عومەر چنگیانی
لەم ڕۆژانەدا نووسینێكی جوانی بەڕێزێكم لە سەربابەتی پیرۆزیەتیی زمان خوێندەوە و تێچێنێكم بۆ نووسی كە من دەمێكە شتم لەسەر ئەو بابەتە نووسیوە، كە نزیكترینیان گوڵخەرمانی ٣٨٨مان بوو لە ژێر سەردیڕی (شتێك لەسەر بەپیرۆزدانانی زمانی عەرەبی) و لێرەدا بۆ ئەو بەڕێزە و زۆری دیكە دەیكەمەوە توێشووی گوڵخەرمانی ئیمڕۆمان، كە ئەو كات نووسیومە؛ سەعات پێنجی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ١٦/٩/٢٠٢٤ میوانی بەرنامەیەکی ڕادیۆی ڕووداو بووم کە سەرلەبەری باسەکە گەنگەشە بوو لە بارەی پیرۆزیەتیی زمانی عەرەبی، یان ناپیرۆزیەتیی هیچ زمانێک؛ وێڕای بەرنامەکە پێم خۆشە خەلەکی ئەمجارەی گوڵخەرمانەکەم بیرهێنانەوەی زنجیرەی حەوتی ئەم ستوونە بێت کە کاتی خۆی لە لاپەڕە ٩ـی ڕۆژنامەی هەولێری ژمارە ٢٢٧٢، لە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٩/١٢/٢٠١٥ـدا بڵاو كراوەتەوە.کە ئەوکات گوتوومە: (گەرچی قسه‌کردن له زمان و پیرۆزکردنی، هێنده‌ی بابه‌تێکی زانستییه نیوهێنده ڕامیاری و ئایینی نییه، بەڵام چونكە کراوه‌ته پرسێکی سیاسی و ئایینی و، چه‌ندین ساڵه ئێمه بهدهستیەوە ناڵاندوومانه و ده‌ناڵێنین، بە ئەركی دەزانم ئەم بابەتەی لەسەر بنووسم و بپرسم: ئاخۆ زمانی عه‌ره‌بی له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگار و ئایینهکهیەوە هیچ جۆره پیرۆزییەکی هەیە و، ئەوبەر و جیاوازه له زمانه‌کانی تر؟ بۆ سه‌لماندنی ڕاستی یان ناڕاستیی بابه‌تی له‌م جۆره ده‌گه‌ڕێمه‌وه بۆ سه‌رچاوه‌کانی ئایین که ده‌قه‌کانی قورئانی پڕ لە بەخشش و فهرموودەكانی پێغه‌مبه‌رە دروود و سڵاوی خوای لێ بێت؛ ئاخۆ هیچیان لەو بارەوە گوتووە؟
دوای بەدوداچوونی ورد، بۆمان بەدیار دەكەوێت كە هیچ ئایه‌تێک نه درێژ و نه کورت، له قورئاندا نه‌هاتووه که به‌ڵگه بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی زمانی عه‌ره‌بی یا خود ڕه‌گه‌زی عه‌ره‌ب باڵا و پیرۆزترن له‌ڕه‌گه‌ز و زمانی تر؛ هیچ فه‌رمووده‌یه‌کی پێغه‌مبه‌رمان نییە دروود و سڵاوی خوای لێ بێت که ئاماژه بێت له‌سه‌ر پیرۆزیی زمانی عه‌ره‌بی، به‌ڵام ناشاره‌زایی خوێنده‌وارانی ئێمه له زمانی عه‌ره‌بی تووشی به‌هه‌ڵه‌تێگه‌یشتن ده‌بن له فه‌رمایشت و ده‌قی ئایەتەكانی قورئان، خوای گه‌وره لە ١١٠هەمین ئایەتی سوورەتی “ئالیعیمران”ـدا ده‌فه‌رمێت:
”ئێوه گه‌ر فەرمان بكەن به چاکه و ڕێنمایی خەڵك بكەن بۆ دووركەوتنەوە لە خراپە و، باوه‌ڕتان به‌خوا هه‌بێت، باشترین خه‌ڵکن.”
دەبینین ئه‌مه سیفه‌تی نه‌ته‌وه و قه‌وم و زمانی تێدا نییه؛ بەڵكو هه‌موو خه‌ڵکێک ده‌گرێته‌وه گه‌ر ئه‌و شتانه بکه‌ن که له ئایه‌ته‌که‌دا باسی هاتووه، بۆیه ئه‌م سیفه‌تانه‌ی سه‌ره‌وه له هه‌ر مرۆڤێکدا هه‌بێ، پیرۆزی ده‌کا؛ جا زمان و نه‌ته‌وه‌که‌ی ههرچییەکیش بێت، فەرق ناکا، که‌واته ئه‌مه هه‌رگیزاوهه‌رگیز پیاهه‌ڵدان نییه نه بۆ عەره‌ب و نه بۆ زمانه‌که‌ی.
لە قورئانی پڕ لە بەخششدا وشه‌ی (عەره‌ب) به هه‌موو داڕشتنەكانیەوە “عربی، عربیا، اعراب”، ته‌نیا “بیستویەك” جار هاتووه، له‌م بیستویەك جارەیشدا، ١٠ جاریان بە (الاعراب) و له ١٠ شوێن زیاتریشدا نه‌ک بە عەرەبدا هه‌ڵنادات، زهمیشیان ده‌کات.
