رۆژنامەی ھەولێر

ھەرێمی کوردستان لە بەرهه‌مهێنانی مریشک ئاستی خۆبژێوی تێپەڕاندووە

کاریگەرییە باشەکانی گرنگیدانی حکوومەت بە بەرهەمی ناوخۆیی دەرکەوتوون
ڕۆژبەڕۆژ نرخی مریشک ھەرزان دەبێت، ئەمڕۆ نرخەکەی لە خوار ٢٥٠٠ دینارە، ئەمەش کەمترین نرخی ئەمساڵە. بەگوتەی بەرپرسانی کشتوکاڵ، خەڵکێکی زۆر پەرە بە بەرھەمی ناوخۆیی دەدەن و لە بازاڕەکان ساغیان دەکەنەوە.

دانا سەید، خاوەنی یەکێک لە دووکانەکانی مریشک فرۆشە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: نرخی کیلۆیەک مریشکی زیندوو بۆ خوارووی ٢٥٠٠ دینار دابەزیوە، پێشبینی دەکەین نرخەکەی زیاتر ڕوو لە دابەزین بکات، کە لە ھەندێک شوێن بە ٢٤٠٠ دینار فرۆشراوە، ئەمە لە کاتێکدایە پێش ماوەیەک بەتایبەتی جەژنی قوربان کیلۆی نزیک بوو لە چوار ھەزار دینار.
خاوەنی بەشێک لە کێڵگەپەلەوەرییەکان بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن: ماوەیەک دەبێت نرخی ئالیک بەرەو ھەرزان بوونە، لەگەڵ ئەوەی نرخی غاز ھەرزان بووە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ھەرزان بوونی نرخی مریشک ھەبووە.
ھەرێمی کوردستان لە بەرھەمھێنانی مریشک ئاستی خۆبژێوی تێپەڕاندووە، ساڵانە سەدان تۆن لە بەرھەمەکەی بۆ شارەکانی عێراق ھەناردە دەکات. محەممەد ڕەشید، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مێرگەسۆر، بە ڕۆژنامەی “ھەولێر”ـی گوت: مێرگەسۆر یەکێکە لەو ناوچانەی زۆرترین پڕۆژە و شوێنی بەخێوکردنی مریشکی ھەیە، جیا لەوە ماوەیەکە ژمارەیەکی زۆری گوندنشینان گرنگی بە بەرھەمی ناوخۆیی و خۆماڵی وەک ھێلکە، شیر، ماست وە پەنیر دەدەن، بەتایبەتی پاش کردنەوەی کارگەی زۆم بۆ بەرھەمە شیرەمەنییەکان، بۆیە خواستێکی زۆر لەسەر بەرھەمەکانیان ھەیە.
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی مێرگەسۆر، گوتیشی: ٩٠ پڕۆژە لە سنوورەکە ھەن، بەرھەمی ئەو پڕۆژانە ساڵانە زیاتر لە شەش ھەزار تۆن گۆشتی سپییە و ٣٠%ی کۆی پێویستی پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دابین دەکات، لەگەڵ ئەوەی ھەناردەی ناوچەکانی عێراق دەکرێت.
مێرگەسۆر لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە و خاوەنی پێنج شارەدێیە، ئەوانیش بارزان، شێروان مەزن، گۆڕەتوو، مەزنێ و پیرانن، دەڤەرەکە زیاتر لە ٩٠ پڕۆژەی بەخێوکردنی پەلەوەری لێیە.
ڕائیب جادر – هە‌ولێر