زۆربەی خەڵک تەنها ئەنجامی ماندووبوونەکانی دەبینن، ئەو کێشە و ناڕەحەتییانەی بۆ دابینکردنی ژیانێکی باشتر بەرگەی دەگرێت، زۆرجار لە چاوان ون دەبن.
بەڵێ، دایک یەکەم پێگەی ژیانی مرۆڤە و قوتابخانەی پەروەردەییە، بەڵام باوکیش مامۆستا و ڕێنیشاندەری ژیانە. ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە بنیاتنانی کەسایەتیی منداڵ، فێری بەهاکانی ژیان و بەرپرسیارێتی دەکات و هەمیشە پاڵپشت و سەرچاوەی هێز و ئارامییە بۆ تاکەکانی نێو خێزان.
باوک زۆرجار سۆزی خۆی بە قسە دەرنابڕێت، بەڵکو بە کردار، بە ماندووبوونی ڕۆژانە، بە شەوانی بێ خەو، بە بیرکردنەوەی بەردەوام بۆ داهاتووی منداڵەکانی. هەندێک جار لە پێناوی خۆشیی خێزانەکەی خەون و ئارەزووەکانی خۆی لەبیر دەکات و گرنگیان پێنادات، تەنها بۆ ئەوەی ئەوان بە ئاسوودەیی بژین.
لە کۆمەڵگای ئێمەدا، زۆرجار باس لە ماندووبوونی دایک دەکرێت کە شتێکی سروشتی و گرنگە، بەڵام ماندووبوونی باوکیش شایستەی ئەوەیە بە هەمان ڕادە لێی بڕوانرێت. چونکە باوک ستوونی ماڵە و ئەو کەسەیە کە لە زۆر بارودۆخدا خەم و ناڕەحەتیی خۆی دەشارێتەوە تاکو خێزانەکەی هەستی پێ نەکات.
ئەگەر دایک سەرچاوەی نەرمی و سۆز بێت، باوکیش سەرچاوەی هێز، متمانە و ئیرادەیە. هەردووکیان پێکەوە بناغەی خێزان دروست دەکەن و بێ یەکێک لەوان، وێنەی تەواوی ژیان ناتەواو دەبێت.
لە کۆتاییدا، باوک تەنها وشەیەک نییە، بەڵکو مێژوویەکی پڕ لە قوربانی، خۆبەخشان و میهرەبانییە. هەرچەندە ووشەکان کورت بن لە بەرامبەر گەورەیی ئەو زاتە پیرۆزە، بەڵام هەمیشە دڵەکانمان پڕ دەبن لە ڕێز و سوپاس بۆ ئەو کەسانەی کە بە ناوی “باوک” ناسراون و ژیانی خۆیان تەرخان کردووە بۆ سەرفرازی و خۆشیی خێزانەکانیان.
خۆزگە بەو ڕۆژانەی باوکم لە ژیاندا بوو،
مامۆستا و ڕێنیشاندەری ژیانم بوو.
پێشەوا و سەروەری ماڵەکەمان بوو،
هێز و ئارامی و دڵنەوایی خێزانەکەمان بوو.
گوێگر و ئامۆژگاری هەنگاوەکانم بوو،
لە پێناو داهاتوومان زۆر قوربانی دا.
هەمیشە بەبێ دەنگ تێکۆشەر بوو،
بۆ سەربەرزیمان ماندووبوون نهناس بوو.
ئێستا تەنها یاد و وێنەی لە دڵدا ماوە،
ناوی پیرۆزی هەمیشە لەگەڵمان ماوە.