وشه‌ی (الاعراب)ـیش کۆکراوه‌ی وشه‌ی عه‌ره‌به و، زیاتر بۆ ئه‌و خێڵەكی و گوند و دەوارنشینانە بەكار دێت كە لە دوورەشاردانە و، دوورن لە شارستانيەتەوە و، مەرجیش نییە مەبەست پێی هەر دەوارنشین یان لادێییەکی عەرەب بێت. لە ١٠٣هەمین ئایەتی سوورەتی “نەحل”ـدا خوای گهورهباسمان لەوە بۆ دەكات كە چۆن قوره‌یش پێغه‌مبه‌ریان به‌وه تۆمه‌تبار ده‌کرد که (ڕه‌حمان)ناوێکی یه‌مه‌نی و جووله‌که له فارسه‌کانی یه‌مه‌ن بوو، گوایه محەمەد، فێرهقورئان ده‌کات، قورئان هات وه‌ڵامی دانه‌وه که ئه‌و که‌سه‌ی ئێوه گومانی لێ دەکه‌ن، بێگانه‌یە؛ خۆ ئه‌و زمانه‌ی قورئانی پێ دابه‌زیوه عه‌ره‌بییه و ئێوه تێیده‌گه‌ن.
کە وشەی “م‌بین”ـیشی بەكار هێنا، ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له زمانه‌که ده‌گه‌ن.
باشە، ئه‌گه‌ر ئه‌م به پیرۆززانینه نە له قورئاندا هەیە و نە لە فه‌رمایشته‌کانی پێغه‌مبه‌ردا دروود و سڵاوی خوای لێ بێ و، جێی نابێته‌وه، بۆچی عه‌ره‌ب ئاوەها ڕۆحی خۆیانیان پێ گەورەیە و، خۆیان به زل و گه‌وره دەزانن لە چاو گه‌لانی ناعه‌ره‌بدا؟
ئایا ئایینه‌که خۆی بۆیانی دروست کرد، یاخود خه‌ڵکه‌که له ساده‌یی خۆیان ئه‌م حاڵه‌ته‌یان هێنایه کایه‌وه؟
باشە، بڵێی پێغه‌مبه‌ر فه‌رمووبێتی عه‌ره‌بتان خۆش بوێت، چونکه هەم من عەرەبم و، هەم قورئان و زمانی ئه‌هلی به‌هه‌شتیش عه‌ره‌بییە!
بۆچی وای لێ هات؟
چونكە زۆر بەداخەوە زۆرێك لە مەلا و، تەنانەت دوانزەعیلمە، به‌تایبه‌ت له‌م کوردستانەی خۆیشماندا ڕۆڵێکی نێگه‌تیڤ له‌م بواره‌وه دەبینن!
یه‌کێک له‌و ده‌قانه‌ی هه‌موو مه‌لایه‌کی کورد ـ که ده‌ڵێم هه‌موو مه‌لایه‌ک مه‌به‌ستمه بڵێم مامۆستایه‌کی گه‌وره‌ی وه‌کو “مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمی مده‌ڕیس”یش به‌و هه‌موو زانستهوە، به‌هه‌ڵه تێی که‌وتووه ـ پێتی دهڵێنەوە، ئەمەیە: گوایە پێغه‌مبه‌ر دروود و سڵاوی خوای لێ بێت، فه‌رموویه‌تی: “احبوا العرب لثلاث، لأنی عربی، والقرآن عربی، ولسان اهل الجنة عربی.”
گوایە فه‌رموویه‌تی: “عه‌ره‌بتان له‌به‌ر سێ شت خۆش بوێ؛ چونکه من عه‌ره‌بم و قورئان به عه‌ره‌بییه و زمانی خه‌ڵکی به‌هه‌شتیش هەر عه‌ره‌بییه”!
خه‌ڵکێکی ساده نازانێ داخوا ئه‌و زڕفەرموودەیەی هەڵبەستراوە بە دەم پێغه‌مبه‌رەوە دروود و سڵاوی خوای لێ بێت، پلەی ڕاست و ناڕاستی چه‌نده؟!
له زانسته ئیسلامییه‌کاندا زانستێک هه‌یه پێی ده‌گوترێ (علوم الحدیث)، ئه‌م زانسته له‌و فه‌رموودانه دهکۆڵێتەوە، لە زاری پێغه‌مبه‌رەوە دەیگێڕنەوە دروود و سڵاوی خوای لێ بێت؛ جا بە گوێرە و پێوەری ئەو زانستە دەزانن کامە فەرموودە ڕاستە و، کامەیان زڕە؛ سه‌یر ئه‌وه‌یه لەو تاکهکهسانەی که له‌و بواره‌دا، یا له‌و زانسته سه‌رکه‌وتوو بووبێت و کتێبی لێ دانابێت (ئیبنسهلاحی شاره‌زووری)ـیه؛ دوایی زانایه‌کی تر هات که به “حافز عێراقی” ناوبانگی دەرکردبوو، ئەویش خه‌ڵکی ڕازیانه بوو، به‌پێی ئه‌و زانسته (علوم حدیث) که له‌و بە ناو فه‌رمووده‌یە دەکۆڵینەوە، هیچ بنه‌مایه‌کی ڕاست و دروستی نییە و، هه‌ر فه‌رمووده نییە.)

