رۆژنامەی ھەولێر

لەبارەی (وەرگێڕان)ـەوە

بژار حەکیم

مۆریس بلانشۆ:
وەرگێڕ نەک هەر نووسەرە، بەڵکوو نووسەرێکی دەگمەنیشە

پڕۆسەی وەرگێڕان یەکێک لە کارە هەرە دژوار و ئەستەمەکان، چونکە پێویستی بە لێزانی، کارامەیی و وردبینیی هەیە. ئەم کارە هێندە ئاڵۆز و هەستیارە، کە ئیتاڵیاییەکان دەڵێن:”وەرگێڕ خائینە”. هەستیاریی پرۆسەی وەرگێڕان کاتێ دەردەکەوێت، کە بەکردەوە دەست بکەیت بە وەرگێڕان. بۆ وەرگێڕان لەنێوان دوو زماندا، تەنیا ناسینی وشەکان بەس نییە، دەبێت هەستی وەرگێڕان لەگیانت دا هەبێت و بە ڕاهێنانی زیاتر خۆت ئەزمووندار بکەیت. دەبێ لە بواری ئەو بابەتەی وەرگێڕانی بۆ دەکەیت شارەزاییت هەبێت. وەرگێڕ ئەو کەسەیە زۆر سەلیقانە و شارەزایانە دوو زمانی جیاواز، واتە جگە لە زمانی خۆی، زمانی دووەمیش یان زیاتر بزانێت، واتە ھەم بە ھەردووکیان بێخەوش قسە بکات و بنووسێت. دەبێت بتوانێت وەرگێڕان بە ھەردوو زمانەکە بکات، دەبێت کەسی وەرگێڕ بە بەردەوامی گرنگی بەو زمانانە بدات، کە شارەزایی لێی هەیە.

