زیاتر لە ملیۆنێک و ٤٦٠ هەزار هاوبەش خراونەتە ناو پڕۆژەی ڕووناکییەوە
پڕۆژەی ڕووناکی دەگاتە ھەموو ھاوبەشانی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی گوندە سنوورییەکان. گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا نوێترین ئامار و پێشھاتەکانی کەرتی کارەبا و بەڕێوەچوونی پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند.
لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەرھەمھێنانی کارەبا ١٣٤٠ مێگاوات زیادی کردووە و گەیشتووەتە ٣٨١٧ مێگاوات، ھاوکات ژێرخانی بەرھەمھێنانی کارەباش گەیشتووەتە ٧٦٨٩ مێگاوات.
لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٤، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی راگەیاند، بە مەبەستی گەیاندنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦. لە ئایاریش، ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی پڕۆژەکەی دەرکرد، سوودەکانی بۆ ھاووڵاتییان نرخەکەی بە گوێرەی نرخی جیھانییە، ڕەچاوکردنی ھاووڵاتییانی کەم دەرامەت کە وایت ئەمپێر خەرج دەکەن، نەھێشتی دووکەڵ و ژاوەژاوی مووەلیدە و پاککردنەوەی ھەوای کوردستانە، کارەبا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دەگاتە ھاووڵاتییان، تێچووی زیاد بەکارھێنان کەم دەکاتەوە، ھەر بۆیە ئامانجی پڕۆژەکە ئەوەیە کە باشترین خزمەتگوزاری بە کەمترین تێچوو پێشکەش بە ھاووڵاتییان بکات.
پڕۆژەی ڕووناکی لە ھەرێمی کوردستان کە لەسەر دەستپێشخەری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاندرا، لە ماوەیەکی نزیکدا کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ تەواوی ھاووڵاتییان و ھاوبەشانی ھەرێمی کوردستان دابین دەکرێت.
سێ مانگی یەکەم بۆ ئەو بەشداربووانەی دەچنە ناو پڕۆژەی ڕووناکییەوە، بەڕێژەی ١٥% و ٢٥% تاوەکو ٥٠% پاڵپشتی دەکرێن لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، بۆ ئەوەی ھاووڵاتییان خۆیان ڕابھێنن، ھەروەھا دەبێت بەپێی پێویست کارەبا بەکاربھێنرێت، کە لەم ڕێگەیەوە بەھەدەردان کەم دەبێتەوە.
نزیکەی ٦ ملیۆن ھاووڵاتی لەڕێی پڕۆژەی ڕووناکییەوە پارەی کەمتر دەدەن، لە ھەمان کاتدا لە ژینگەیەکی پاکتر و سەلامەتتر دەژین، ئەوەش دوای ئەوەی نزیکەی ٦٠٠٠ مووەلیدە کوژێنرانەوە، ھەروەھا ئەم کارەبایە ڤۆڵتییەکی جێگیر و ژیانێکی سەقامگیرتری بۆ خێزانەکان و کاسبکار و پیشەوەرانیش زامن کردووە، لە کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دەبنە خاوەنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، کە بەگوێرەی داتاکان، ٨٠%ـی ھاووڵاتییان، بەتایبەتی کەمدەرامەتان، پارەیەکی کەمتر دەدەن بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر بۆ کارەبای نیشتمانی و مووەلیدە دەیاندا.
ھاووڵاتییان باس لە گرنگی پڕۆژەکە دەکەن و ڕۆڵی سەرۆکی حکوومەت بۆ ڕووناککردنەوەی ماڵەکانیان بە گرنگ وەسف دەکەن، وەکو خۆیان دەڵێن، پێشتر مووەلیدەمان ھەبوو و ھەموو ئامێرەکان کاریان نەدەکرد سەرەڕای ئەوەی مانگانە پارەیەکی زۆرمان دەدا، کەچی ئێستا بە کەمتر لەو پارەیە ٢٤ کاتژمێر کارەبامان ھەیە، لە ھەمان کاتدا لە کۆڵ گڕەگر و دووکەڵی مووەلیدە بووینەتەوە، زۆر سوپاسی حکوومەتی ھەرێم دەکەین، ئەوەی پێویستە بۆ ئێمە کراوە. ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دھۆک، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: بەپێی ئەو بەرنامەی کە ھەیە تا کۆتایی ئەمساڵ ھەموو ناوچەکانی سنووری دھۆک بە پڕۆژەی ڕووناکی دەبەسترێنەوە و کارەبایان دەبێتە ٢٤ کاتژمێری.
زۆرینە ھاوڕان لەسەر ئەوەی پڕۆژەی ڕووناکی خزمەتێکی گەورە و گرنگە بۆ ھاووڵاتییان و چەندین سوودی ھەیە، لە داھاتوودا ئەوە بۆ ھاووڵاتییان زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە چۆن ئەو پڕۆژەیە خزمەتی بە ھەمووان کردووە و کوردسانیش وەک ھەر وڵاتێک بووەتە خاوەنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری و لە دووجۆر کارەبا ڕزگاریان بووە و کارەبایەکی بەردەوامیان ھەیە، لەڕووی ئابوورییەوە کاریگەری دەبێت و ھەرێمی کوردستانی بردووەتە قۆناغێکی نوێ. بەختیار ئومێد، شارەزای بواری کارەبا، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: پڕۆژەی ڕووناکی یەکێکە لە پڕۆژە بەھێز و کاریگەرەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کە بەوھۆیەوە ھەموو ھاووڵاتییان و کۆمپانیا و شوێنە بازرگانییەکان و ھەموو ھاوبەشەکانی کارەبا سوودی لێ وەردەگرن و ژێرخانی ئابووریی ھەرێمی کوردستانیشی بەرز کردووەتەوە.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، گوتی: پێش دەستبەکاربوونی ئەم کابینەیە، کارکردن لە تۆڕی گەیاندنی کارەبا بە ھاوبەشان گەیشتبووە ملیۆنێک و ٤٠٠ ھەزار ھاوبەش، بەڵام لە ئێستادا ئەم ژمارەیە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و نزیک بووەتەوە لە دوو ملیۆن ھاوبەش.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، گوتیشی: دوای ماوەیەک لە وەستانی کارکردن لە پڕۆژەی ڕووناکی، لە ئێستادا کارەکان دەستیان پێکردووەتەوە، سەبارەت بە ئاستی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیش، زیاتر لە ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار ھاوبەشی کارەبا پێوەری زیرەکیان بۆ بەستراوە.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، زیاتر دەڵێ: زیاتر لە ملیۆنێک و ٤٦٠ ھەزار ھاوبەش خراونەتە ناو پڕۆژەی ڕووناکییەوە، کە ئەمەش دەکاتە نزیکەی %٨٥ـی کۆی ھاوبەشانی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا باسی لە بەربەستەکانی بەردەم پڕۆژەکە کرد و دەڵێ: ھەرچەندە ئەم پڕۆژەیە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگی تەکنیکی و دارایی بووەتەوە، بەڵام ئیرادەیەکی بەھێز ھەیە بۆ تەواوکردنی، پلان وایە لە کۆتایی ئەمساڵدا پڕۆژەکە سەرجەم ھاوبەشانی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
پرۆژەی رووناکی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ ھەموو کوردستان دابین دەکات تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦. ئێستا زیاتر لە ٨٥%ی ھاووڵاتییان کارەبای بەردەوامیان ھەیە لە پڕۆژەی رووناکی.
ڕائیب جادر – هەولێر

