فازڵ میرانی
حوکمڕانی؛ بریتییە لە بەرنامەیەکی جێبەجێکار و ئەداتی کارکردن. با لە کێشە کارگێڕییەکانی نێوان بەغدا و هەولێرەوە دەست پێ بکەین و لایەنی سیاسیی حزبی وەلا بنێین (ئەمەش بێگومان ئەگەر وا دابنێین کە سیاسەت خۆی هۆکاری کێشەکان نییە).
بۆ بنبڕکردنی ئەم کێشانە لە ڕووی دەستووری، یاسایی و دەرهاویشتە کارگێڕی و داراییەکانەوە، پرسەکە پەیوەست نییە بە پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێوە، وەک ئەوەی وا وێنا بکرێت کە گۆڕینی کابینە مەرجی سەرەکیی چارەسەر بێت؛ چونکە ئەم تێڕوانینە هەڵەیە. بەڵکوو ڕاستییەكە ئەوەیە کە دەبێت بەرنامەیەکی “کردەیی” بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دابڕێژرێت، کە پشت بە ئامرازگەلێکی وا ببەستێت بتوانن ئەو بەرنامەیە جێبەجێ بکەن.
کەواتە، پرسەکە پەیوەندی بە ئاڕاستە و بەرنامەوە هەیە، نەک ئەوەی بە شێوەیەکی ئۆرگانی بە حکوومەتێکی نوێوە گرێ درابێت. جۆرە تێکەڵاوییەک لە تێگەیشتنی چەمکی (نوێ)دا لای زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان و جەماوەر هەیە؛ بە جۆرێک کە پێیان وایە هەر گۆڕانکارییەکی سیاسیی “نوێ” ڕاستەوخۆ بە واتای هێنانەدیی هەموو خواست و پێشبینییەکان دێت. ئەم تێڕوانینە ڕاست نییە و دروستیش نییە بیرکردنەوەی لەو شێوەیە بەردەوام بێت. ئەوەی لێرەدا زۆر گرنگە ئەوەیە: نابێت دەسەڵات ئاماژە بە بەڵێنی لەو شێوەیە بدات، ئەگەر لە بنەڕەتدا توانای جێبەجێکردنی بەرنامەکانی خۆی نەبێت.
لە مێژووی حوکمڕانیدا، حکوومەتگەلێکی وا هاتوونەتە کایەوە کە بە ئەنقەست کارەساتیان بۆ گەلانی خۆیان و گەلانی دیکەش هێناوە، لە بەرامبەریشدا چەند حکوومەتێکی وا هەبوون کە خزمەتیان کردووە و بناغەیان بۆ باشتربوونی ژیان داناوە. لێرەوە دەکرێت هاوکێشەکە بەم شێوەیە کورت بکەینەوە: بژاردەیەکی سیاسی یان سەربەخۆ، پێداویستییەکانی هەستانەوە و گەشەکردن دەستنیشان دەکەن، بەرنامەیەک لەگەڵ ئامرازەکانی جێبەجێکردنیدا ئامادە دەکەن، پاشان ئەنجامەکان دەبنە پێوەر بۆ بڕیاردان؛ ئەمەش یان لە ڕێگەی هۆشیاریی دەسەڵاتی حاکمەوە دەبێت کە ڕێڕەوەکە ڕاست بکاتەوە، یان لە ڕێگەی پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێوە.
لە پەیوەندی بە سەرەتای بابەتەکەوە، لەگەڵ چارەسەربوونی هەندێک لە کێشە هەڵپەسێردراوەکان و مانەوەی هەندێکی تریان، ئەو ڕەگەزەی کە ئێمە دەستی نیشان دەکەین بریتییە لە (ئاراستەوەرگرتن) و توانای سەرکەوتنی ئەو ئاراستەیەی لە دەسەڵاتە بڕیاربەدەستەکانەوە دەردەچێت. چونکە جیاوازییەکی ڕوون هەیە لەنێوان بەڵێن بە تەنیا قسە بێت، یان بە کردار جێبەجێ بکرێت. لەنێوان بەڵێن و بەڵێندەر و ئەو لایەنەشی کە بەڵێنی پێ دراوە، پرسێکی مەفسەڵی و چارەنووسساز هەیە: ئایا لایەنی پەیوەندیدار توانای جێبەجێکردنی هەیە؟ ئایا بەرنامەیەکی هەیە کە ئامرازی لێهاتووی لەبەردەست بێت؟ ئایا ئەمە ئاراستەیەکی ڕاستگۆیانەیە؟ ئایا پێویستی بە یارمەتی هەیە؟ ئایا هێزگەلێک هەن دژی بوەستنەوە کە بەرژەوەندییان لەوەدا نەبێت بەڵێنەکان جێبەجێ بکرێن؟ ئەمانە و چەندین پرسیاری بنەڕەتی تر، کە هەموو وەڵامەکانیان لە ناو (دەستوور)دان.
دواجار؛ هەر کەسێک بیەوێت لە ناوەڕۆک و لە شێوەدا نوێخواز، سوودبەخش و جیاواز بێت، دەبێت تەنیا بەڵێنی شتێک بدات کە لە توانایدا بێت جێبەجێی بکات. دەبێت ئەوەشی لە یاد بێت کە دەستوور و ئەزموونی حکوومەتەکان، کۆمەڵێک ئامرازی جێبەجێکردنی یاسایی و ڕێپێدراویان بۆ فەراهەم کردووە؛ بۆیە ئەگەر کەمتەرخەمییەک ڕوو بدات، دەبێت سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە ئامرازەکانیدا بکات. بەتایبەت کە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بەهۆی سەرپێچیکارانی دەستوورەوە دروست بوون، ئەمە مەحاڵ نین؛ مەگەر تەنیا بۆ کەسێکی دەستەوەستان، یان بۆ ئەوانەی ڕێگرن لەوەی دەستوور جێبەجێ بکرێت.
ئەمە ئەو بیرۆکەیەیە کە لە گوتاری سیاسیی ئێستادا پشتگوێ خراوە.

