مەشخەڵ كەوڵۆسی
كوردستان ئەگەر لەهەر شتێكی دیكە و لەهەر بوارێكی تردا خاوەنی پێگەی دامەزراوی تۆكمەبێت، بەبێ گومان لەبواری بیناكردنی كەلتوری دیموكراسیدا، پێگەیەكی زۆر پتەوی نیە و، نەك هەر كورد بەڵكو سەرجەم گەلانی ئەم ناوچەیە، نەیانتوانیوە دەستوپەنجە لەگەڵ دیموكراسیدا نەرم بكەن و، هەموو مەرجەكانی دیموكراسی بوون لە خۆیاندا جێبكەنەوە.
دیموكراسی سیستەمێك بەهایە، قۆناغێكی شارستانییە و، بەرلەوەی هەڵبژاردن و دەنگدان بێت، كەلتورێكی قووڵی یەكتر قبوڵكردن و ئازادی تاكەكەس و ئازادی بازاڕە” بەمانای گرانفرۆشی و بەرەڵایی نرخ نا وەك لەهەرێم هەیە” بەڵكو بەمانای ئازادی چالاكی بازاڕ و سەرمایە. كەچی لەكوردستان بێ ئەوەی كەلتوری یەكتر قبوڵكردن هەبێت، كەلتوری قبوڵكردنی دۆڕان هەبێت وەك ئەوەی لە كۆمەڵگە دیموكراسییەكاندا هەیە، ڕاستەوخۆ دەستمان كردووە بە چوونە نێو یاری هەڵبژاردن.
كورد پەندێكی جوانی هەیە دەڵێت: لە ماینی نەبوو، ئاخوڕ مەبەستە! واتە تۆ بەرلەوەی ماینت هەیەبێت، ئاخوڕت بۆچییە؟ واتە سەرەتا پێگە بنەڕەتییەكە دروست بكە، ئەوجا یارییە لاوەكییەكە. تۆ سەرەتا پێویستە كەلتوری یەكتر قبوڵكردن و، قبوڵكردنی دۆڕان، وەك سادەترین پێداویستی یارییەكانی دیموكراسی هەزم بكەیت، ئەوجا هەڵپە بكەیت بۆ دەنگدان.
لەڕاستیدا دەنگدان نەك ڕووكار و پێداویستییەكی بنەڕەتی دیموكراسی نیە، بەڵكو یەكێكە لە ئەنجامە هەرە لاوەكییەكانی دیموكراسی و، كاتێك كۆمەڵگە خاوەنی بەهای دیموكراسی و بنەماكانی بوو، دەنگدان دەبێت ” میكانیزمێكی نیشاندانی دیموكراسی” و ڕێكخستنی ئیدارەی وڵات، نەك وەك ئەوەی ئێمە لێی تێگەیشتووین، تەنها بەدەنگدان ئیتر ئێمە دیموكراسیەتەكەمان لە تۆپدایە.
لەڕاستیدا لەكۆمەڵگەیەكی وەكو كۆمەڵگەی كوردیدا، مادەم فەرهەنگی دیموكراسیمان نیە، دەنگدان و هەڵبژاردن بەمەرجی سەركەوتن قبوڵ دەكەین و، دۆڕانی سەر سندوقەكانی دەنگدان بە شكستی تەمەن دەزانین و قبوڵی ناكەین، بۆیە لەمجۆرە كۆمەڵگایانەدا، دەنگدان دەبێتە هەڕەشەیەكی وجودی لەسەر كۆی قەوارەی سیاسی و، قبوڵنەكردنی دۆڕانی سەر سندوقەكانی دەنگدان وەك لەهەڵبژاردنی پێشوو بینیمان، نەك مانای دیموكراسی بوون ناگەیەنێت، بەڵكو هەڕەشەیەكی ڕاستەقینەیە و، لەوانەیە ببێتە هۆكاری پێكدادانی كۆمەڵایەتی و، مەترسی گەورە تریش.
ئەنجامی هەر پرۆسەیەكی دەنگدان، نەك بستێك دیموكراسیەتی كوردی پێش ناخات، بگرە دەبێتە مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمیش، تۆ تەماشای ئەم هاوكێشەیە بكە: لە دەنگدانی پێشوودا، گەلی كوردستان دەنگیداوەو پارتی یەك ملیۆن دەنگی هێناوە. تا ئێرە ئاساییە، بەڵام ئەنجامی ئەم گەمەیەی سەر سندوقەكانی دەنگدان بوو بە كێشە؟ یان بوو بەهۆی قووڵكردنەوەی كەلتوری دیموكراسی؟. بێگومان بووەتە كێشە و، حیزبەكانی بەرانبەر ئامادەنین بۆ ماوەیەكی كاتی دۆڕان قبوڵ بكەن.
دیدگا و تێڕوانین كورد بۆ بابەتی دەنگدان بەمەرجی بردنەوەیە و، هیچ دۆڕاندنێك قبوڵ ناكات و، ئامادەنیە مل بەئیرادەی دەنگدەران بدات. بۆیە لەگەڵ هەر دەنگدانێكدا ئەم چیرۆكە و ئەم مەترسیەی دووبارە دەبێتەوە.
ئەنجامی سەر سندوقەكانی دەنگدان، لەبری قووڵكردنەوەی كەلتوری دیموكراسی، هەڕەشەكان و لێكترازانی سیاسی قووڵتر دەكەنەوە. زۆر بەسادەیی چونكە بەهای دیموكراسیمان نیە، هێشتا ماینەكەمان نیە، كەچی ئاخوڕمان بۆ دروستكردووە.
پرسیاری ژیرانە بۆ هەر كوردێك لە دنیادا ئەمەیە: لەكاتێكدا فەرهەنگی دیموكراسیمان نیە، بۆچی دەنگدانمان هەبێت؟ لەكاتێكدا دۆڕانی سەر سندوقەكانی دەنگدان دەبێتە هەڕەشە لەسەر كۆی دەستكەوتەكانمان، ئیتر بۆچی دەستبەرداری گاڵتەجاڕی دەنگدان نەبین؟ حیكمەت لەوەدا چییە دەنگ بدەین و كاری پێنەكەین؟ پێش دەنگدان باشتر نیە چەند سەدەیەك دابنرێت بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی كوردی لەسەر كەلتوری دیموكراسی ڕابهێنرێت؟.

