نازەنین محێدین
مرۆڤ لە ھەموو سەردەمێکدا ئامرازێکی دروستکردووە بۆ ئەوەی ژیانی ئاسانتر بکات، لە ئاگر و چەرخەوە تا ئەنتەرنێت و زیرەکی دەستکرد، ھەموو ئەو گەشەپێدانە بۆ خزمەتکردنی مرۆڤ بووە. بەڵام مێژوو جارجارە ئەوەی سەلماندووە کە ھەندێک لە ئامرازەکان لە سنووری خزمەتگوزاری دەرچوون و کاریگەریان لەسەر بیرکردنەوەو شێوازی ژیان ھەبووە.
ئەمڕۆ سکرین، مۆبایل، ئایپاد، کۆمپیوتەر، وتەنانەت تەلەفزیۆن، بووەتە بەشێکی جیانەکراوەی ژیانی ڕۆژانەی خێزان. منداڵان پێش ئەوەی فێری خوێندنەوە ببن، فێری سەیرکردنی ڤیدیۆ و بەکار ھێنانی شاشە ئەلیکترۆنییەکان دەبن. ئەوەی جاران چیرۆکی شەوانەی دایک بوو، ئێستا یوتیوب و تیکتۆک جێی گرتووەتەوە. ئەوەی جاران یاری حەوشە و کۆڵان بوو، ئێستا یاری ئەلیکترۆنی و سکرینی بێکۆتا بووەتە جێگرەوەی.
لێرەدا پرسیارێکی قوڵ دروست دەبێت، ئایا ئێمە منداڵەکانەما بۆ ژیانی دیجیتاڵ ئامادە دەکەین، یان بە ھێواشی لە ژیانی ڕاستەقینە دووریان دەخەینەوە؟
منداڵ و جیهانی نوێی بێدەنگ
ئەگەر لە ماڵێکدا چاوت بە منداڵێک کەوت بە تەنھا لەبەردەم مۆبایلێکدا دانیشتووە، ڕەنگە وا ھەست بکەیت ئارامە، نەدەگری، نە یاری دەکات، و نە قسە دەکات. بەڵام لە ژێر ئەم بێدەنگییەدا جیھانێک لە گۆڕانکاری ڕوودەدات.
منداڵی ئەمڕۆ زۆر جار زیاتر لەگەڵ سکرین پەیوەندی دروست دەکات تا لەگەڵ مرۆڤ. بە ھەزاران ڤیدیۆ دەبینێت، بەڵام کەمتر گوێ لە چیرۆکی باپیر و دایکی دەگرێت. دەزانێت چۆن ئەپێک بەکار بھێنێت، بەڵام ڕەنگە نەتوانێت ھەستەکانی بە ووشە دەرببڕێت.
ئەوە مەترسییەکی بێدەنگە؛ چونکە منداڵ بە ھێواشی لە جیھانی ھەست و گفتوگۆ و خەیاڵ دوور دەکەوێتەوە و دەچێتە ناو جیھانێکی خێرا و ڕووناک و پڕ لە دەنگە دەنگـ، بەڵام بەتاڵ لە گەرمی مرۆڤایەتی!
کاتێک سکرین جێگەی باوەشی دایک دەگرێتەوە!
لە ڕۆژگاری ئەمرۆدا لە زۆرێک لە خێزانەکاندا، مۆبایل بووتە ئامرازی ئارامکردنەوەی منداڵ، مۆبایل دەدرێتە دەستی، و کاتێک بێزارە ڤیدیۆی بۆ نمایش دەکرێت. بە ھێواشی منداڵ فێر دەبێت ھەموو کێشەکانی خۆی بە سکرین چارەسەر بکات.