وەرگێڕان بریتییە لە پڕۆسەی گۆڕینی دەقێکی نووسراو لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە، لە هەمان کاتدا پاراستنی مانا ڕەسەنەکەیەتی، کە نابێ لە کاتی وەرگێڕاندا لەدەست بدرێت. ئەم پرۆسەیە ڕێگە بە گواستنەوەی بیرۆکە و زانیاری دەدات، لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە، ئاسانکاری بۆ پێوەندی و ئاڵوگۆڕیی کولتووری لەنێوان کۆمەڵگە جیاوازەکاندا بکات. وەرگێڕان تەنیا گۆڕینی وشەکان نییە، وەرگێڕ دەبێت مانای ڕەسەنی دەقەکە بپارێزێت و دڵنیابێت لەوەی، کە پەیامی مەبەست بە زمانی ئامانج دەگاتە خوێنەر و بە ئەمانەتەوە وەرگێڕانەکە ئەنجام دەدات. وەرگێڕان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە دروستکردنی پێوەندیی نێوان کولتوورەکان و ئاسانکاری دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و بڵاوکراوەکان، کە بە زمانە جیاوازەکان نووسراون دەگەیێنێتە خوێنەر. پڕۆسەی وەرگێڕان دەتوانێت وەرگێڕانی کتێب، گوتار، هەواڵ، یان تەنانەت دەقی دەنگی (وەک ژێرنووسی فیلم) لەخۆبگرێت. بەگشتی وەرگێڕان پڕۆسەیەکە کە مرۆڤەکان دەتوانن بە زمانە جیاوازەکان پێوەندیی ڕاستەوخۆ و نا ڕاستەوخۆ لەگەڵ یەکدیدا ببەستن و ڕێگەیان پێدەدات لەو دەقانە تێبگەن، کە بە زمانانە جیاوازەکان نووسراون.
تیۆرەکانی وەرگێڕانی ئەدەبی هەمەچەشنن، وەک زمانەوانی، لێکدانەوە، نیشانەناسی، دەق، کارایی و ئەوانی دیکە. ئەم تیۆریانە ئامانجیان باشتر تێگەیشتنە لە پرۆسەی وەرگێڕان و لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانی لەسەر دەقە ئەدەبییەکان، کاریگەرییان لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردنی وەرگێڕ لەگەڵ دەقە سەرچاوەییەکاندا. وەرگێڕانی ئەدەبی بریتییە لە وەرگێڕانی بەرهەمە ئەدەبییەکان وەک ڕۆمان، شیعر، چیرۆک و شانۆنامە، بۆ زمانێکی دیکە، لە هەمانکاتدا پاراستنی تووخمە جوانکاری و هونەرییەکانی دەقی ڕەسەن لەبەرچاو دەگیرێت. ئەم وەرگێڕانە لە ئاڵوگۆڕیی وشە تێدەپەڕێت و پێویستی بە تێگەیشتنێکی قووڵە لە جیاوازیی کولتووریی و تەکنیکە ئەدەبییەکان.
خاڵێکی دیکە لە بابەتی وەرگێڕاندا پاراستنی تووخمە هونەریەکانە، وەرگێڕی ئەدەبی پێویستە شێواز، تۆن، ڕیتم و وێنەی دەربڕینی دەق بە سەلیقەوە بپارێزێت لەکاتی وەرگێڕاندا. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت کەسی وەرگێڕ تێگەیشتنێکی قووڵی کولتووریی هەبێت، تێبگات لە ڕەسەنایەتیی دەقەکە، کە لەنێو چ کولتوورێک دەیگوازێتەوە بۆ کامە کولتوور. لەم گوتارەدا دەمەوێ لەبارەی تیۆرە سەرەکییەکانی وەرگێڕانی دەقی ئەدەبیی بدوێم، چونکە تیۆری وەرگێڕان بناغەی تووندی پڕۆسەی وەرگێڕانەو وەرگێڕ دەبێت کاریان لەسەر بکات. یەکەم تیۆری زمانەوانییە، کە گرنگی بە وەرگێڕان دەدات وەک گواستنەوەیەکی زمانەوانی و پشت بە لێکۆڵینەوە لە پێکهاتە زمانەوانییەکان و فەرهەنگەکان دەبەستێت. بەسادەیی بەپێی تیۆری زمانەوانی، وەرگێڕ پشت بە جێگرتنەوەی یەکە زمانییەکانی دەقی زمانی سەرچاوە بە وشەی هاوتا لە زمانی ئامانجدا دەبەستێت، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی هۆکارەکانی پەیوەست بە کۆنتێکستی زمانەوانی یان ماناسازی بکات.
دووەمین تیۆری لێکدانەوەیە، کە تیشک دەخاتەسەر تێگەیشتن لەمانای وردی دەقی ڕەسەن و پشت بەلێکدانەوەی وردی دەقەکە دەبەستێت بۆ گەیاندنی مانای خۆی بە خوێنەر. لەم تیۆرەدا پرۆسەی وەرگێڕان لە سێ قۆناغی بنەڕەتی پێکهاتووە: تێگەیشتن لە دەق، وەرگێڕانی وشەکان بۆ زمانی ئامانج و دووبارە داڕشتنەوەی وەرگێڕان. سێیەم تیۆری نیشانەیی، تیشک دەخاتەسەر لێکۆڵینەوە لە نیشانە و ماناکانی ناو دەق و پشت بە تێگەیشتن لە واتا جیاوازەکان دەبەستێت، کە وشەکان هەڵیدەگرن. چوارەمین تیۆری دەقە، سەرنج دەخاتەسەر شیکردنەوەی دەقەکە بەگشتی و پشت بە لێکۆڵینەوە لە پێوەندیی نێوان بەشە جیاوازەکانی دەقەکە دەبەستێت.
پێنجەمین تیۆری کاراییە، تیشک دەخاتەسەر ئەرکی دەق لە چوارچێوەی کولتووری خۆیدا و پشت بەلێکۆڵینەوە لە ئامانجی پێوەندیی دەقەکە دەبەستێت. شەشەمیش تیۆری پرۆسەی وەرگێڕانە، کە سەرنج دەخاتەسەر خودی پرۆسەی وەرگێڕان و پشت بە لێکۆڵینەوە لەو قۆناغە جیاوازانە دەبەستێت، کە وەرگێڕ پێیدا تێدەپەڕێت. چونکە ئەم تیۆرانە یارمەتیی وەرگێڕ دەدەن باشتر لە سرووشت و بنەمای پرۆسەی وەرگێڕان تێبگات و ڕێنمایی دەکەن لە بڕیاردانی وەرگێڕانەوە، تیۆرەکان دەتوانن بۆ شیکردنەوەی کوالێتیی وەرگێڕان و دەستنیشانکردنی خاڵە بەهێز و لاوازەکانیان بەکاربهێنرێت.
وەرگێڕ لەکاتی وەرگێڕانی دەقێکی شیعریدا دەتوانێت تیۆری زمانەوانی بەکاربهێنێت بۆ شیکردنەوەی شێوازی زمانەوانیی دەقەکە، تیۆری لێکدانەوە بۆ تێگەیشتن لە مانای وردی شیعرەکە، تیۆری نیشانەناسی بۆ تێگەیشتن لەو واتا جیاوازانەی کە وشەکان هەڵیگرتوون، لەو کاتەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە، تیۆرەکانی وەرگێڕانی ئەدەبی چوارچێوەیەکی پتەون و یارمەتیی وەرگێڕ دەدەن کارەکەی بە سەرکەوتوویی بکات. خاڵێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە کە وەرگێڕ دەبێت ئەوە بە باشی هەزم بکات، وەرگێڕان گواستنەوەی زمانە لە شوێنێک بۆ شوێنێکی دیکە.