بەڵام ئەو منداڵەی کە ھەموو کاتێک بە مۆبلایل ئارام دەکرێتەوە، چۆن فێری ئارامکردنەوەی خۆی دەبێت لە داھاتوودا؟ ئەو منداڵەی کە ھەموو بێزارییەکانی خۆی بە سەیرکردنی ڤیدیۆیەک پڕدەکاتەوە، چۆن فێری بیر کردنەوەو خەیاڵ دەبێت؟
کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان
پسپۆرانی دەروونناسی و پەروەردەیی ھۆشداری دەدەن لە زۆر بەکار ھێنانی سکرین لە تەمەنی منداڵیدا کە دەشێت کاریگەری ھەبێت لەسەر:
– سەرنج وتەرکیزکردنی منداڵ
– ناڕێکی خەو
– زمان و گفتوگۆ
– ئارامگری
-پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
منداڵێک کە زۆر کات لەگەڵ مۆبایل بەسەر دەبات، بە ھێواشی پەیوەست دەبێت بە دەنگ و وێنەی خێرا، بۆیە کاتێک تێکەڵ بە جیهانی ڕاستەقینە دەبێت، تووشی بێزاری دەبێت؛ چونکە ژیانی ڕاستەقینە وەک سکرین خێرا نیە بۆی!
لە ھەمان کاتدا، زۆر مانەوە لەبەرامبەر سکرین کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەنییە خێزانییەکانیش دروست دەکات. زۆر جار ھەموو ئەندامانی خێزان لەیەک ژووردا دادەنیشن، بەڵام ھەریەکەیان بە جیا لە جیھانی مۆبایلەکەی خۆیدا کاتەکانی دەگوزەرێنێت. لەم کاتەدا نزیکی جەستەیی ھەیە، بەڵام دوورییەکی دەروونی لە نێوانیان ھەیە!
تەکنەلۆژیا: مەترسی یان پێویستی؟
ڕاستییەکە ئەوەیە ناتوانین تەکنەلۆژیا قەدەغە بکەین، چونکە ئاشکرایە کە جیھانی ئەمڕۆ بێ ئینتەرنێت و بێ ئامرازە دیجیتاڵییەکان ناگوزەرێت. تەکنەلۆژیا دەتوانێت دەرگای زانست و فێربوون و داھێنان بکاتەوە بەڕووی منداڵەکاندا. بەڵام کێشەکە لە خودی تەکنەلۆژیا نیە؛ کێشەکە لە شێوازی بەکارھێنانیەتی.
ئەگەر سکرین ھەموو ژیانی ڕۆژانە داگیربکات، ئەوا منداڵ ھەست بە بێزاری دەکات لە جیھانی ڕاستەقینە. بەڵام گەر بەشێوەیەکی ھاوسەنگ بەکار بھێندرێت، دەتوانێت ئامرازێکی باش بێت بۆ گەشە پێدان و پێگەیاندنی مناڵەکانمان.
چارەسەر چیە؟
چارەسەر لە قەدەغەکردنی تەکنەلۆژیادا نیە، بەڵکو چارەسەر لە دروستکردنی ھاوسەنگیدا ھەیە.
خێزان دەتوانێت، کاتی تایبەت بۆ بەکارھێنانی مۆبایل دیاری بکات، کاتی گفتوگۆی خێزانی زیاتر بکات، منداڵ ھان بدات بۆ خوێندنەوە، یاری و چالاکی وەرزشی زیاتر بکا، ھەروەھا خێزان خۆیان نمونەی باش بن لە بەکارھێنانی تەکنەلۆژیا چونکە منداڵ زیاتر لە کردار فێر دەبێت تا ووشە و ئامۆژگاری.
مەترسی گەورە ئەوە نیە منداڵ مۆبایل بەکار بھێنێت، مەترسی ئەوەیە بگاتە ئاستێک نەتوانێت ڕۆژێک بێ مۆبایل بگوزەرێنێت، مرۆڤ لە بنەرەتدا بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، و بە گفتوگۆو نزیکی گەورە دەبێت و پێدەگات، نەوەک تەنھا شاشەو سکرین! گەر ئێستا نەتووانین ھاوسەنگی لە نێوان تەکنەلۆژیاو مرۆڤایەتی دروست بکەین، ڕەنگە داھاتوویەکی تەنیا و تاریک چاوەڕێمان بکات!

